مامەیارە ئەحمەد : دوای ئەوەی 54 یاری لە مۆندیالدا ئەنجام درا و هەشت هەڵبژاردە گەییشتنە قۆناغی هەشتەمی مۆندیال، ئێستا ڕکابەرییەکان سەرسەختانەتر و یارییەکان ئەستەمتر دەبن. هەینیی داهاتوو، دوو یاریی لە قۆناغی هەشتەمی مۆندیال ساز دەدرێت، یاریی یەکەم لە نێوان هۆڵەندا و بەڕازیلە لە (05:00ـی ئێوارە) کە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی (کلاسیکییە) چونکە ئەو دوو هەڵبژاردە زۆر جاری دیکە بەرەوڕووی یەکتر بوونەتەوە، لە دوایارییشدا لە مۆندیالەکان، هەردوو هەڵبژاردە لە مۆندیالی 1998ـدا پێک گەییشتن و دوای ئەوەی لە کاتی یاسایی یارییەکەدا 1 – 1 بەرانبەر بوون، بەڕازیل بە لێدانە یەکلاکەرەوەکانی خاڵی سزا یارییەکەی بردەوە.
هۆڵەندا کە خەونی بردنەوەی جامەکەی هەیە، پێ ناچێت بە ئاسانی خۆی ڕادەستی بەڕازیل بکات. بەڕازیلیش گەرەکی نییە لە جامەکە دوور بکەوێتەوە و دەیەوێت ئەستێرەی شەشەم بۆ سەر درێسەکانیان زیاد بکەن. بۆیە یارییەکە گڕی لێ هەڵدەستێت. یارییەکەی دیکەیش لە نێوان ئۆروگوای و غانا لە 09:30ـی شەوی هەمان ڕۆژدا دەبێت و پێشبنییەکان بە ئاڕاستەی بردنەوەی ئۆروگواین، هاوکات بەڕازیلی ئەفریقایش هەوڵی گەییشتن بە قۆناغی چوارەم دەدات.
ڕۆژی شەممەیش دوو یارییەکەی دیکە لە نێوان (ئەرژەنتین – ئەڵمانیا 05:00ـی ئێوارە) و (پارەگوای – ئیسپانیا 09:30ـی شەو) ئەنجام دەدرێت.
ئەرژەنتین لە مۆندیالی 2006 بە ئەڵمانیا دۆڕا، بۆیە ئێستا بە دوای تۆڵەدا دەگەڕێت، هاوکات ئیسپانیایش دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و هەوڵی گەییشتن بە یاریی نیوەی کۆتایی بدات.