دیـــــدار نانەکەلی: لەگەڵ پەرەسەندنی ژیــان، دەسکەوت و داھێنانە زانستیەکان لە ھەموو بوارەکان پەرەیان سەند و گەشەیان کرد.لەو نوێوەندەشدا مشک رۆڵی دیار و کارامە و بەرچاوی ھەبوو بۆ سەلماندنی راستی ھەموو بیرۆکە و بیردۆز و گریمانەکان. لەبەر ئەوەش کە بەشە سەرەکیەکانی ھەناو لەنێوان مشک و مرۆڤ لێک نزیکیەک ھەیە لە شوێنە مەترسیدارەکان مشکیان خستە شوێنی مرۆڤ. بۆیە تاوەکو ئیستا مشک بە پاڵەوانی زۆربەی دەسکەوتە زانستیەکانی سەردەم ھەژماردەکرێت و لەو پێناوەدا ھەزاران مشک بوونەتە قوربانی بیرکردنەوە زانستیەکانی مرۆڤ کە چەندەی بەرەوپپێش دەچێت ئەوەندە تەمەنی مرۆڤ کەمدەکاتەوە. ھاوشێوەی بەکارھێنانی مشک لە تاقیکردنەوە مەترسیدارەکان ئێستا کوردستان بۆتە مۆڵگەی تاقیکردنەوەی خراپترین کەرەستە و کاڵا جیھانیەکان.ئەوەتا تەواوی خۆراک و خواردەمەنی ماوەبەسەرچووی ووڵاتانی دراوسێ بە ھاوڵاتیانی ووڵاتەکەم ساغ دەکرێتەوە و دەرئەنجامی خاڵەنێگەتیڤەکانیشی ھەژمارناکرێن.ھەرچی کەل و پەل و کەرەستە ی خراپ و بێ کەڵکی ووڵاتان ھەیە خزاندراوەتە ئەو ھەرێمە بەبێ ئەوەی حیساب بۆ جۆر و سود و قازانجی بکرێت.جیاواز لە تەواوی دونیا لە لایەن وەزارەتی تەندروستیەوە کە ئەرکی سەرەکی چارەسەرکردن و پاراستنی ھاوڵاتیانە لە نەخۆشی و ڤایرۆس لە شوێنی مشک ھاوڵاتی ووڵاتەکەی تاقیدەکرێتەوە بەو دەرزی و دەرمانانەی کە تاوەکو بەکارھێنانیان نازانێت دەرئەنجامەکانی چیە و نەخۆشەکە بۆ کام گۆڕدەبات.ھەربۆیە چەندین ھاوڵاتی بە تاقیکردنەوەی داو و دەرمانە ئیکسپایەر و تەواو زیانبەخشەکان بونە کۆچی قوربانی ووڵاتە بێ خاوەنەکە.ئەوەتا پتر لە ووڵاتێکی پڕلەجەنجاڵی ئەوروپا و ئەمریکا ھەرێمی کوردستان بۆتە خاوەنی زۆرترین ئۆتۆمبێڵ کە وەکو شارەزایان باسی لێوەدەکەن خراپترین کوالێتیان ھەیە، ئەو ووڵاتانەی کە ھەڵدەستن بە دروستکردنی ئەو ئۆتۆمبێڵانە تایبەت بۆ ووڵاتی مشکانی دەنێرن و لەلای خۆیان ئامادەنین تەنانەت ھاوڵاتیە کەمئەندامەکانیشیان بەکاری بھێنن. بەجۆرێک ئەو ھاوڵاتیانەی کە بەکارھێنەری ئەو ئوتۆمبێڵە دەبن بەردەوام ژیانیان لە مەترسیەکی گەورەدایە بەھۆی لاوازی ئەو کەرەستانەی کە لە دروستکردنیدا بەکارھاتوون.کەچی لێرە تاقیدەکرێنەوە.ھەربۆیە کە رۆژانە گوێمان لە کارەساتی گەورەی ھاتوچۆدەبێت.بەجۆرێک کە ھەست دەکرێت ئەو ووڵاتە لە جەنگێکی قورسدایە و قوربانیەکانی بەردەوام لە زیادبووندان.
بەھۆی ئەو چاونەترسیەی ھاوڵاتی کورد لەو ھەرێمە بەرامبەر بەکارھێنان و تاقیکردنەوەی ھەرچی کاڵاو کەرەستە و خواردەمەنی و دەرمان و شتی دیکەی ھەیە پێویستە دەزگا ئەکادیمی و مەعریفیەکانی تایبەت بە پێشکەوتنە زانستیەکانی دونیا لە داھاتوودا بیرلەوە بکەنەوە کە کورد بخەنە شوێنی خۆیان لەو کاتانەی کە مەترسی گیان لەدەستدان و وێران بوون ھەیە. چونکە لێرە کەس خۆی ناکاتە خاوەنی زیان و گرفت و لێکەوتە خراپەکان. ھەموویان ھەر ھاوڵاتی بە کەمتەخەم دەزانن و ھەرچی دەزگا و دامەزراوەی چاودێری و کۆنترۆڵکردن ھەیە بە حکومەتیشەوە دەرگایان خستۆتە سەرپشت و چاوەڕوانی بەزەیی خودا و ویژدانی بازرگانەکانن.
کەواتە بە ھەموو پێوەرێک بە زەروور دەزانرێت لە داھاتوودا ھاوشێوەی مشک رۆڵی ئێمەش لە تاقیکردنەوە مەترسیدارەکان بەرز بنرخێندرێت بۆ ئەوەی ھەموو ئەو زەحمەتی و ماندووبونەمان بەھەدەر نەدرێت و لە داھاتوودا چاوەڕوانی خەڵاتی نۆبڵی چاونەترسی و بێ خاوەنی وەربگرین.