حەیدەر عەبدولڕەحمان : ئەوەندەی فیستیڤاڵی سینەمایی لە ھەولێر ساز دەکرێت , نیو ئەوەندە فیستیڤاڵ لە ھۆلیۆد ئەنجام نادرێت ! ئەوەتا گەورەترین وڵاتی سینەما ساڵێ جارێک فیستیڤاڵ دەگێڕێت , ئەمە وای کردووە فیستیڤاڵ سەنگ و نرخ و بەھایێکی گەورەی خۆی ھەبێت و وەک لای ئێمە نەبێتە کەرەستەیەکی دەڵاڵ خانە و مەزاتی پێ بکرێت و کەسانێکی نامۆ بە سینەمای لە پاڵدا پێ شاباش بکرێت .. سینەما لای ئێمە ئەوەندە سووکایەتی پێ دەکرێت , ئەو پیشەسازییە زەبەللاحە کە کەم لە وڵاتانی جیھان دەرەقەتی دێن , ببێتە پیشەسازییەک لە رنینی کەنگرو تۆرکە سانا تربێت و ئەوەی بێ و چڕنۆکی لێ بگرێت , پاشان لە بەد بەختی سینەما ھەموو ھونەرەکانی دیکەی وەک شێوەکاری و موزیک و ئەدەبی و کولتوورییەکان پەراوێز کراون و کەم بیستوومە لە نێو ئەو ھەموو داھێنانن و پێشکەوتنە دیارانەی بوارە ھونەرییەکانی دیکەدا چەند ساڵ جارێک نیمچە فیستیڤاڵێکییان بۆ ئەنجام بدرێت ! کەچی چڕنۆک گرتنەکە ھەر لە سینەمایە , وەک ئەوەی ئێمە ئەوەندە دەوڵەمەندو تەژی بین لەو ھونەرە , منداڵانی ئێمەش بە رەچەڵەک سینەما کار بن نەک ھەر گەورەکانمان , وەک ئەوەی ئاسمانی کوردستان بریسکەیان بێت لە ئەستێرە زەبەللاحەکانی سینەماو ھۆڵە سینەماییەکانی زرمەیان بێت لە بینەرو , کوردستان تەژی بێت لە کۆمپانیای سینەمایی جۆراو جۆر ..
زۆر کەڕەت من ھەر خۆم لە خۆم دەپرسم تۆ بڵێ ی ئەوانەی ئەو زنجیرە فیستیڤاڵە سینەماییانە یەک لە دوای یەک و ھەریەکەو لە ژێر ناونیشانێک ساز دەکەن , لە چمکی راستەقینەی فیستیڤاڵ و ئامانجەکانی فیستیڤاڵ گەیشتبن ؟ یان تێ گەیشتوون و دەیانەوێت خۆیانی لێ نا بەڵەد بکەن ؟ ئایا ئەوەی بە ناوی فیستیڤاڵەوە دەکرێت شتێ لە ئاستی سینەما دەگۆڕێت , یا تەنھا پرۆپاگەدەیەکی راگەیاندنەو بەرھەمەکانییان لە بەرژوەندی ھەر لایەک بێت تە نھا لە بەرژەوەندی سینەمادا نیە ؟ ئایا ئەم فیستیڤاڵە بە ناو سینەماییانە رۆڵ دەبینن لە دروست کردنی کادیری سینەمایی , یاخود پەروەردە کردنێکی ئیقلیجی ئەوانە ؟ ئایا کادیری سینەما بە فیستیڤاڵ دروست دەبێت یا بە ئەزموونو خوێندن و خولی سینەمایی ؟ وەڵامی راستەقینەی دەیان پرسیاری دیکەی لەم جۆرە لە گیرفانی ئەو لایەنانەیە کە ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە ساز دەکەن .. بەڵام من وزۆرانی وەک منیش نازانن بۆ دەریان ناخەن ؟!