لە کۆمەڵگە بابسالاری و ئایینەکان ڕوانگەی عەقڵی کۆ پتر لەپێکھاتەی بایۆلۆژی ژنەوە سەرچاوەدەگریت، ئەم شێوە ڕوانینەش لەوەوە سەرچاوەی گرت کاتێک جیاوازییە بایلۆژیەکان کرانە بنەما و ھۆکاری جیاوازی کۆمەڵاتی، واتە دابەشکردنی کار، ڕۆڵ، پێگە و دەستنیشانکردنی مافەکان لە نێوان ژن و پیاودا لە قۆناغە بەراییەکانی مرۆڤایەتی و بەسترانەوە بەجۆر و ڕۆڵی بایۆلۆژی. ئەمە بووە سەرچاوەیەک بۆ ھاتنەکایەی بابەت و پرسی جیاوازی ڕەگەزی.
جیاوازی ڕەگەزی بەو واتەیە نزیک دەبێتەوە لە چەمکی جیاوازی کۆمەڵایەتی، کەبریتیە لە جیاوازی نێر و مێ، بەھۆی ستەمی باڵادەستی ڕەگەزێک و پەسندکردنی تاک ڕەچەڵەکی بەسەر ڕەگەزەکەی تر، کە ژنە سەری ھەڵداوە. بەدەر لەمەش جیاوازی لەسەر بنەمای ڕەگەز سەرەڕای ھۆکارە بایۆلۆژیەکان، بەرھەمی کۆمەڵگەو بارودۆخێکی دیاریکراوە،پاڵپشت بە جیاوازیە کولتووریەکان کە ئەزموونێکی مرۆیی دوور و درێژی ھەیە،وای کردووە ڕەگەزێک لەبەرانبەر رەگەزێکی دیدا لەزۆرێک ئەرک و ماف بێبەشبێت.
ڕاستیەکەی ئەو کەلەپوورەی حوکمی نێر و مێ دەکات کەلەپورێکی دواکەوتووە و دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی ھێزی جەستەیی،دەنا ئەوی پێی وابێت پیاو لە ژن باڵاترە ئەوە ھێشتا لەئەفسانە تەمەن درێژەکانی سیستەمی بابسالاری دەربازی نەبووە. ھەڵبەتە لێرەدا نابێت ڕۆڵی ئایینە ئاسمانی و زەوینیەکان لە پشتگرتن و ڕەوایەتی دان بە سیستەمی بابسالاری لەبیر بکەین کە بەردەوام ڕۆل و شوێنی ژنیان لە زۆربەی بوارەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەیوەندیە فەرھەنگی و سایکۆلۆژی و کولتوریەکانی ئەو کۆمەڵگەیەی کەژن تێیدا دەژێت بە بەراورد بە پیاو تەواو نادیدە دەگرێت، و نکۆڵی دەکات لەوەی ژن وەک مرۆڤێکی پێگەیشتوو و سەربەخۆ، یەکسان و ھاوبەش تەماشای بکرێت،ڕۆڵی ژن لە و کۆمەڵگەیانەدا پارێزەریەتیە لە چەمکە باوەکانی ناو ئەو کۆمەڵگەیە وەک (ناموس و شەڕەف)
مێژووی ئەو ئەفسانەیەش کە گوایە پیاو لەژن باڵاترە، ھەر بۆسەر ھەڵدانی سیستەمی بابسالاری دەگەڕێتەوە. بەگوێرەی لێکدانەوەی ئەنترۆپلۆگەکان، ئەگەر ھەشت ھە زار ساڵێک بێت، بابسالاری سەری ھەڵدابێت، لە پێش ئەو وەرچەرخانەدا، نزیکەی دووسەد ھەزار ساڵێک، ژن وپیاو لە ماف و ئەرکدا یەکسان و ھاوبەش بوون. فرێدریک ئێنگلس لەکتێبی (ڕەچەڵەکی خێزان و موڵکی تایبەت و دەوڵەت)دا، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت چەوساندنەوەی ژن و بابسالاری ھاوکات لەگەڵ سەر ھەڵدانی کۆمەڵگەی چینایەتی پەیدابوون(٢) ھەروا لە بن سایەی سیستەمی کەپیتاڵیزمیشدا،بنیاتی ڕەگەزی ژن لەجەستەیدا کورتکراوەتەوە و وەکو بەروبوم چاوی لێ دەکرێ ئەوی گرنگە توێکڵەکەیەتی دەنا کاکڵەکەی ھەر بۆ توڕھەڵدانە، و ژن تەنێ بۆ بۆئەوە باشە منداڵی ببێت بۆئەوەی وەچە بۆ چەرخاندی مەکینەو کارگەکانی بخاتەوە،
مارکس پێیوایە ژێردەستەیی و پاشکۆیی ژن لەسروشت و پێکھاتە بایۆلۆژیەکەی سەرچاوەناگرێت کە نەگۆڕن، بەڵکو ئەو میکانیزمە کۆمەڵایەتییەیە کە مێژوو و پێشینەیەکی ئاشکراو و دیاریان ھەیە و شیاوی گۆڕانن(٢) کەواتە جیاوازیە بایۆلۆژیەکان جیاوازی سروشتین واتەی ئەوە ناگەیەنن کە پیاو لە ژن باڵاترە و نابێت بکرێنە بنەمایەک بۆ درووستکردنی جیاوازی لەنێوان نێر و مێ لەژیانی کۆمەڵایەتیدا و ئەگەر جیاوازی رەگەزی بەرھە می بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی بێت،ئەوەدەبیت گۆڕانی بەسەردابێت و لێرەوە چەمکێکی دی دێتە پێش ئەویش بریتیە لە یەکسانی ڕەگەزی، واتە ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ نێر و مێ لەڕاپەڕاندنە کۆمەڵایەتیەکان و پێشڤەچوونی کۆمەڵگە ئەم یەکسانیەش بەتەنێ بریتی نەبێت لە (لێکچوون) بەلکو وەک بەھا و، ڕێزگرتن و، بە واتەیەک دادگەری یەکسانی ھە بێت لەنێوان ھەردوو ڕەگەز.
سەرچاوەکان:
١-حەمە سەعید حەسەن، مێ لەسایەی ستەمدا، چاپخانەی موکریانی،ھەولێر، ل ٦٩
٢-نەسرین حەسەن، من و تۆ یەکسانین،چاپخانەی رۆژھەلات، ھەولێر، ٢٠١٠ ل١٨
_____________________________________________________
ئومێد قەرەنی