دوای ئەوەی (هەڵدێر) لە بەرنامەی “ستودیۆی ئەستێرەكان”ـدا وەك هونەرمەندێك خۆی نیشان دا و بەشێك لە كارەكانی لەگەڵ ئاوازدانەر (هەڵكەوت زاهیر)ـدا ئەنجام دا و ئێستایش ماوەیەكە و لە ستافەكەی (هەڵكەوت زاهیر) دوور كەوتووەتەوە. ڕۆژنامەی “هەولێر” لە پێناو هۆكاری دوورە پەرێزیی لە مامۆستایەكەی و كارەكانی داهاتووی، هونەرمەندی لاو (هەڵدێر)ـی بەسەر كردەوە
لە دەستپێكدا بە پرسیاری هۆكاری دیارنەكەوتنی (هەڵدێر) دەستمان پێ كرد و لەم بارەیەوە گوتی: “من ئێستا هیچ پڕۆژەیەكم لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئەگەر ئەمجارە كارێكی هونەریش ئەنجام بدەم، بۆ خۆم ئەنجامی دەدەم، هەر چەندە ئێستا من كارەنم وەستاندووە و زیاتریش سەرقاڵی مامۆستایەتیم…”
لەبارەی ئەوەی كە ماوەیەكە (هەڵدێر) لە پاڵ ستافەكەی (هەڵكەوت زاهیر)ـدا دەرناكەویت، ئەو دەڵێت: “دەمەوێت لە داهاتوودا پڕۆژە هونەرییەكانم بۆ خۆم ئەنجامیان بدەم چی لە ڕووی میلۆدی چی لە ڕووی میووزیكەوە.”
لە بەرسیڤێكدا لە بارەی هەڵسەنگاندنێك بۆ ئەو كارانەی پێشتر لە ژێر سەرپەرشتیی (هەڵكەوت زاهیر)ـدا بۆی كراوە، ئەو هونەرمەندە لاوە گوتی: “بەڕاستی من ناتوانم هیچ ڕوونكردنەوە و هەڵسەنگاندنێك بۆ كارەكانی ئەو ئاوازدانەرە بكەم، ئەو كات لێ ڕازیبووم، بێگومان من بەو ستایلە ناسرام كە (هەڵكەوت زاهیر) بۆی ئەنجام دام، بەڵام هەستم كرد ئەگەر بەردەوام بم لەم شێوازە، ڕەسانایەتیی خۆم لە دەست دەدەم.”
دواتر لەبارەی بوونی كێشە لەگەڵ (هەڵكەوت زاهیر)ـدا، (هەڵدێر) ڕەتی كردەوە كە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ (هەڵكەوت زاهیردا) هەبێت و گوتی كە ئەو هیچ گرفتێكی لەگەڵ مامۆستا (هەڵكەوت زاهیر)ـدا نییە، تەنیا وەك وەك مافێكی سرووشتیی خۆی و لە چوارچێوەی ئازادیی بیروڕادا لە (هەڵكەوت زاهیر) دوور كەوتووەتەوە.
پاشان لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا، (هەڵدێر) ڕەتی كردەوە جارێكی دیكە كارەكانی بە (هەڵكەت زاهیر) بسپێرێ و دەڵێت: “پێش (هەڵكەوت زاهیر) بە شێوەیەكی ئەكادیمی میووزیكم خوێندووە، واتە لە ئێستادا كەسێكی شارەزام لە بواری میووزیكدا، بۆیە ئەو كەسەی كە لە داهاتوودا بۆ كارە هونەرییەكانم پشتی پێ دەبەستم، تەنیا خۆمم.”
وەك هونەرمەندێكی تازە دەركەوتوو، (هەڵدیر) ئاماژەی بۆ كارەكانی ئێستای گۆرانیبێژە لاوەكان كرد و گوتی، زۆرێك لە كارەكانی گۆرانیبێژە لاوەكانی ئێستا تەنیا لە ماوەی مانگێكدا گۆرانییەكەی دەمرێت و خۆیشی كپ دەبێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە: ئ”ەو ستایلەی هەڵیدەبژێرن، دوورە لە ڕەسەنایەتیی میووزیكی كوردی، بۆیە گۆرانییەكان تاموچێژ نادەن. من خۆیشم كەسێك بووم كە لەو چوارچێوەیە و لەسەر ئەو ستایلە كارم كردووە، بەڵام ڕەنگە ئەم كارانە ببنە وانەیەك بۆ من، جا بە باش یان خەراپ، بەڵام پەشیمانیش نیم كە بەو ستایلە كارم كردووە، چونكە ناتوانم نكۆڵی لەوە بكەم كە بەو ستایلە دەركەوتوومە.”
لە كۆتاییدا جارێكی دیكە (هەڵدێر)ـمان گەڕاندەوە بۆ ڕابردوو و لێمان پرسی بە دەنگی كام هونەرمەند لە سەردەمانی (هەڵكەت زاهیر)ـدا سەرسام بووی؟
ئاماژەی بە هونەرمەند (باخان) دا و سەرسامیی خۆی بە كارەكانی ئەو خانمە گۆرانیبێژە دەربڕی.
لە بارەی پڕۆژەی داهاتوویشی. (هەڵدێر) گوتی كە لەوانەیە كارەكانی دوابخات، ئامانجیشی لەم كارە، دەیەوێت ستایلی پێشووتری بگۆڕێت.
ديمانة: كاروخ مةلا ئةسعةد