زیاد ئەسعەد سوێند دەخوات
ئەلبومە نوێیەکەی زیاد ئەسعەد ئاراستەی گۆرانی کوردی دەگۆرێت
ئا: ھاوکار نامۆ (گۆڤاری دەنگ)
ھونەرمەند زیاد ئەسعەد ماوەیەکی زۆرە، ووڵاتی جێھێشتووە، لەھەندەرانە، بەڵام زیاتر خەریکی کاری ھونەریء میوزیک بووە بەشێوەیەکی ئەکادیمی، لەماوەی سەفەرکردنیدا چەند زمانێک فێر بووە،
زیاد یەکێکە لەوھونەرمەندانەی کەزۆرترین خزمەتی بواری ھونەریء ھونەرمەندانی کوردی کردووە، دوای چەند ساڵێک لەبێدەنگی وابریارە بەم زووانە ئەلبومە نوێیەکەی زیاد ئەسعەد بڵاوبێتەوە، گۆڤاری دەنگ بۆ زیاتر ئاشنابونی خوێنەر بەژیانء کارەکانی زیاد بەگشتیء ئەلبومە نوێیەکەی ئەم بەدواداچونەی ئەنجامداوە.
زیاد ئەسعەد، گەریدەیەک بەدوای ھونەردا
ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) خاوەنی جەماوەرێکء گوێگرێکی فراوانە لەناوەو دەرەوەی کوردستان، زیاد ئەسعەد لەساڵی ١٩٦٦ لەگەڕەکی تەیراوەیی ھەولێر لەدایک بووە، ھەتا تەواوکردنی ئامادەیی پیشەی لەو شارە خوێندویەتی، لەساڵی ١٩٨٣ دەستی بەکاری ھونەری کردووە، یەکەم گۆرانی زیاد(دوعا دەکەم شەو رۆژ ئەمن)بووە، دواتر چەند گۆرانیەکی تری تۆمار کردووە، یەکەم کاسێتی لەساڵی ١٩٨٨ بڵاو کردووەتەوە، لەساڵی ١٩٨٩ سەردانی ئێران دەکاتء چەند ھونەرمەندێکی بەناوبانگی ئێران دەبینێت، لەوانەش (سەعید قەندیء گولپایەگانی)دواتر زیاد دەگەڕیتەوە ھەرێمی کوردستانء لەساڵی ١٩٩٠ دووەم ئەلبومی بڵاو دەکاتەوە، لەساڵی ١٩٩٣ ئەلبومی سێەم بڵاودەکاتەوە، جارێکی تر کوردستان جێدەھێڵێتەوەو دەچێتەوە ئێران، بەڵام ئەمجارەیان بۆ خوێندن لە(دەفء ئاوازو چۆنیەتی گۆرانی وتن)، ھەر لەئێران فێری زمانی فارسی دەبێت، دوای ئێران زیاد رودەکاتە روسیاو، لەوێش فێربونی میوزیکء شێوازی کارکردن لەسەر ستایڵە جۆربەجۆرەکان گۆرانیء میوزیکی جیھانی دەخوێنێت، ماوەی دوو ساڵیش لەروسیا دەمێنێتەوەو فێری زمانی روسی دەبێت، دواتریش دەچێتە کەنەداو لەوێش دەخوێنێتء فێری زمانی ئینگریزی دەبێت، ئینجا دەچێتە سویدو لەوێش بۆماوەی سێ ساڵ لەقوتابخانەیەکی ھونەری کەلتوری میوزیکی جیھانی دەخوێنێتء شارەزایی لەچەند ئامێرێکی میوزیکدا پەیدا دەکات، وەک(کیبۆرد، کلارنێت) ئەمە لەکاتێکدایە پێشتریش زۆر بەباشی لەشمشاڵی زانیوە، زیاد لەساڵی ١٩٩٨ گۆرانیەکی بەناوی(نەمزانی)بڵاو دەکاتەوە، لەساڵی ٢٠٠١ جارێکی تر ھەندێ گۆرانی تر لەرێگەی میدیاکانەوە بڵاو دەکاتەوە، دواین بەرھەمی زیاد کەبڵاوی کردووەتەوە بەناوی (سکاڵا)بو، لەدوای ئەو ئەلبومە ھێشتا ھیچ گۆرانیەکی تازەی بڵاو نەکردووەتەوە.
زیاد ھەتا ئێستا نزیکەی ١٣٠ ئاوازو ھۆنراوەی داوە بەھونەرمەندانی کورد، لەوانەش (رۆژ کەریم، زەکەریا عەبدوڵا، چۆپی فەتاح، دیلمان دیۆ، ئەژدەر وەھبی، ئەیاد حوسێن، ھێڤی، گۆڤەند رەواندزی، حەسەن غەفور، دڵنیا رەزازی، بڵند ئیبراھیم، ئومێد باڵەبان، دڵشاد، مۆژدێن، ھەردی سوێدی، دانا بەرواری، موحسین عەبدوڵا، لەیلا فەریقی، ھەڵمەت، تارا رەسول، بڵند عەبدوڵا، پەیوەند جاف، کوردە، ھەمین سوێدی).
ھونەرمەندو شاعیران لەبارەی زیادەوە چی دەڵێن؟
زیاد خاوەنی دەنگء ستایلی تایبەت بەخۆیەتی، ھەر ئەمەش بووەتەھۆی ئەوەی کەگۆرانیەکانی لەسەر زاری ھاوڵاتیان بەنەمری بمێنێتەوە، زیاد، ماوەی (١٩) ساڵە لەھەندەران ژیان بەسەر دەبات، زیاد بەردەوام ھاوکاری ھونەرمەندانی کوردی کردووە، ھونەرمەند (پەیوەند جاف) لەدیدارێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: زیاد ئەسعەد ئەگەر کورد نەبوایە موڵکی ھەر نەتەوەیەکی دیکە بوایە، ئێستاکە دەبووە باشترین مەرجعیەت بۆ شارەزا بوونء فێر بوونی زانستء زانیاری دەربارەی ھونەری گۆرانی موزیک، چونکە ئەوەی زیاد ئەسعەدی ھونەرمەند دەیزانی پێم وانیە ھیچ ھونەرمەندێکی کورد بیزانێ، چونکە من لە نزیکەوە چەند شتێکم لێ بینیووە، ئەگەر باسی بکەم کەس باوەڕ ناکات.
شاعیری گەورەی گەلەکەمان شێرکۆ بێکەس لەوتارێکیدا لەژێر ناوی (زیاد ئەسعەد نەورەسی سپی ئاواز و گۆرانی کوردییە) لەوتارەکەیدا شاعیردا ھاتووە، لە نێو شەپۆلە تازەکانی گۆرانی مۆزیکی کوردیدا، لەو ساڵانەی دواییدا، زیاد ئەسعەد بەگوڕوتینء تۆنێکی تاسەشکێنەوە ھاتە ناومانەوەء ھەندێ سنوری تەقلیدی بەزاندو دڵ و گوێچکەمانی بە ریتمی تازەو داھێنەرانە زاخاو دایەوە،
چۆن و بۆچی ؟!
یەکەم: لەبەر ئەوەی لاسایی کەرەوەو تەقلیدی نەبوو، واتە ھەمان سەدای گۆرانییەکانی رابردووی نەدایەوە بەگوێچکەماندا فۆلکلۆریشی بۆ خۆی نەکرد بە بەندینخانە.
دووەم : ھونەرمەند زیاد ئەسعەد بەتەنھا ھەر بەھرەو سەلیقە نییە، بەڵکو لە ھەمان کاتدا شارەزایی دنیای موزیکء مەقاماتە ئەزانێت چی ئەکاتء عاشقانە لەگەڵ کارەکەی خۆیدا ھەڵسوکەوت ئەکات، یان ئەتوانم بڵێم مۆسیقاو گۆرانی بووە بەدڵدار و تەنانەت – ھاوسەری ئەو.
لەبەشێکی تری وتارەکەیدا شێرکۆ بێکەس دەڵێت: زیاد ئەسعەد، ھەمو ژیانی خۆی داوە بەھونەرەکەی و تەنانەت بۆ چرکە ساتێ لێ دوور نەکوتۆتەوە. بەشی زۆری گۆرانییەکانی تری ئەم سەردەمە، گۆرانیەکانیان تەمەنیان کورتە زۆر زوو بیر ئەچنەوە، بەڵام بە شێکی باشی گۆرانییەکانی ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) وا لەسەر زاری گەنجەکانەوەء ئەوترێنەوە. کە ئەمەیش بۆ خۆی بەڵگەیەکی زیندووە بۆ زیندوویتی ئەو گۆرانیانە، (زیاد) جگە لەوەی خۆی دەنگی خۆشە، لەھەمان کاتدا ئاواز دانەرێکی بەتوانایە چەندیین گۆرانی بۆ گۆرانیبێژە ناسراوەکانی ئەم سەردەمە داناوە.
ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) لەلایەن ھونەرمەندان و پسپۆرانی بواری گۆرانی موزیکەوە شتگەلی زۆریان لەسەر ھونەر و توانای ئەو ھونەرمەندە گوتووە، کە ناکرێت لێرەدا ھەموو بخەینە بەر، موزیکژەن (گۆران کامیل) لەبارەی زیاد ئەسعەدەوە دەڵێت: زیاد ئەسعەد توانیویەتی چارەسەری نەبوونی تێکست و ئاوازی گۆرانی بدۆزێتەوە، ھێندە شارەزایە دەزانێ لە ھەموو شێواز و ستایلەکان گۆرانی دروست بکات، بۆیە من دەڵێم ئەگەر ئیبراھیم تاتلیساس بڵێت من کوردم، ئاوا ژمارە یەکە لەلای من، بەڵام ئەگەر ئیبراھیم بڵی من کورد نیم، ئاوا (زیاد ئەسعەد) ژمارە یەکە لەلای من، لە ریز بەندی ھونەرمەندانی کورد، چونکە من لەنزیکەوە بینیوومە ئەزانم چی پێەو چی لە باردایە ھونەری گۆرانی کوردی.
ئەلبومە نوێیەکەی زیاد بەکوێ گەشتووە؟
زیاد ئەسعەد بەردەوامە لە بەخششەکانی بۆ ھونەرمەندانی گۆرانیبێژی کورد، ھەر ئەوەشە وایکردووە چەند ساڵێکە بەرھەمی تازەی نەبیسترێ، ماوەی چەند مانگێکە ھەواڵی ئەلبومێکی گۆرانی ھونەرمەند لە ئارادایە، کە لەلایەن دوو کۆمپانیا لە کوردستان ئەرکی چاپ و بەرھەم ھێنان و بڵاو کردنەوەی ئەو ئەلبومەی (زیاد)ـی ھونەرمەند بگرنە ئەستۆی خۆیان، کەئەوانیش ھەریەکە لەکۆمپانیاکانی(بلو ترادەکشن، مێ ڤیژن) لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی کە لەمانگی ٧/ ٢٠١٠ گیرا بۆ خاوەنی یەکێک لەو کۆمپانیانە، ھونەرمەند (حەسەن غەفور) لەبارەی ئەلبومەکەی زیادەوە، حەسەن غەفور لەو کۆنگرەیەدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کەبەرھەمەکەی زیاد ئەسعەد بەنرخێکی زۆر کڕدراوە، ھەرچەندە شایەنی لەوە زیاترە، چونکە زیاد ھونەرمەندێکی گەورەیە، بەڵام ئامادە نەبوو نرخی ئەلبومەکە ئاشکرا بکات، حەسەن غەفور لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ١٠٠ ھەزار دانەی لێ چاپ دەکەنء چەند سەنتەرێکیش لەشارەکانی کوردستان بەڵێنی وەرگرتنی ئەو بەرھەمەیان داوە، بەڵام نرخی ئەو بەرھەمە ھەروەک نرخی بەرھەمی ھونەرمەندانی ترە، ھەرچەندە حەسەن غەفور خاوەنی یەکێک لەو کۆمپانیانەی کەبەرھەمەکەی زیادیان کڕیوە، لەمانگی ٧/٢٠١٠ کۆنگرەی رۆژنامەوانی بۆ بەرھەمەکەی زیاد ئەسعەد گرت، بەڵام ھەتا ئێستا ئەو ئەلبومەی زیاد ئەسعەد بڵاونەبووەتەوە، گۆڤاری دەنگ بۆ بەدواداچونی ئەلبومە نوێیەکەی زیاد ئەسعەد ھەوڵیدا پەیوەندی لەگەڵ زیاد ئەسعەد بگرێت، بۆی وەرنەگیرا، بەڵام سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو نزیک لەزیاد ئەسعەد لەوڵاتی سوید بەگۆڤاری دەنگی راگەیاند: ھونەرمەند زیاد ئەسعەد خەریکی کاری تۆمار کردنی گۆرانییەکانیەتی، ئەگەرچی لەکاتی خۆی نەتوانرا گۆرانیەکانی تەواو بکات، ئەویش بەھۆی ھەندێ گرفتی ھونەری، بەڵام ئەلبومەکەی لە تۆمار کردن و ئامادەکردنی گۆرانیەکانی بەردەوامەو، ھیچ گرفتێکی نیە، بۆندەکەشی لەگەڵ ھەردوو کۆمپانیاکە بەردەوامەو ھیچ گرفتێک لە نێوانیاندا نیە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی گۆرانییەکانی بریتیە لە (٩) گۆرانی زۆر جوان، ناوی لە ئەلبومەکەی ناوە (سوێند) کارێکی زۆر تازەیەو ئەم جارەیان (زیاد) ئاڕاستەی گۆرانی کوردی بەھەموو شێوەیەک دەگوڕێتء ئەو ئەلبومەی (زیاد ئەسعەد) دەبێتە داھێنانێکی گەورەی ھونەری.