ڕۆژی یهك شهممهی 7 ی تەمموز، شەشەمین دیداری کاریکاتێریی نێودهوڵهتی لە قاهیرەی پایتەختی میسر کرایەوە، دیدارەکەش لە گەلەری کۆشکی میر تاز لە قاهیرە سازدرا و بۆ ماوهی دوو هەفتەش بهردهوام دهبێت، کە لەلایەن کۆمەڵەی کاریکاتێری میسری و بە هاوکاری چەندین دەزگای هونەری و ڕۆشنبیریی میسری رێکخرا.
هەندرێن خۆشناو وەکو شێوەکار و کاریکاتێریستێکی کوردی ناسراو لهسهر ئاستی ناوخۆی كوردستان و نێودهوڵهتیش بەشداری لەو دیدارەدا کردبوو.
بۆ زیاتر ئاشنابوونمان بەم بۆنە هونەرییە نێودەوڵەتیە بۆمان دوا و گوتی: ئەم دیدارە کاریکاتێرییە ئەمساڵ شەشەمین ساڵە بەبەردەوامی سازدەکرێت، سەرۆکی دیدارەکەش هونەرمەندی بە ئەزموون و سەرۆکی کۆمەڵەی کاریکاتێری میسری جومعە فەرەحات بوو، و رێکخەری دیدارەکەش هونەرمەندی کاریکاتێریست فەوزی مورسی بوو، لێژنەی هونەریی بژاردن و شەنوکەوکردنی کارەکەکانیش پێکهاتبوون لە هونەرمەندانی بە ئەزموونی کاریکاتێری میسری محەمەد عیفەت، عیماد جومعە، سەمیر عەبدولغەنی، فاروق مورسی، و محەمەد حەمدی بوون. لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانەوە هونەرمەندان کارەکانی خۆیان ناردبوو بۆ دیدارەکە، منیش یەکێک بووم لەوانەی کە ئیمهیلهكیان بۆ ناردم بۆ بەشداریکردن لهم دیدارهدا، چونکە لە دیدارەکانی پێشووشدا بەشداریم کردبوو، لە (71) وڵاتەوە تەنیا کاری (344) هونەرمەند سەرکەوتووبوون لە لێژنەکە و بەشداریان لە دیدارەکەدا کرد.
زیاتر لهم بارهدا هەندرێن خۆشناوی هونهرمهند گوتی: کارەکانی دیدارەکە دابەشکرابوون بەسەر دوو تەوەردا، تەوەری یەکەم کاریکاتێر بوو، کە ئەمساڵ تەرخانکرابوو بۆ رێزلێنان و یادکردنەوەی نووسەری ناوداری میسری (نەجیب مەحفوز)ی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ، تەوەری دوومیش کارتۆن بوو، کە تەرخانکرابوو بۆ کولتوور و کتێب و هونەر و سینەما…، منیش لە هەردوو تەوەردا بە كاریكاتێرێكی نهجیب مهحفوز و دوو كارتۆن بەشداریم کرد. زۆر خۆشحاڵیشم کە وەک نوێنەری کورد لەم بۆنە هونەرییە نێودەوڵەتیانە بەشداری دەکەم، خهڵكی به هونهری شێوهكاری و كاریكاتێری كوردی دهناسێنم، و لێژنە پسپۆرەکانیش کارەکانم لە ئاستێکی شایستە دەبینن، و به فلتهری لێژنهكانیش سهركهوتووانه تێپهڕدهبن، ئەمەش هانمدەدات و واملێدەکات بە گوڕ و تینەوە بەردەوام بم لە بواری کاریکاتێر و کارتۆندا،