لە بناری گۆیژەوە ڕوەو ئاسۆیەکی دوورە دەست ئەڕوانم
تارمایی سورکێو ئەدوێ ، لەوساتەى کە ماڵاوایی لێ کردین ، لەوساتەى لە سنووری خەیاڵ پەڕیەوە ، لەو ساتەى پەیامی ئێمەی گەیاندە خودا ……..
پەیامی ئێمەى گریاو ، پەیامی باخە پەژموردەکان ، پەیامی گوڵە بێ ڕەنگەکان ، پەیامی کەوە بێ دەنگەکانی قەندیل پەیامی پەپوولە غەمگینەکان لەو ساتەى خودا لەگەڵی دوا ئەلێت ئەى خودایە لەوشارەى کەبە سلێمانی ناو ئەبرێت ویستیان ناوەکەى بگۆڕن بە خوێنستان، لەو شارە بەرپرسان جۆرێک لە نیرگزى بۆ هاوردەئەکەن لە پێدەشت و چیاکانی ئەیڕوێنن جۆری ئەو نێرگزە بە خوێنی ئێمە نەبێت سەوز نابێت هەر لەو خەێنستانە بەڵێ خوێنستان کە وابزانم وەختە ببێتە ناوە تازەکەى بەردی مناڵێک بۆ ئە کەسەى پێمان ئەڵێ باوکتانم بە فیشەک وەڵام ئەدرێتەوە بەڵام هەر لەو وڵاتەى کە بە وڵاتی بارانی خوێناوى ناسراوە کە یەکێ لە شارەکانی ناونرا خوێنستان ، لەگەڵ نەسیمی بەیان فیشەکباران ئەکرێ لە ئاکاما پەپوولەکان ئاوارە ئەبن بەڵام لەوەڵامی ئەوەدا وڵاتی بارانی خوێناوی گوڵ بۆ سنورەکانی ئەوان ئەهاوێت .
بەڵێ یەزدانی مەزن هاوکێشەیەکی پڕ نەزانراوە .؟؟؟ بۆمان شیکار نەکرا ؟
س: مناڵەکان لە برسانا بەرد ئەگرنە باوکەکە باوکیش فیشەک
ێ: لە دراوسێوە بۆمب و لە باوکەوە گوڵ باران کردنی دراوسێ
س+ص = خوێنی مناڵەکانی خۆمان .
ئەو ڕۆشت لەگەڵ خۆیدا بەڵێنی دا پەیامەکان بگەیەنێت لەتەک خۆیدا وشەخنکاوەکان ڕادەستی خودا ئەکات .
ئەو وشانەى فرمێسکی دایکی ئەنوسنەوە بۆ مێژوو ئەو وشانەى کە ناتوانین مێزووی پێ بەیان بکەین ئەگەر ئێمە ڕستەیەک بە مێژوو ببەخشین لە شەوێکی بێ ڕووناکی بە پەنهانی ڕازی خۆمان لە ناو پەڕاوەکانی پەرتوکێکی مێژوویدا بخەوێنین بە ئارامی نزا ئەکەین ئارام بێت تا سورکێوەکانی دی جێمان نەهێڵن بەڵام ئەفسوس بەیانی گشت وشەکان لە پەرتوکی یادگاری زەمەندا لە خاچ دراون دەستێک کە ئاواتی فەنا بوونی جوانیە وشەکان بەرەو دەریای عەدەم پەلکێش ئەکات ، لەتەک ووشەکانمان ڕۆحی لاوەکانمان لێ ون ئەکات ،،،
سورکێو دەستمان بگرە تەنیامان مەکە با بونت گوڵاو پرژێنی رۆح بکات
سورکێوەکان ئەو دەستە بە خودا بسپێرن زۆر ئەترسم مەرگی وشەمان پێ نیشان بدات
ژوان جهمال
26,2,2011