هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر، کە تائێستا چوار سەد ئاوازى بۆ گۆرانیبێژانى کورد و عەرەب داناوە، دەڵێت “ساڵ و نیوێک لەمەوبەر ناوى من و هونەرمەندێکى هیند بەناوى دکتۆر سورامان، هەڵبژێردرا بۆ چوونە ناو کتێبى گینس، لەسەر زۆرترین ئاوازى ساڵ، ئێستا ئەو مەقالەیە لەسایتى گوگل، بەسەرجەم زمانەکانى دنیا هەیە”. ئاوازدانەر هەڵکەوت زاهیر، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (سڤیل)، کە لە ژمارەکانى داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە تائێستا هیچ کەسایەتى و سەرکردەیەکى کوردى بەهێندەى ئەو، لە میدیاى کوردى لەسەرى نەنوسراوە، کە پێشى وایە 90%ى ئەو قسانەى لەسەر ئەو نوسراون، تەشهیر بووینە، “تائێستا یەک ملیۆن جار تەشهیرم پێکراوە”. بەڵام هەڵکەوت زاهیر دەڵێت “من نابینم لە کوردستان یاسایەکى واهەبێ، کە بتوانێ لە دادگا مافت وەربگرێ”.
بەپێچەوانەى ئەو راپۆرت و هەواڵانەى، کە پێشتر لە بارەى تێکچوونى پەیوەندى خۆى و باخان بڵاوکراونەتەوە، دەڵێت “هونەرمەند باخان لەمن هەڵنەگەڕایەوە، بەداخەوە خەڵکى خراپ هاتە نێوانمانەوە، هەوڵى تێکدانى نێوانى ئێمەیاندا، تائێستا هیچ وتەیەکى ناشیرن لە زمانى منەوە بەرامبەر بە باخان دەرنەچووە، چونکە باخان بەشێکە لە مێژووى من”. هەڵکەوت زاهیر هەر لە بارەى باخانەوە دەڵێت “باخان یەکێکە لە باشترین دەنگەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، چۆن فەیروز بووەتە مایەى شانازى لوبنان، بێگومان بەردەوامبوونى باخان لەگەڵ من، بەهەمانشێوە لە کوردستان تەماشا دەکرا”.
لەچەند هەفتەى داهاتوودا دەقى چاوپێکەوتنەکە لە گۆڤارى سڤیل بڵاودەکرێتەوە.