ئاکۆ عارف : دواى دامەزراندن و دروستکردن یان دروستکردنەوەى تیپى تۆپى پێى هەڵبژاردەى کوردستان و بەشداریکردنى لە پاڵەوانێتى فەڵەستین و پاڵەوانێتى ڤیڤا و دەستەبەرکردنى جامى ڤیڤا ئێستا کاتى ئەوە هاتووە ئەم تیپە بەدامەزراوەى بمێنێتەوەو زیاتر لەوەش گرنگى پێبدرێت و کۆڵەکەکانى بونیادنانى جێگیر تر وتۆکمەتربکرێت ، ئەمە خواستى هەوادارانى وەرزشى و زەروورەتێکى مێژووییە و ئەم قۆناغە و قۆناغەکانى تریش هەر ئەوەمان لێدەخوازێت .
کە هەرێمەکانى ووڵاتانى جیهان خاوەنى هەڵبژاردەکانى تۆپى پێ بن ، کەواتە بۆ هەرێمى کوردستانیش بوونى تیپى تۆپى پێى هەڵبژاردەى کوردستان پێویستە و زەمینە سازى زۆر یش بۆ ئەو ئەرکەو بەجێهێنانى لە واقع دا رەخساوە ، ئێستا لە هەر لایەنێکەوە یاخود لەهەر روانگەیەکەوە زەرورەتى بوونى هەڵبژاردەکە لێکبدەینەوەو هەڵبسەنگێنین دواجار لە خاڵى بوون و مانەوەى تیپەکەدا جێگیر دەبین و ئەوەندەى بزانین هیچ بەهانەیەکیش نییە بۆ نەمان و نەبونى ئەو تیپە .
ئێمە لە کوردستاندا خاوەنى دام و دەزگا و یانە و تیپە وەرزشیەکان و خاوەنى لیژنەى ئۆڵۆمپى کوردستانین و ساڵانە خول و پاڵەوانێتى بۆ تیپەکانمان رێکدەخەین ، تەریب بەوەش هەوادارێکى چاکمان بۆ وەرزش لە ناوخۆ و دەرەوەداهەیە ، تەواوى کۆمەڵگاى کوردیش لە رووى سۆز و هاندانەوە و بەگەرانەوەش بۆ هەستى نەتەوایەتى پاڵپشتى هەڵبژاردەى کوردستانن ، بەدرێژایى هەموو قۆناغ و سەردەمەکانیش تیپى تۆپى پێى هەڵبژاردەى کوردستان ئومێدێکى زیندوو و خەونێکى سەوزبووە و لەرۆحى هەرتاکێکى کوردستانیدا ئەو ئومێد و خۆزگەیە نەک نەمردووە بەڵکو رۆژ دواى رۆژ چراى ئەو هیوایە گەشتر داگیرساوە .
لە حاڵەتى مانەوەى تیپى تۆپى پێى هەڵبژاردەى کوردستاندا دەکرێت بەدەر لە هەر هەست و پاڵنەرێکى بیرى نەتەوەیش بۆ بەدیهێنان و بەجێهێنانى تەواوى خەون و ئامانجەکان کە ئەمە خاڵێکى سەرەکیە ، تەواوى ئەنجام و دەرنجامە باشەکانى تیپى هەڵبژاردەى کوردستان لەم چەند ساڵە نزیکەدا بۆ ئێمە هێز وگڕو تین و هۆکار گەلى لەسەر پێ وەستانى تیپەکەبن ، بەڵام ئەمەش بە واتاى ئەوەنا لەدواى دەستەبەرکردنى جامى ڤیڤا و ئەنجامە باشەکان ى تر لەسەر چەپکە گوڵى سەرکەوتن خەومان لێبکەوێت ،بەڵکو دەکرێت ئێمە تیپەکانمان بەتایبەتى تیپى تۆپى پێى هەڵبژاردەى کوردستان بە لەبەر چاوگرتنى کۆى هەڵە و بەرەخنەى دروستکەر دامەزراوتر بکەین و بە پلانى زانستى نەخشە رێى هەنگاوەکانى پێ هەڵگرین ، زەرورەتى بوونى هەڵبژاردەى کوردستان بەتەنیا لەوەدانیە لەدواى ئەوەى جامى ڤیڤا ى دەستەبەرکردووە ئیتر هەموو شتێک تەواوە ، بەڵکو حەتمیەتى بوونى هەڵبژاردەى کوردستان لە زەمینە سازى و لەزێڕینى سەردەم و لە ئاوێتە بوونى رۆحى وەرزشى و نیشتمان پەروەرى کۆى تاکەکانى کۆمەڵگەى کوریدایە .