سەدیق سەعید ڕواندزی
سەرنجی یەکەم:
بە ڕێکەوت، چونکە من تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار ناھێنم و پانتای شوێنی خوێنەوە و نووسینی من، تەنھا کتێب و بڵاوکراوەکانە، لە والی ھاوڕێیەکی نووسەر پرسیارێکم کەوتە بەرچاو ئەویش ئەوە بوو، کە ئەم ھاوڕێیەم نووسیویەتی:_( دەشێ وشەی مێر منداڵان بۆ ڕەگەزی کچ بە کاربێت؟) لە پەراوێزی پرسیارەکەشییەوە، سەدان کۆمێنت، بە ناو ڕوونکردنەوەی زمانەوانی و شڕۆڤەیی نووسرابوون، کەھەندێکییان ھەر پەیوەندیان بە زمان و دەلالەتی فەرھەنگی زمانەوە نەبوون. بێگومان زمانی کوردی لە زمانە وردوو ئاڵۆز و ھاوکات دەوڵەمەندەکانە، لەو زمانانەیە، کە بۆ ھەر بارێکی زمانەوانی، ئاماژەیەکی واتای ھەیە، کە ئەمەش دەوڵەمەندی ئەو زمانە دەگەیێنێت. گەر بە وردی بچینە نێو وردەکارییە واتایەکانی زمانی کوردی، ئەوا بڕوا ناکەم زمانێک ھەبێت بە عەرەبی و ئینگلیزیشەوە، ھێندەی زمانی کوردی دەوڵەمەند بێت، بەڵام کە زمانی ئێمە لە دواوەی زمانی ئەوانە، ئەوا مانای وانیە زمانی ئەوان لە ھی ئێمە پرێفێکترە، بەڵکو ئێمە وەک ئەوان دەوڵەت نین بۆیە زمانەکەشمان داگیر کراوە. سەرنج بدەن، لە زمانی کوردیدا زۆرجار کە بەفر دەبارێت دەگوترێت:_( کڕێوەی لێ دێت/ شڕێوەی لێ دێت/ کەڕاسیسەی لێ دێت/ پلووکە بەفری لێ دێت÷) ھەموو ئەمانە، بۆیەک باری دیاریکراون ئەویش بەفر بارینە، لە زمانی ئینگلیزی و فارسیدا ئەمە وردەکاریە سرووشتی و فیزیکییانە نییە، بۆیە زمانی کوردی لە زمانە دەوڵەمەندەکانە ، کە بەئاستەم گرفتێکی زمانەوانی بۆ دروست دەبێت. وشەی (مێرمنداڵ) بە ھیچ شێوەیەک ناتوانرێت بۆ ڕەگەزی کچ بەکار بێت، چونکە لە وشەکەدا، ئاماژە واتاییەکان دەلالەت لە مەدلوولێکی واتایی دەکەن کە تایبەتە بە ڕەگەزی نێر. وشەی (مێر) بە مانای ( زیخ، پیاو، لێھاتوو، ئازا، جەنگاوەر، جەربەزە ) و گەلێک واتای دیکەش دێت. ھەموو ئەمانەش پەیوەستن بە شوناسی پیاو بوونەوە. ھەڵبەتە کە دەگوترێت (مێر منداڵ) مانای ئەوە نییە ئەو منداڵە لەو تەمەنەدا، وەک شێر بێت، یان زیخ وجوامێر بێت، بەڵکو ئاماژەکانی پەیوەستن بە داھاتوو، واتا نەوەی داھاتووە، پیاوی داھاتووە. بارێکی دیکەمان ھەیە، کاتێ مێرمنداڵان کەمێک ھەڕاشتر دەبن، لە زمانی کوردی پێیان دەگوترێت:_ ( توغیان) واتا کەسێک دەتوانێت بووەستێت و ئامادە ساز بێت، بۆیە وشەی مێرمنداڵان، ھەردوو ڕەگەزەکە ناگرێتەوە، لە بەرانبەر ئەو تەمەنە و ئەو پێگەیشتنە بایۆلۆژیەی کوڕان بۆ ھەمان قۆناغ بۆ کچ (عازەب) بەکار دێت، واتا کچەکە عازەب بووە و ھێشتا نە منداڵی جێھێشتووە بە تەواوەتی، نە بۆتە ئافرەتێکی تەواویش. بێگومان گەرچی لە ڕووی فیزیکییەوە بۆ ھەریەک لەو قۆناغانەی ژیان تەمەنێک دیاریکراوە، بەڵام لە ئاستە کۆمەڵایەتی و جەستەییەکەدا، ئێمە ناوی دیکە لەو قۆناغانە دەنێین. بە پێی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ، ھەتا تەمەنی ھەژدە ساڵی ھەر قۆناغی منداڵییە و مافە سیاسی و دەستوورییەکان لە شێوەی دەنگدان و ھەڵبژاردن نایان گرێتەوە واتا ھەر منداڵن، بەڵام لە نێوان ئەو ماوە زەمەنییەدا، ناونانی دیکە بۆ تەمەنی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی باسمان کرد. کەواتا مێر منداڵ بۆ ڕەگەزی کچ بە شێوەیەکی ڕەھا بەکار نایەت.
سەرنجی دووەم:
مامۆستا عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی، لە میانەی وتارێکیدا کە باسی ڕۆمان دەکات لە بارەی کتێبێک بۆ منداڵان ، نووسیویەتی:_( دەکرێ وشەی مێر لە منداڵ بکرێتەوەو تەنھا بنووسرێت ڕۆمان بۆمنداڵان) . بێگومان وشەی مێر کە ناوە، دەتوانرێت لە ڕووی ڕێزمانییەوە جیا بکرێتەوە لە منداڵ کە ئەویش ناوێکی سادەیە، بەڵام لە ڕووی واتایەوە (مێرمنداڵ) وشەیەکی لێکدراوەو بە سەریەکەوە واتا دەگەیەنێت و بە جیاکردنەوەیان ھەمان واتای ڕاستەقینە و بونیادی خۆی نامێنێت. لێرەوەش کە ئێمە دەڵێین مێرمنداڵان ئەوا مەبەستمان منداڵ و مێر نییە بە جیا، بەڵکومەبەست (مێرمنداڵە) بە سەریەکەوە وەک دەستەواژەیەکی فەرھەنگی و واتاییەوە ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، بە بڕوای من، ناونانی ڕۆمان بۆ منداڵان دروست نییە، چونکە ھزری منداڵ، ھێشتا لەو ئاستەدا نییە ڕۆمان وەربگرێت و بخوێنێتەوە، کە ژانرێکی ئاڵۆز و قورسە و وەک شیعر و چیڕۆکی منداڵان نییە. ڕۆمان بەو پێیەی ڕووداوەکان و کەسایەتییەکانی زۆرترن و پانتایی ڕووداوەکانی فراوانترە، ئەمەش ھزری منداڵ تا ڕادەیەک ماندوو دەکات، بە تایبەتیش لەو فۆناغەی دەکەوێتە نێوان شەش ساڵی بۆ دوانزە ساڵی. بۆیە گونجاوترە بنووسرێت:_( ڕۆمان بۆ مێرمنداڵان) نەک (ڕۆمان بۆ منداڵان) وەک ئەوەی نووسەر دەیڵێت. چونکە دەشێ ڕووداوەکانی ڕۆمانێک، کە بۆ تەمەنی مێرمنداڵان نووسراوە، بە ئاسانی بگونجێت لەگەڵ ڕادەی ھوشیاریی و پێگەیشتنی ھزریی مێرمنداڵەکە، بە پێچەوانەی منداڵ کە ڕەنگە ھێشتا گەشەی ھزریی و ھوشیاری فۆرمۆلە نەبووبێت.
Discussion about this post