وشیار ئەحمەد ئەسوەد : ئێمە ماوەیەکی کەم نییە چاوەڕوانی “هەبوو نەبوو”ەکەی لۆکەین، بێگومان لەبەر ئەوەی ئەو خاتوونە لە ئەلبوومی یەکەمیدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست هێنا، ئەمە وا دەکات چاوەڕوانی زیاتر و هەندێک جیاوازیشی لێبکەین.. ئەوەش دەزانین کە سەرکەوتنەکانی لۆکە پتر پێوەندیی بەدەنگ و ئەداکەی خۆیەوە هەیە، لەوەش بترازێ، هەڵکەوت زاهیر لە پشتی تەواوی توخمەکانی تری گۆرانییەکانیدایە و پشکی گەورەتری لەو سەرکەوتنە بەردەکەوێت، بۆیە ئێمە چاوەڕوانی پترمان لە “هەبوو نەبوو” دەکرد، ئەمە نەک بەو واتایەی لە ئەلبوومی دووەمیدا لۆکە خەوشیی نواندبێ، بگرە ئەوەی لە زۆرینەی گۆرانییەکانی “هەبوو نەبوو”دا هەستی پێدەکرێت، جیاوازییەکی ئەوتۆمان پێشان نادات کە بهێنی لە نووسین لەبارەیەوە قووڵ بینەوە، بۆیە من لێرەدا تەنیا دەتوانم چەند ئاماژەیەک بدەم، جیا لەوەش هەرچی بڵێم جوینەوەی ئەو نووسینەمە کە لەبارەی ئەلبوومی یەکەمیدا بڵاوم کردەوە.
بەبۆچوونی من کە پێشتریش ئاماژەم پێداوە، یەک لە کێشەکانی هەڵکەوت کۆکردنەوەی زۆرترین میلۆدی و کردنی بەگۆرانییە لە ئەلبوومێکدا، ئەم زۆرییە وا دەکات بەشێک لە خەوشەکانی زەق بنەوە، چ گومانم لە تواناکانی ئەو گەنجە نییە وەک پسپۆڕێکی بواری میلۆدی، بەڵام زۆرییەکە پەلەپەلییەکی ئاشکرای پێوە دیارە و ئەمەش تووشی وردە کێشەی دەکات، لە “هەبوو نەبوو”دا زۆر ئاشکرا ئەو خەوشە دەبینرێت، خەوش بەو واتایەی بەبەراورد لەگەڵ گۆرانییەکانی ئەلبوومی یەکەمی لۆکەدا، گۆرانییەکان لەگەڵ ئەلبوومی دووەمیدا گەلێک وێکچوون، ئەم وێکچوونەش جیاوازییەکانمان پێشان نادات، چونکە ئەوەی ئێمە تا ئێستا لە لۆکەمان وەرگرتووە، دەنگێکی پڕۆفیشناڵی گۆرانیی دروست کوردییە، پێشتریش گوتوومە ئەگەر هەڵکەوت هەر میلۆدییەکی ئەرەبێسک و تەڕەبیش بەو خاتوونە بڵێتەوە، ئەو ناتوانێ سۆزە تەڕەبییەکە پێشان بدات، چونکە بەکوردییەکی ڕەسەن گۆرانییەکە دەڵێتەوە، کەواتە دەنگی لۆکە زۆرترین بوار بۆ چێژەکانی بیسەر خۆش دەکات و وەک گۆرانیی کوردی تەواوی ئەو میلۆدییانەی لێوەردەگرن کە لەسەر ستایلە غەیرە کوردییەکان کاریان تێدا کراوە.
هەموو ئەوانەی ئاماژەم پێدان، لە گۆرانییەکانی “هەست- شێتی- گریان یەکەم ماچ” ئاشکراتر هەستیان پێدەکرێت، بێگومان هەندێک لە گۆرانییەکانی تریش بەدەر نین لەو توانجە، بەڵام ئەمانە ئەوپەڕی زەقی لە وێکچوونەکاندا دەنوێنن، بۆیە وەک پێشتریش بۆ هەڵکەوت زاهیرم کردووەتە پێشنیاز، ئەگەر لە ژمارەی میلۆدی لە ئەلبوومدا پەلەی نەکردایە، ڕەنگ بوو تا ئاستێکی ئەرێنی جیاوازیمان لە نێوان هەردوو ئەلبوومی یەکەم و دووەمی لۆکەدا هەست پێبکردایە.
لۆکە لە گۆرانییەکانی “هەبوو نەبوو-شێتی- وەرە ئەمشەو”دا پاڵەپەستۆیەکی ئاشکرا لە ئەداکردنیدا دەردەکەوێت، ئەمە دروست بەو شێوەیە وەریدەگرین کە بەر لە هەرسکردنی میلۆدییەکان، یان بەر لەوەی ئەشقێک لە نێوان خۆی و ئەو میلۆدییانەدا چەکەرە بکات، ئەو خۆی لە قەرەیان داوە.. بەڕاستی من ئەمە بەخەوشێک لە لۆکەدا نابینم، چونکە ئەو خاتوونە لە بەراییەکانی کاری هونەریدایە، بۆیە تەنیا ڕێنوێنییەکانی هەڵکەوت بەهەند وەردەگرێت، ئەویش بەو واتایەی هەر کارێک هەڵکەوت پێی وابێ سەرکەوتووە، لەلای لۆکەش بەسەرکەوتوو دێتە ژماردن، واتا هەڵسەنگاندنی هونەری هێشتا نەبووەتە کاری لۆکە، کەواتە ئەوەی خەوشەکەی دەکەوێتە ئەستۆ، هەڵکەوت خۆیەتی نەک لۆکە.
من گومانم لە توانا باڵاکەی هەڵکەوت زاهیر نییە و پێشتریش زۆری لەبارەوە دواوم، کەم کەسیش هێندەی من داکۆکیکاری ئەو ڕەوتە بوون و بۆ ئەمەیان باجەکەیم داوە و لێشی پەشیمان نیم، بەڵام دەهێنێ بۆ گەشەسەندنی پتری ڕەوتەکە، جاربەجار هەڵکەوت لە خەوشەکانی ئاگادار بکەینەوە، ئەگەرچی بەپێی شارەزایی خۆم لە جۆری کارکردنی ئەو گەنجە، ئەوەندەی بەئەقڵی هونەریی خۆی کار دەکات، ئەوەندە گوێگر نییە، واتا هەڵکەوت ڕەخنە وەردەگرێت، بەڵام هەرگیز کاریان پێناکات، کە ئەمەشیان دیسان خەوشێکی ترە.. بۆیە لێرەوە دەڵێم هەر هونەرمەندێک لە بوارێک یان چەند بوارێکی دیاریکراودا باڵادەست دەبێت نەک هەموو بوارەکان، ئەمەیان کێشەیەکی ڕژدی هەڵکەوت زاهیرە، ئەو خۆی لە قەرەی هەموو هەبوو و نەبووەکانیش دەدات بێئەوەی بیر لە ئاکام بکاتەوە، پێیوایە هەموو نوێیەک قبووڵکراوە.. ئەمانە ڕووی باسێکی ترن، بەڵام دەهێنێ بەهەڵکەوت بگوترێ پسپۆڕی میلۆدی لە ڕیتمە سەمائامێزەکان، یان ڕیتمە خێرا و مامناوەندییەکان، نەک یاریکردن لە سەر تەواوی ڕیتمەکان، بۆیە ئەگەر سەرنج بدەن، ئەوەندەی لە ڕیتمە سەمائامێزەکاندا سەمامان پێدەکات، نەیتوانیوە لە ڕیتمە “سلۆ” خاوەکاندا بمانخاتە ڕامانەوە، کەچی بێباکانە لە هەموو ئەلبوومێک و بۆ هەموو دەنگەکان کار لەسەر ئەو ڕیتمگەلە دەکات، ئەو مامۆستا و شارەزایەکی بوارەکەی خۆیەتی، بۆیە دەبوو بەر لە هەر کەسێکی تر درک بەو کەتوارە بکات و نەیکاتە خەمی خۆی و پێیوابێ دەتوانێ سەمای ڤاڵس و لەنجەیان لەگەڵدا بکات.
ئەمانە لەو گۆرانییانەی لۆکە کە لەسەر ڕیتمە خاوەکاندا کاریان بۆ کراوە ئاشکرا دەبینرێن، بەڕاستی ئەوە لۆکە نییە دەرەقەتی ئەدای ڕیتمە خاوەکان نەهاتبێ، ئەوە هەڵکەوتە دەیەوێ لە هونەری میلۆدیدا یەخەی بەڕ و بەحر بگرێ، کەواتە کارێکی باش دەکات ئەگەر هەڵکەوت تەنانەت وەک گوێگریکی ئاساییش لە ئێمەمانان بڕوانێت و حیساب بۆ بۆچوونەکانمان بکات، چونکە ئەو ئەسڵەن بۆ ئێمە کار دەکات و دەهێنێ بەبایەخیشەوە چێژەکانمان لە بەرچاو بگرێ.
وێڕای هەموو ئەمانەش کاری نایابی وەک (مێوژەکەی مام زۆراب) لە گۆرانییەکانی ئەو ئەلبوومەدا دەبینین، هەڵکەوت کە جار بەجار خۆی لە قەرەی ڕیتمە دەهۆڵییەکان و میلۆدییە دروست کوردییەکان دەدات، لە هەڵبژاردنی تێکستدا هەندێک هەژارە، بەڵام لە هەڵبژاردنی بابەتدا چەندی بڵێی بەسەلیقەیە، لە گۆرانیی “ئەیڕۆ”شدا هەمان سەلیقەی نواندووە، بەشبەحاڵی خۆم ئەو بەرهەمەی لۆکە بەژنانەترین گۆرانیی کوردیی سەردەم وەردەگرم، وێڕای سستیی تێکستەکەی، بابەت تێیدا سەرفرازە و پێویستیمان بەو جۆرە میلۆدی و گۆرانییانە لە هونەری کوردیدا هەیە، وەک پێشتریش گوتوومە هەڵکەوت لەبەر ئەوە یاری لەگەڵ ئەو میلۆدییە دەهۆڵییانەدا ناکات چونکە خۆی باوەڕ و حەزی لە سەریانە، بەپێچەوانەوە تەنیا دەیەوێ لە ڕێگەیانەوە نقورچ لەو کەسانە بگرێت کە بەردەوام بەشێوێنەری گۆرانیی کوردیی ڕەسەنی دەچوێنن، منیش دەڵێم ئەوە گرنگ نییە ئەو چۆن لەو هەڵوێستە دەڕوانێ، ئەوەی جێگەی بایەخە سەرکەوتوویی ئەو گۆرانییانەیە بۆ دەنگی خاتوونەکانی.
لە گۆرانیی “سەیرەکەی”دا کە میلۆدییەکی پڕ جووڵەمان گوێ لێدەبێ، لۆکە هەوڵی داوە ئەدایەکی عەرەبیمان پێشان بدات، ڕاستە ئەو گۆرانییە لەسەر ڕیتمی ڕۆژهەڵاتی لەسەر پەیژەی مەقامی “ڕاست”ەکە هەڵکەوت پێی ناسراوە، بەڵام دیسان دەنگە کوردییەکەی زاڵە بەسەر ئەدا عەرەبییەکەیدا کە بەلای منەوە ئەوەیان لە جوانییەکانی دەنگی لۆکەیە، هەر کەسێکی شارەزاش لە موزیک و گۆرانی گوێ لەو گۆرانییە بگرێت، هەست بەوە دەکات ئەوەندەی گۆرانیی “سەیرەکەی” پێویستی بەدەنگی دویتە بوو، گۆرانیی “دڵ” پێویستی پێ نەبوو و دەبوو هەڵکەوت وردتر کاری تێدا بکردایە، بەڵام من پێموایە لە ئەلبوومی “هەبوو نەبوو” هەموو تواناکانی لۆکە و هەڵکەوت لە گۆرانیی “فەنەر”دا کۆ بوونەتەوە، نەک لەبەر ئەوەی چێژی پترم لێوەرگرتبێ، بگرە لەبەر ئەوەی “فەنەر” لە میلۆدییە دروست کوردییەکانە کە ئەوانەی ڕەخنەی هەڵکەوت زاهیر دەکەن و بەشێواندنی گۆرانیی کوردی تۆمەتباری دەکەن، نایانەوێ ئەو جۆرە میلۆدییەی ئەم گەنجە ببینن، ئاخر لە “فەنەر”دا هەڵکەوت تەواوی بۆچوونە نەرێنییەکان پێچەوانە دەکاتەوە و توانا شاراوەکانی دەردەخات کە پێموایە دەبوو لە دروستکردنی ئەلبووم بۆ هەر هونەرمەندێک چەند کارێکی لەو جۆرەی بکردایەتە جۆرێک لە تەحەدا و بەرپەرچدانەوە.
هەموو ئەمانە جیان لە گۆرانیی “یادگاری” کە هەڵکەوت دوو دەنگی دوور دووری تێدا بەکار بردوون، ئێمە پێویستیمان بەوە نییە پتر قسە لەسەر جۆر و سۆز لە دەنگی لۆکەدا بکەین، بەڵام بەهیچ کلۆجێک دەنگی بەلقیس دۆسکی و لۆکە ئاوێتە نابن، کەچی هەڵکەوت ئاوێتەی کردوون.. من دەڵێم ئەو گۆرانییە تەنیا بووەتە قوربانی موجامەلەیەکی تەڕ و تازە، ئەدی ئێمە بەلقیس وەک هونەرمەندێکی کۆن و خاوەن قوربانی بۆ سەردەمەکەی خۆی وەردەگرین و هەمیشە بەبەرزی ڕامانگرتووە، بەڵام دەهێنی ئەو خاتوونە خۆیشی ئەوە بزانێت کە جارێکی تر ناتوانێ بەدەنگی ساڵانی سەرەتای حەفتاکان خۆیمان پێ بناسێنێتەوە، کەواتە بۆچی دەنگی لۆکەیشی لەگەڵدا بکوژرێت؟! ڕاستیتان دەوێ من لەو باوەڕەدا نیم هەڵکەوت نەکەوتبێتە ژێر کاریگەریی موجامەلەیەکی سەیرەوە کە بەڕاست لێی ناوەشێتەوە، چونکە ئەو هەمیشە لە کەسایەتییە بوێرەکاندا خۆی بەرجەستە کردووە، بۆیە دەهێنێ لانیکەم بۆ ئەو گۆرانییە پێی بڵێین “ئاخر هەڵکەوت گیان هونەر وانابێ”.