بورھان شێخ ڕەئوف
لە دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکی تر پێگەی ویکیلیکس گۆمی مەنگی ناوچەکەی شەڵەقاند ھەزاران دۆکۆمێنت و بەڵگەی گرنگی پارتی دادو گەشەی فەرمانڕەوای تورکیای بڵاوکردەوە کە گەلێکیان پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ھەیە بۆیە بە پێویستم زانی قسەوباسێک لە سەر ئەو ڕێکخراوەو پێکھاتەو ئامانج وبەڕێوەبەرانی بکەم .
ویکیلیکس ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی قازانج نەویستە کە ھەواڵ و زانیاری و ڕاپۆرتی تایبەت و نھێنی بڵاو دەکاتەوە لە میدیاکاندا لە سەرچاوەی نھێنی و نەناسراوەو و دزە بە ھەواڵەکان دەکات .
لە ٤ ی ئوکتۆبەری ٢٠٠٦ بۆ یەکەمجار پێگەی ویکیلیکس ( wikileaks. org) تۆمارکرا بە شێوەیەکی فراوان , وە لە مانگی دیسەمبەری ھەمان ساڵدا یەکەم دۆکۆمینتی بڵاوکردەوە ھەروەھا ڕایانگەیاند کە وا دامەزرێنەرەکانی پێکھاتوون لە ھەندێک چالاکوانی چینی و ڕۆژنامەنووسان و وەرزشکاران و تەکنیکارانی سەرەتایی ھەندێک کۆمپانیای ئەمریکی و تایوان وئەوروپاو و ئوسترالیاو باشووری ئەفریقیا .دامەزرێنەرانی ویکیلیکس ناسراو نەبوون بە فەرمی تاوەکو لە یەنایەری ٢٠٠٧ جولیان ئسانج و ئەوانەی لە گەڵیدابوون خۆی ناساند وەکو ئەندامی ئەنجوومەتی ڕاوێژکاری ویکیلیکس دواتر ڕاپۆرتە ھەواڵیەکان لە ئوسترالیاوە باسیان لەوەکرد کە جۆلیان ئسانجی ئوسترالی دامەزرێنەری ویکیلیکسە ھەروەکو یەکێک لە خۆبەخشەکانی ویکیلیکس بە گۆڤاری وایردی ڕاگەیاندبوو کە جولیان ئسانج لە یەکێک لە دانیشتنە تایبەتیەکاندا وتوویەتی کە ئەو دامەزرێنەرو و سەرنووسەرو گیان و دڵ و وتەبێژو فەیلەسوف و پلان داڕێژەرو سپۆنسەر و ڕێکخەرو ھەموو شتێکی ویکیلیکسە, ھەروەھا پێگەکەیان تاوەکو یۆنیۆی ٢٠٠٩زیاتر لە ١٢٠٠ خۆبەخشی تۆمارکراو وجۆلیان ئسانج و ھەشت کەسی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری پێکھاتبوون .
ئامانج لە دامەزراندنی ویکیلیکس :
ویکیلیکس ڕایگەیاند کە ئەوان ئامانج و ئەرکی سەرەکیان ئابڕوو بردنی ڕژێمە دکتاتۆرو زۆردارەکانە لە ئاسیاو و بلۆکی سۆسیالیستی سۆڤیتی جاران لە ڕۆژھەڵاتی ئەوروپاو وڵاتانی بیابانی باشوور و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست , بۆیە پێشبینی دەکرا کە ئەم پێگەو ڕێکخراوە کۆمەک و پشتیوانی گەورەو گرنگی لێبکرێت لە لایەن زۆر کەس و تاقمی ترەوە بۆ ئابڕوبردنی ھەموو ئەو کۆمپانیاو حکومەتانەی کە ڕەفتاری نابەجێ و نەشیاو و دوور لە ڕەوشت ئەنجام دەدەن .
ھەر ئەوەش بوو وایکرد لە یەنایری ٢٠٠٧ دا ببنە خاوەنی زیاتر لە ١.٢ ملیۆن دۆکۆمینتی دزەپێکراو و ئامادە بۆ بڵاوکرنەوە .
سەرچاوەی دارایی ویکیلیکس :
ویکیلیکس بەوە ناسراوە کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستەو پشت بە کۆمەک و یارمەتی خەڵک وڕێکخراوەکان دەبەستێت کە لە ڕێگەی بانکەکان و حسابی ئەنترنێتەوە دەبێت ھەروەکو دامەزراوەی واوی ھۆڵەندی ڕایگەیاند کە یەکێکە لە کەناڵە بە ھێزەکانی کۆمەکی ویکیلیکس کەوا ھەرلە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٩ ەوە تاوەکو دیسەمبەری ٢٠١٠ زیاتر لە ٩٠٠ ھەزار یۆرۆ ی ئەوروپی کۆمەکیان پێگەیشتووە کە زیاتر لە ٣٧٠ ھەزاری بۆ ویکیلیکس بوو ھەروەھا ئەوەشی نەشاردۆتەوە کە لە دوای بڵاوکردنەوەی ھەر دۆکۆمینتێک یەک شەپۆلی گەورەی کۆمەک دەبارێتە سەر ویکیلیکس زۆرترینیان کاتێک بوو کە دۆکۆمینتەکانی دیبلۆماسی نھێنی ئەمریکا بڵاوکرایەوە .
ڕێکخستنی کارگێڕی :
تیمی بەڕێوەبردنی ویکیلیکس لە ٢٠١٠ پێکھاتبوو لە پێنج کەس کە بەردەوام لە کاردابوون و نزیکە ٨٠٠ کەسی تری خۆبەخش بە نیمچە دەوام بە بێ وەرگرتنی ھیچ کۆمەک وپاداشتێک , ھەوروەھا ویکیلیکس سەنتەرو بارەگای فەرمی نیە خەرجی ساڵانەی ویکیلیکس نزیکە ٢٠٠ ھەزار ئۆرۆیە ئەویش بۆ خەرجیخزمەتگوزاری ئەنتەرنێت و بیرۆکراسی کارگێڕیە وە ئەو خەرجیانە دەگاتە ٦٠٠ ھەزار یۆرۆیش ئەگەر مووچەی خۆبەخشەکان دابین بکرێت و پێویستە ئەوەش بڵێین کە کرێ ی پارێزەریش نادرێت ھەمووی خۆبەخشانەیە .
ھەروەھا زۆر خەڵات و کۆمەکی تر پێشکەش بە ویکیلیکس کراوە لە لایەن ئاژانشی ئاسۆشیتدپریس و لوس ئەنجلس تایمز و زۆر شوێنی تریش .
باری یاسایی ویکیلیکس :
ویکیلیکس لە بارێکی یاسایی زۆر ئاڵۆزدایە جولیان ئسانج لەو بڕوایەدایە کە ئەوان ڕۆڵی قەڵغان دەبینن بۆ ئەوانەی کە ھەواڵ و سەرپێچیەکان دەدرکێنن و لە جیاتی ئەوەی خۆیان بخەنە بەر لێپرسینەوە و تۆڵەکردنەوە ئەوا ئەمان لە ویکیلیکس ھەواڵەکە بڵاوپەخش دەکەنەوە لە ڕێگەی پەیامنێرەکانیانەوە و لە ڕێگەی وێب و ئیمێڵەکانەوە کە لە ژێر ھیچ چاودێریەکدا نیە ھەووەھا دەڵێت کە بارەگای ئەو کۆمەڵە لە سویدە چونکە یاساکانی ئەو وڵاتە باشترین پارێزگاری لە سەرچاوەکانی ھەواڵ دەکەن .
ئەگەری لێپێچینەوەی یاسایی لە ویکیلیکس :
وەزارەتی دادی ئەمریکا دۆسییەکی لێکۆڵینەوەی لە سەر ویکیلیکس و دامەزرێنەرەکەی جولیان ئسانج کردەوە لە دوای دزە پێکردنی ھەواڵی دیبلۆماسی ئەو وڵاتە .
لەلایەکی ترەوە حکومەت و پۆلیسی فیدراڵی ئوسترالیاش نەیانتوانی ئەوە بسەلمێنن کە ویکیلیکس یاسای ئەو وڵاتەی پێشێل کردووە .
لە سویدیش دۆسییەکی لێکۆڵینەوەیان لە سەر جۆلیان ئسانج وەکو ڕێکخەری گشتی ویکیلیکس کردەوە بە تۆمەتی دەستدرێژی سیکسی بەڵام ئەو ھەموو ئەوانەی بە درۆ خستەوەو وتی ئەوە بە ئارەزووی خۆیان بووە زیاتر وتی ھەموو ئەوانە ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە و ھەوڵێکە بۆ لەکەدارکردنم ھەرچەندە دواتر بەھۆی تێپەڕبوونی کاتەوە ئەو دۆسیە خۆی دادەخرێت .
شایانی وتنە جولیان ئسانج داوای مافی پەنابەری لە وڵاتی ئیکوادۆر کردووە لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە مافی پەنابەری وەرگرتووەو لە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا .
بەدەر لە ھەموو ئەمانە جولیان ئسانج لەلایەن زۆرێک لە ھەواداران و خۆشەویستانیەوە بە یەکێک لە لێکۆڵەرە تێکۆشەرەکان دادەنرێت کە عەوداڵی گەیشتنە بە ڕاستی و ھەوڵی ئابڕووبردنی گەندەڵکاران دەدا بە ھەموو ھێزوو توانای خۆیەوە کە ژیانی خۆی بۆ تەرخانکردووە بەڵگەش ئەوەیە کە لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە لە باڵوێزخانەی ئوکوادۆرە لە بەریتانیا ناتوانێت بچێتە دەرەوە ,لە لایەکی ترەوە نەیارانی تۆمەتباری دەکەن بە کەسێک کە حەزی لەخۆ دەرخستن وناوبانگە و ژیانی خەڵکانی تر دەخاتە مەترسیەوە .لە ڕێگەی پەخش کردنی ئەو ھەموو ھەواڵ و وێنانەوە ھەرچەندە جولیان ئەوەی ڕاگەیاندوو ئەو بە خۆی پێداگری دەکات لە ڕاستی و دروستی ھەواڵەکان ئنجا بڵاو دەکرێتەوە .
ھەروەھا ئسانج بەوە ناسراوە لەلایەن ئەوانەی کە کاری لە گەڵدا دەکەن زۆر دڵسۆز و چالاکە گەلێک زیرەکە وخاوەنی توانایەکی بێسنورە لە کردنەوەی شفرەو بەرنامەکانی کۆمپیوتەر .
ماوەتەوە ئەوەی بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئیتر لە دوای ھەموو ئەو پێشکەوتنانەی زانست و تکنلۆجیا لە جیھانی پەیوەندییەکان سەرەڕای بوونی دەیان دەزگای ھەواڵگری و سەرکوتکەرو سوپاوپۆلیسی ئاشکراو نھێنی و چەکی ئەتۆمی و کۆکوژ , بوونی دادگاو دام و دەزگاکانی نەزاھەو دەستپاکی و پەرلەمان و چاودێری دارایی و بازرگانی ئیتر ھیچ حکومەت و حزب و کۆمپانیا یەکیش ناتوانن یاری بە موقەدەراتی میللەتان بکەن و بەڵکو زوو یان درەنگ پەردە لە ڕووی ھەموو ڕاستیەکان ھەڵدەماڵرێن و پێشبینی دەکەم لە داھاتوودا نەک ویکیلیکسێک بەڵکو سەدانی تر سەرھەڵبدەن و ئایندەی زۆر وڵات و حزب و کۆمپانیا دیاری بکەن .