كارۆخ مەلا ئەسعەد :(هەڵبەست سەڵاح) كە یەكێكە لەو ژەنیارە دیارانەی كارەكانی لە ڕووی دابەشكردنی مووزیكەوە بەرچاون و لە چەندین پڕۆگرامی هونەریدا سەرپەرشتیاری گروپ بووە، لە هەمان كاتیشدا ئاوازی داوەتە زۆرێك لە هونەرمەندە دیارەكانی كوردستان، دوای ئەوەی ماوەی ساڵێك سەرقاڵی مووزیكێكی تازە بە ناوی (یاد) بوو، لە ئێستادا ئەو كارەی بە كۆتا هاتووە و بڕیاریش وایە لە هەفتەی داهاتوودا لە سەرجەم كەناڵە لۆكاڵی و ئاسمانییەكانی كوردستاندا بڵاوی بكاتەوە و بە گوێرەی گوتەی خۆیشی، لە چەندین كەناڵی بیانییشدا پەخش دەكرێت.
ئەو لە لێدوانێكدا بۆ “هەولێر” باسی لەو كارە تازەیە كرد و گوتی: “ماندووبوونێكی زۆرم بە دەست دروستكردنی ئەو بەرهەمە تازەیەمەوە چەشتووە و هەوڵم داوە ئەو كارەم بە جۆرێك ئیشی تێدا بكرێت، بۆ چەندین ساڵی دیكەیش هەر وەكوو كارێكی نوێ و سەردەمی سەیر بكرێت.”
(هەڵبەست) لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا، دەڵێت: “مووزیكەكە ئاواز و دابەشكردنی لە لایەن خۆمەوە بووە، دابەشكردنی ئەكۆردوو سكۆنف (هێمن حوسێن) جێبەجێی كردووە. ئەندازیاری دەنگ (هۆگر عەزیز) بووە، هەروەها (بەهجەت نەجات) كاری مایسترینگی بۆ كردووە، ڤۆكاڵیش لە لایەن (دڵنیا)ـوە بووە، وێنەگرتن و دەرهێنانی (شۆڕشڤان) كاری بۆ كردووە، كە لە هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بە كوالێتییەكی بەرز و پڕۆفیشناڵانە وێنەی گیراوە و هاوكات بە بەشداریی كۆمپانیای (دەنگی ستۆدیۆ، ستۆدیۆی سۆڵۆ، ستۆدیۆی بێس، ستۆدیۆی میلۆدی) بەرهەم هاتووە. سیناریۆكەیشی یادێكە بۆ تەمەنی منداڵی و كۆمەڵێك بیرەوەریی تەمەنی منداڵی بیر دەخاتەوە.”
ئەو جگە لەو كارە تازەیەی، ئاماژەی دا كە كارێكی دیكەیشی لە بەردەستە و ئەویش بریتییە لە گۆرانییەكی ئۆركێسترایی كە ئاواز و تێكست و دابەشكردنی لە لایان ناوبراوەوە دەبێت، ئەو گۆرانییەیش دوو گۆرانیبێژی گەنج دەیچڕن و گوتی كە ئەو كارە بۆ ئەو وەكوو خەون و خەیاڵێك دەبێت، چونكە دڵنیایە ئەو بەرهەمە دەچێتە چوارچێوەی كارە باشەكان و خۆی دەخزێنێتە ناو ئەرشیڤی گۆرانییە هەمیشە زیندووەكانەوە.