كارۆخ مەلائەسعەد: گۆرانیبێژی لاو (هەڵوێست) بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند، سەرقاڵی بەرهەمهێنانی كارێكی تازەیە، ئەو كارەیشی گۆرانییەكی سینگڵ و دروستكردنی كلیپێكە.
لەمبارەیەوە ناوبراو گوتی: “گۆرانییەكەم لە ئاوازی خۆمە و هۆنراوەی (ئەحمەد مەحمەد)ـە، هەروەها میووزیكەكەیش (ئاریان جەلال) دابەشی كردووە و دەنگەكەیش لە ستۆدێۆی (ڤینۆ) تۆمار كراوە.”
زیاتر باسی لە ناوەڕۆكی ئەو كارە تازەیەی دەكات و دەڵێت: “هەمان گۆرانیشم كلیپ كردووە و لە ئاییندەیەكی نزیكیشدا لە ڕێگای كەناڵە كوردییەكانەوە پەخش دەكرێت، هاوكات دەرهێنان و وێنەگرتن و مونتاژی كلیپەكە (ئارام سەردار) بە ئەنجامی گەیاندووە، كارە هونەرییەكانی كلیپەكەیش لە لایەن (شەهرام سەردار) و (بۆتان ئەبووبەكر)ـەوە بووە. (داریان سەڵاح)ـیش هاوكاری لەو بەرهەمەدا كردووە.”
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە جارێ هیچ ناوێكی بۆ گۆرانییەكە دانەناوە. هەروەها ئەو كارەی لە لایەن (فینۆ پڕۆداكشن)ـەوە بەرهەم هاتووە.