ئەگەر کار بۆ مێژوویەکی زۆر دوور نەکەم، هەرکار ناکەم
لە ماوەی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر هونەری کوردیدا هاتووە، ڕۆژانە لە کەناڵە ئاسمانی و لۆکاڵییەکان زۆر ستایلی جیا دەبینرێت، بە تایبەتی لە شێوازی گۆرانی گوتن و ڕیتمی میووزیکدا، لەو چوارچێوەیەشدا لە ڕاگەیاندنەکان ڕەخنەیەکی زۆر هەست پێ دەکرێت، بە شێک پێیانوایە ڕەسانایەتی هونەری کوردی لە فەوتانە و بەشێکیش ئەم کارانەی ئێستا بە تازەگەری وەسف دەکەن.
ئاوازدانەر و ڕاوێژکاری ئێستای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کارووباری هونەری (هەڵکەوت زاهیر) ماوەیەکە کارەکانی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات، بۆ ئەم مەبەستە و بۆ شڕۆڤەکردنی ئەم باسە و قسەکردن لەسەر بارودۆخی ئێستای هونەری کوردی، (هەڵکەوت زاهیر)ـمان ڕووبەڕووی چەندین پرس کردەوە.
* هونەری کوردی بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتردا، گۆڕانکارییەکی زۆری بە سەردا هاتووە جەنابت ئەو گۆڕانانە چۆن شرۆڤە دەکەیت؟
ـ بە دڵنیاییەوە گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە، بە شێوەیەکی باش و پۆزەتیف ئەویش بە هۆی تێگەشتن لە ڕای گەنج کە یەکەم هاندەرە بۆ گۆڕانکارییەکان، چونکە هەمیشە گەنج حەز بە گۆڕانکاری دەکات، هونەرمەندیش پێویستی بەو گۆڕانکارییە هەیە بۆ جەماوەرەکەی، من وەک کارەکانی خۆم هەوڵم داوە هەستی حەز و خولیای خەڵکی ڕەچاو بکەم و لەو چوارچێوەیەدا کارم کردووە، هەوڵمداوە ستایلی میووزیک بهێنمە پێشەوە بۆ ئەوەی هەرکەس حەزی بە چی کرد گۆێ بیستی ئەو جۆرە میوزیکە بێت، ئەوەیش بە یەکەم هەنگاوی پیشڤەچوون دەژمێردرێت بۆ نزیکبوونەوە لە یەکتری، بە تایبەت لە میووزیک کە زمانێکی گشتی دنیاییە.
* ئەمڕۆ زۆر باس لەوە دەکرێت کە میووزیکی بیانی تێکەڵ بە میووزیکی کوردی دەکرێت، واتا لە دەرەوەی کوردستانەوە هاوردە دەکرێت، جەنابت وەک شارەزایەک لە میووزیک پێت وایە لێکدان و تێک هەڵکێشکردنی ئەو دوو بوارە سوودبەخش دەبن بۆ هونەری کوردی، یا خود بە زیان بەسەرماندا دەشکێتەوە؟
ـ بێگومان سوودمەند دەبین، چونکە ئەوان خاوەنی چەندین قوتابخانەی گەورەی میووزیکن دەبێت ئێمە لە چەشن و جۆری ستایلی میووزیکی بیانی سوود وەرگرین، بۆ فێربوون و دواتر وەکوو ئەزموون بتوانین کاری لەسەر بکەین، میووزیک وەکوو یەکێک لە هەموو بەشەکانی دیکەی ژیان پێویستە، چۆن قووتابی دەچێت بۆ خۆێندنی ( پزیشکی و ئەندازیاری) و بەشەکانی دیکە، بۆ موزیکیش بە هەمان شت، پێویستمان بە زانستی دەرەوە هەیە بۆ پرۆفشوناڵ بوونی میووزیک و دەوڵەمەندبوونی میووزیک لە کوردستاندا.
* زۆربەی هونەرمەندان و شارەزایانی بواری میووزیک پێیان وایە کە ئێستا هونەری کوردی لە قەیراندایە، ئایا بەڕێزیشتان هەمان ڕاتان هەیە؟ یاخود لێک تێک نەگەیشتنێک بە دی دەکرێت؟
ـ نەخێر میووزیک لە کوردستاندا لە باشترین وێستگەیە، ئێستا بە هۆی ئاشتکردنەوەی زەوقی گەنجان بە شێوەیەکی گشتی، پێشتر لە کوردستاندا بە کەمی حەز لە گۆرانییەکان دەکرا و گەنجان زیاتر گۆێبیستی (موعین ئەسفەهانی وجورح وسوف و ئیبراهیم تاتلس و هایدە و زۆری دیکە) دەبوون، هەرچەندە ئەوە مافی سرووشتی هەرکەسێکە کە گوێ لە چی دەگرێت، چونکە گۆێگرتن مافی هەرتاکێکە حەز بە چی دەکات، بەڵام ئێستا هونەرمەندامان زۆرن کە گەنجان حەز دەکەن هەستی خۆیان پێ تێکەڵ بە ناخی گۆرانییەکان بکەن، بۆ نموونە ئێستا جەماوەر زۆرتر گۆێبستی ( لۆکە، میرا، لەیلا فەریقی، چۆپی فەتاح، هانی، دەشنی، پەیوەند جاف، ناسلی، شانیا و نیلیسا) و چەندین هونەرمەندی دیکە دەبن، ئەم ناوانەم وەک نموونەیەکی بەرچاو هێنایەوە و چەندین هونەمەندی دیکەیش بە هەمان شێوە، بۆیە بە بڕوای من تێنەگەیشتن نییە، بەڵکوو ڕاکردن لە واقع ئەمڕۆ لە کوردستان هەستی پێ دەکرێ، کە ئەمە بنەڕەتی کێشەکەیە، کەسانێک کە توانایان دیاری کراوە، بە شێوەیکی نێگەتیف سەیری پرۆسەکە دەکەن.
* دوو بۆچونی جیاواز هەیە لە ناو میدیای کوردی بەشێکیان پێیانوایە جەنابت خزمەتت بۆ دەساڵی داهاتووش کردووە و بەرگری لە کارەکانت دەکەن، بەشێکی دیکەیش کارەکانت بە زیان وەسف دەکەن، ڕوونکردنەوەی ئێوە چییە بۆ ئەو دوو بۆ چوونە؟
ـ سوپاس بۆ بۆچوونی هەردوو لا، من ڕێز لە هەموو بۆچونێک دەگرم، چونکە هەرتاکێکی کۆمەڵگا مافی ڕادەربڕینیان هەیە، من ئەگەر کار نەک بۆ دەساڵ، بۆ مێژوویەکی زۆر دوور نەکەم هەرکار ناکەم، بە بڕوای خۆم توانییوومە زۆرترین پانتایی پڕکەمەوە لە میووزیک و گۆرانی، هاوکات چەندین قوتابیم پێگەیاند کە هەریەکەیان بپێگەیەکی باشیان لە نێو هونەری کوردی بنیاتناوە و خاوەن هەوادارێکی زۆرن، لە لایەکی دیکەیشەوە زۆر ئاساییە کەسانێک ئەزموونی من بە زیان تێبگەن، بەڵام ئەو کەسانە زۆر کەمن، هەرماوەیەک و یەکێک لەوانە دێت دەڵیت من درەنگ لە کارەکانت تێگەیشتم دەست خۆشیم لێ دەکات، من بۆ خۆم مرۆڤێکی ئارامم و هیچ پەلەم نییە و قەتیش توڕە نابم، هەر قسەکردنی ئەو کەسانەی کارەکانیی من بە زیان تێدەکەن خۆی لە خۆیدا بڕوا هێنان و ترسە، چونکە من نەم بینیوە مرۆڤ قسە لەسەر کارێک بکات ئەگەر فاشل بێت و جێگەی ئەوەی نەبێت قسەی لەسەر بکرێت. هەمیشە قسە کردن لەسەر کارێک کە دەنگدانەوەی هەبێت بە شێک قبولی دەکات و بەشێکی دیکەیش دژی دەبێت.
* بەلای جەنابت کام ڕخنە بنیات نەرە، ئاراستەی ڕەخنەگرانی کوردستانیش چۆن دەبینی؟
ـ من ڕەخنەم زۆر بە کەمی بینیووە، چونکە ڕەخنەگرمان لەو بوارەدا زۆر کەمە، جگە لە کاک (وشیار ئەحمەد و ڕزگار چووچانی) کەسی دیکەم شک نەبردووە، کە بە شێوەیەکی ئەکادیمیانە ڕەفتار بکەن، چونکە بەردەوام تەدەخولی تەوزەوقی منیان کردووە، ئەمەیش مافی هیچ کەسێک نییە، جگە لە خۆم نەبێت، خۆزگە لە بواری میوزیکیش کەسانی وەک مامۆستا (حەمەسەعید حەسەن)ـمان دەبوو، کە ئەو ڕەخنەی ئەدەبی بە ویژدانەوە و بە شارەزایی دەگرێت. هەر وشەیەکی وەک مسقاڵ (ئاڵتون) بەکار دێنێت هەست بە بەرپرسیاریەتی ورد و گەورە دەکات.
* لە ئێستادا هیچ وەڵام و پەیامێکی گەشبینانەتر هەیە بۆ هەوادارانی میووزیکی کوردی؟
ـ من هەمیشە تا بتوانم بەردەوام دەبم، هاوکات کار لەسەر کاری باشتر دەکەم، هەموو کەسانی دیکەیش ئازادن لە ڕاکانیان نەک ڕەخنە، بەڵام دڵنیام کە کار و میووزیکی من هەمیشە بۆ خزمەت و زەوقی هەوادارانە و سوپاس بۆ ئەو جەماوەرە خۆشەویستانەی کە هەمیشە بوونەتە پاڵپشت بۆ ئێمە، زۆر ئاسوودەشم کە دەبینم زۆرینەی هۆگرانی هونەری کوردی کارەکانی منیان قبوڵە و بە حەزەوە دەڕواننە کارەکان، هەمیشە لە تازەترین بەرهەمی ئێمە ئاگادارن و گۆێ بیستی کارەکانمان.
* دەنگۆی ئەوە هەیە کار بۆ دامەزراندنی کەناڵێکی هونەری کوردی دەکەی؟
ــ من هەمیشە لە هەوڵی ئەو پرۆژەیەم، بەڵام زەمەن و کاتی خۆی دەبێت، ئەگەر تەمەن هاوکارمان بێت و بمێنین ئەو کەناڵە لە داهاتوودا دەکرێتەوە، هیوادارم بتوانم ئەو کارە بکەم، دڵنیام زۆرینەی جەماوەر دەبنە هۆگری ئەو کەناڵە، چونکە ڕۆژانە هەزاران کەس داوا دەکەن بە هۆی بوونی بۆشاییەک بە نێو هونەری کەناڵەکاندا، هەروەها لایەنگرانی زۆرمان هەیە و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی لە دایکبوونی کارێکی لەو جۆرە دەکەن، هیوادارم بتوانین وەڵامدەری ناخی ئەو جەماوەرە خۆشەویستە بین. لەگەڵ سوپاس و ڕێزم بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان لە ناوەوەو لە دەرەوە.
کارۆخ مەلائەسعەد
07507767036