دوای ئەوەی لە 3 ژمارەی یەک لە دوای یەک، گۆڤاری هۆنیا دیمانەی خاتوونێکی بەناوی “چرا ئەحمەد” بڵاوکردەوە، کە تیایدا بەشێوازێکی زۆر نەرێیانە باس لە هەڵکەوت زاهیر و ستافەکەی دەکات، لە بەرامبەردا هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر سکاڵایەکی یاسایی لەسەر گۆڤارەکە تۆمار دەکات و سەرجەم ئەو قسانەی لە گۆڤارە بڵاوکراونەتەوە بەتەشهیری دەزانێت.
دەرباز یونس بەرێوەبەری راگەیاندنی کارە هونەرییەکانی هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر لە لێدوانێکی بۆ دەزگاکانی راگەیاند گوتی “گۆڤاری هۆنیا لە 3 ژمارەی یەک لە دوای یەکیدا، (40، 41، 42) دیمانەی خاتونێکی بەناوی (چرا ئەحمەد) کردووە، بەناوی دیمانەی بەڵگە ئامێز، کە تیایدا کۆمەڵێک قسە لە بارەی هەڵکەوت زاهیر باسکراوە، کە هیچیان بەڵگەیان لەگەڵدا نییە”. زیاتر گوتی “لەبەر ئەوەی شوێن و ئەدرەسی (چرا ئەحمەد) دیار نییە، ناچاربووین سکاڵاکە رووبەرووی گۆڤاری هۆنیا بکەینەوە، چونکە سەرجەم ئەو قسانەی لە 3 ژمارەی گۆڤارەکە بڵاوکراونەتەوە بەڵگەیان لەگەڵ نییەو بەپێی یاسا دەچنە قالبی تەشهیر و سوکایەتییە بەکەسایەتی ئێمە کراوە”.
دەرباز ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە چەند رۆژی داهاتوودا هۆنیا رووبەرووی دادگا دەبێتەوەو سەرئەنجام بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.