وریا ئەحمەد: گووتنەوەی گۆرانی ڕەسەن باشترە لە ھێنانی ئاوازی بێگانە
فەرھەنگ غەفوور: ھەندک بۆ خۆ دەرخستن گۆرانی ڕەسەن دەڵێنەوە
ماوەیەکە شەپۆڵیکی زۆر لە گۆرانیبێژە لاوەکان گۆرانیی ڕەسەن و فولکلۆرییەکان دەڵێنەوە، بە ڕای شارەزایانی بواری موزیک ھەندێک لە گۆرانیبێژە لاوەکان زۆر بە جوانی دەتوانن گۆرانییە ڕەسەنەکان بڵێنەوە و ھەندێکیش لەو گۆرانیبێژە لاوەکان جگە لە تێکدانی ئەو گۆرانییانە نەبێت ھیچیان زیاد نەکردووە بگرە ئامانجیان تەنھا خۆ ناوبانگ کردنەوە،
(فەرھەنگ غەفوور) دەربارەی گوتنەوەی گۆرانییە کۆنەکان لەلایەن لاوانەوە دەڵێت: گوتنەوەی گۆرانییە کۆن و ڕەسەنەکان لەلایەن گەنجانەوە دوو لایەنی ھەیە، لایەنێکی ئەرێنی و لایەنیی نەرێنی، لایەنێکی ئەرێنی ئەوەیە کە ھەندێک لە گەنجان گۆرانییە کۆنەکان بە جوانی دەبینین و دەزانن کە ئەو گۆرانییانە لە ھزری تاکی کوردیدا ماون، بۆیە لە ڕێگەی گوتنەوەی ئەو گۆرانییانەوە دەیانەوێت کلتور و فۆلکلۆری نەتەوەکەیان ببپارێزن، لایەنی نەرێنێش ئەوەیە کە گەنجانێک ھەن تەنھا دەیانەوێ لە رێگەی ئەو گۆرانییانەوە خۆیان بەناوبانگ بکەن،واتە نایەنەوێت بە شێوەیەکی ئەکادیمی و سەردەمیانە گۆرانی بڵێن.
(فەرھەنگ غەفوور) پێی وایە تاوەکو سەنگ و جوانی گۆرانییە ڕەسەنەکان ببپارێزێت پێویستە گۆرانیبێژە لاوەکان چەند خاڵێک ڕەچاو بکەن، لەوانە پێویستە لایەنی میلۆدی دەقاودەق بگوازرێتەوە و نابی ڕیتم دەسکاری بکرێت، ھەروەھا پێویستە پەیڤ و ئەو مۆتیڤانەی کە دێنە ناو ڕستەوە بپارێزێن.
(وریا ئەحمەد)ی ھونەرمەندیش دەڵێ: گۆرانیبێژی گەنجمان ھەیە زۆر بە جوانی گۆرانییە کۆنەکان دەڵێتەوە و تا ڕادەیەک توانییویەتی رەسەنایەتی گۆرانییەکە بپارێزن، ھەروەھا توانیویانە کارێکی وەھا بکەن کە ئەو گۆرانییە ڕەسەنانە دووبارە بە گوێگری کوردی ئاشنای بکەنەوە،
(وریا ئەحمەد) گوتیشی: من لەو بڕوایەم گوتنەوەی گۆرانییە رەسەنەکان لەلایەن گۆرانیبێژە لاوەکانەوە سەدجار باشترە لەوەی ئاوازێکی عەرەبی یان فارسی ھۆنراوەیەکی کوردی لەبەر بکرێت و بگوترێتەوە.
لەلایەکی دیکەیشەوە (وریا ئەحمەد) پێی وابوو کە ڕاگەیاندن لەم کاتەدا ئەرکێکی گەورەی لە ئەستۆدایە بۆ سانسۆرکردنی ئەو گۆرانیبێژانەی کە گۆرانی رەسەن دەڵێنەوە سەقەتی دەکەن، واتە ئەگەر سانسۆرێکی توندیان لە دابەزاندی ئەو گۆرانییانە ھەبێت ئەوا ھەر گەنجێک لە شوێنی خۆی گۆرانی ناڵێت.
(دلێر عەبدوالقادر) گۆرانیبێژێکی لاوەو چەند گۆرانییەکی ڕەسەن و فولکلۆری چریوە، لەوانە گۆرانییەکی مامۆستا عەلی مەردانی گووتووتەوە، ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت، ڕاستە ئیمەی گۆرانی بێژە لاوەکان ناتوانین گۆرانییە رەسەنەکان وەکو خاوەنەکەی بڵێینەوە بەڵام گوتنوەی گۆرانییە ڕەسەن لەلایەن ئێمەی گەنجانەوە چەند ھۆکارێکی ھەیە، لەوانە: ڕەنگە گۆرانییەکی کۆن کاتی خۆی کە تۆمار کرابێت لە رووی موزیک وتەکنیک و تۆمارکردنی لە ستۆدیووە دەوڵەند نەبوبێت، بۆیە نوێ کردنەوەی لە ڕۆژگاری ئەمرۆماندا خزمەتیک بە گۆرانییەکی کۆنە دەگات، ھۆکارێکی دیکە وون نەبوونی گۆرانییە ڕەسەنەکان، چونکە زۆر گۆرانی ھەن کە مێژووییەکی کۆنیان ھەیە رەنگە تاکی کوردی لە بیری کردبێت، بەڵام ئەگەر نوێ بکرێتەوە ئەوا دووبارە زیندوو دەبێتەوە و لە فەوتاندن ڕزگاری دەبێت. بەڵام بە مەرجێک نوێکردنەوەیەک لەسەر بنەمایەکی دروستو ئەکادیمی بێت و خزمەت بە کارە کۆنەکە بکات، نەک خەڵک لەکاتی گویگرتن ئەوەی کۆنیشی لە بەر دڵ بکەوێت.