ئێسپرێسۆ: ئەوەی بەچاوی هەموومان دەیبینین لە ئێستادا ئەو بە نمایشکاریەیە کە باڵی کێشاوە بەسەر هونەری گۆرانیدا. ئەستەمە گۆرانییەک ببێتە بابەتێکی بەناوبانگ و جیهانی هەتا کلیپێکی پڕۆفشناڵ و سەرکەوتو پڕ تازەگەی تێدا نەبێت. ئەگەر ڕوونتر بۆچونەکە بخەینە ڕوو پێمان وایە دەنگ ئەو یاریە گەورەیەی جاران ناکات لە گۆرانیدا، هەرچەندە بۆ سەلماندنی ئەمە پێویست بە نمونە ناکات بەڵام لە گۆرانیە ڕاپەکاندا بەباشی ئەم بابەتە سەلماوە. لێرەدا پرسیارەکە ئەمەیە ئایا هونەری کوردی لە کوێی ئەم چەمکەدایە لەم قۆناغەدا؟ ئایا وەکو لە پەیامە ڕۆحییەکان بە یەکجاری دابڕا، بوە بە سیمبۆلێک لەم ستایلە نوێیە جیهانییەدا؟
بەداخەوە وەڵامەکانی ئێمە لەم بابەتەدا بەگشتی ڕەهەندێکی نێگەتیڤی هەیە. پێمان وایە هونەری گۆرانی بە شێوەیەکی بەرچاو لە پاشەکشەدایە و لە چوار ڕێیانێکی گەورەدا وون بوە، هەمیشە لە هەوڵی خۆدۆزینەوەیدا شکست دەهێنێت و هەر ڕێگایەک دەگرێتە بەر لە لاسایی و دوبارەکردنەوەی هونەری بێگانەکاندا خۆی دەبینێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە نەتوانراوە هەرگیز هونەرمەندێکی کورد ببێتە سیمبۆلێکی نیشتیمانی گشتگیر و کەسێک نەبوە لە ناوچەیەکی دیاریکراو بێتە دەرەوە و بە هونەرێکی جوان خۆی بسەپێنێ بەسەر تەواوی کوردستاندا. دیسان ئەگەر باس لە” زەکەریا ” بکەین دەبینین نەیتوانیوە لە ئامەد و وان و دەرسیم ناوبانگی لە گۆرانیبێژێکی تورکی وەکو “ئیمرا” زیاتر بێت.
ئەوەی وەک بابەتێکی گرنگ جێگای ئاماژە بۆکردنە، مەسەلەی لاساییکردنەوە یان کارکردن لەسەر ستایلێک کە سەرچاوەیەکی هەیە و دەبێتە شێواز و ڕێچکەیەک بۆ خەڵکی تر. کێشەکە لەوەدایە هونەرمەندانی کورد وەک هەمیشە لە دەوری نەتەوە دراوسێکان دوور ناکەونەوە و لە لاساییکردنەوەکاندا بێچەندوچون هەر یەکە لە نزیکترین سنورەوە خۆیان بە یەکێک لە ڕێچکە بێگانەکاندا هەڵدەواسن. دەبینین چۆن لە سلێمانی داشکانێک بەلای گۆرانی فارسی و لە هەولێر عەرەبی و تورکی و لە بادینان تورکی بە ئاشکرا بەرچاودەکەوێت.
بە بڕوای ئێمە هۆکاری سەرەکی وونبوون و شکشت و پاشەکشەی هونەری کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم دەستکورتییەی کە ناتوانێ لە لاسایی کردنەوەشدا چەند سنورێک ببڕێت و دەست بۆ هونەرە ڕۆژئاواییەکان ببات و کار لەسەر ئەو ستایلانە بکات، ئەگەر نیەتێک هەبوو بۆ لاسایی” لە نەبوونی توانای داهێناندا” کە جێگای داخە و دەکرێت وەک بابەتێکی جدیی لە ئایندەدا لەسەری بدوێین. لەبەرامبەردا لە نزیکترین هونەرەوە دەئاڵێت کە سەرچاوەی ئەو هونەرە بۆخۆی سەقەتە و تێکشکاوە و لە لاسایی ستایلێکی ترەوە هاتوە.. ئەمە لەکاتێکدا پێویستە هیچ نەبێت چەند سەرچاوەیەک هەبێت بۆ داهێنان و هێشتنەوەی ڕەسەنایەتی بە موزیک و کلتوری کوردیەوە. بۆ نمونە ” ڕەوایە گۆرانیەکی ڕاپ بە شێوەیەکی پڕۆفشناڵ و کوالیتی بەرز پێشکەش بکرێت بە زمانی کوردی و باس لە بابەتێکی کوردی بکات”.
بەڵام بەداخەوە ئەوانەی ئەم چەمکە کلتوریە گرنگ و پڕبایەخەیان بەدەستەوەیە زۆر کەمتەرخەمانە هەریەکە بە کۆمەڵێک بەرژەوەندیەوە گیریانخواردوە و بێبەزەییانە لە خاپورکردنی هونەر و کلتوری میللەتێکدا تێوەگلاون.
لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هونەری کوردی لە بوون بە کاڵایەکی نمایشکاری شکستی هێناوە. بینیمان ئەمجارەش نەیتوانی جێگای هونەری عەرەبی و فارسی و تورکی بگرێتەوە و هەمیشە وەک پاشکۆیەکی ئەوانە چاوی لێدەکرێت. بەداخەوە نەبوو بە هێزێکی داهێنراوی ئەوەندە شیاو کە هونەری بێگانەمان لەبیر بباتەوە. سەرەرای ئەمە لە چاوەڕوانیماندا بۆ بەرهەمە نوێیەکان دواجار وەبیرهاتنەوەیەکی هونەری بیانی دەبێتە دیاری نوێترین بابەتی هونەری کوردی. هەموو لە هەڵسەنگاندنی گۆرانیەکاندا بە کۆمەڵێک گلەیی وەکو( ئەم ئاواز هی فڵان هونەرمەندە و ئەم تێکست هی فڵان شاعیرە و ئەم موزیک وا عەرەبییە و ئەم دانس وا تورکییە و ئەم کلیپ وا کۆپی کراوە و کۆمەڵێک گازندە و گلەیی لەم شێوەیە)
سودمەندی گەورە لە قۆستنەوەی ئەم هەلەدا هەڵکەوت زاهیر و گروپەکەی بوون کە جارێکیتر گۆرانی و زمان و ستایل و جلوبەرگ و دنس و عادات و تەقالیدە عەرەبییەکانیان کردەوە بە باوێکی ناشرین لەناو کۆمەڵگای کوردیدا، هەرچەندە بەو رادەیە سەرکەوتو نەبوون لەم هەوڵە ناشایستەیەدا، بەڵام بەداخەوە نکوڵی لەوە ناکرێت کە بەبێ کاریگەری تێپەڕ دەبن.
ئێمە بابەتێکی ترمان ئامادەیە بۆ هەفتەی داهاتوو کە تێیدا باس لە هونەری ڕەسەنی کوردی دەکەین و دەست درێژ دەکەین بۆ ( عەدنان کەریم و بەهجەت یەحیا و نەریمان بابان و دیاری قەرەداغی و حەمە ڕەوف کەرکوکی و مەریوان سەفادین و ناسری ڕەزازی و شێرکۆ تالیب و حەسەن شەریف و چەندانی تر ) کە هاوشانی ئەم خاپورکاریەی هونەری کوردی لە بەرهەمهێنانی هونەری دانەبڕاون .. بەڵام بێدەنگ و بە وجاخکوێری لە گۆناغی کامڵبووندان. دێینەوە لاتان