زانا دڵشاد دزەیى : دواى بیست و پێنج ساڵ دووربوون لە کوردستان، نادیە ساڵى 2006 یەکەم سەردانى خۆى بۆ کوردستان ئەنجامدا، بەڵام ئەوە بۆ چوار ساڵە نادیە ون و بێدەنگە، ونبوونى ئەو بەو مانایەى چوار ساڵدا نەبەرهەمێکى خستۆتە بازاڕەوە، نەسەردانێکى کوردستانى کردووە، ئێستا (نادیە)ـى هونەرمەند لە وڵاتى کەنەدا نیشتەجێیە و لەو دیمانەیەى لەگەڵ (سڤیل) هۆکارى ونبوونى خۆى ئاشکرا دەکات و گوتى “لەبەرئەوەى بڕیامدا ببم بە دایک، کە ئێستا دوو منداڵم هەیە، وازم لە هەموو شتێک هێناوە تائەوکاتەى منداڵەکانم لە خەم دەچنە دەرەوە، کە ئێستا کوڕە بچووکەکەم دارین تەمەنى هەشت مانگە، دەمەوێ دایکایەتى خۆم بۆ منداڵەکانم بە سەرکەوتوویى ئەنجام بدەم، هەموو بیروهۆشم لاى منداڵەکانمە”.
نادیە یاسین خەڵکى شارى هەولێرە و ساڵى 1983 لەگەڵ ماڵەوەیان کوردستانى جێهشتووە، ئەوکاتە تەمەنى ئەو شەش ساڵان بووە و ئێستاش لەوڵاتى کەنەدا نیشتەجێییە، نادیە لەو دیمانەیەیدا لەگەڵ (سڤیل) ئاماژە بەکارى هونەرى و هەندێ لایەنى تایبەتى خۆى دەدات، کە لەبەر حەزى منداڵبوون و بوونى بە دایک، چوار ساڵە نەیتوانیووە کارى هونەرى بکات، دەڵێت “خۆم زۆر حەز بە منداڵ دەکەم، کاتى ئەوەش هاتبوو منداڵ دروست بکەم و ببم بە دایک، هەروەها عەلى هاوسەریشم بڕیاریدا ببێتە باوک، مادام خۆمان حەزمان کرد ببین بە دایک و باوک، پێمخۆش بوو زیاتر کاتم بۆ منداڵەکانم تەرخان بکەم، ئێستا دوو کوڕم هەیە (دیلان) تەمەنى دوو ساڵە و (دارین)ـیش هەشت مانگە، هەر لەبەرئەوەش چەند ساڵێکە لەکارى هونەرى دوورکەوتوومەتەوە”، نادیە بڕیارى داوە منداڵەکانى هەرچییەکیان پێخۆش بێت، رێگریان نەکات و ئاسانکاریان بۆ بکات، بەڵام حەزیش دەکات فێرى مۆسیقا بن، “وەک دایکێک هەر ئەوەندە حەز دەکەم بە باشترین شێوە پەروەردەیان بکەم، پێمخۆشە فێرى مۆسیقایان بکەم، چونکە مۆسیقا دەتوانێت لە کاتى دڵتەنگیدا دڵى مرۆڤ خۆش بکات، حەز دەکەم بە دڵى خۆیان هەر چییەکیان پێخۆش بێت پشتگیریان بکەم، حەزدەکەم سەلامەت و خۆشحاڵ بن”.
نادیە هێندە سەرقاڵى منداڵەکانیەتى، تەنانەت ماڵپەڕە تایبەتییەکەى خۆیشى داخستووە، چونکە ئەو دەڵێ “لەبەرئەوەى لەلایەن خەڵکەوە پرسیارى زۆرم ئاراستە دەکرا، منیش کاتم ئەوەندە نەبوو تابتوانم بچمە سەر ئینتەرنێت و وەڵامیان بدەمەوە، لەبەرئەوە ماڵپەڕەکەم داخست”، نادیە ئەوەش ئاشکرا کرد، تائێستا لەلایەن دوو، سێ کۆمپانیاى هونەریی داواى گرێبەستى ئەلبوومى لێکراوە، بەڵام ئەو نایەوێ لە ئێستادا هیچ گرێبەستێک ئەنجام بدات، هۆکارى ئەوەش بۆ نەبوونى کات دەگەڕێنێتەوە.
نادیە زۆر حەز دەکات بگەڕێتەوە کوردستان و بیرى هەموو شتێکى کوردى دەکات، بەڵام ئەو ناشیەوێ بەدەست بەتاڵى بگەڕێتەوە، بەڵکو ئەو دەڵێت “لە ساڵى 2006 کە هاتمەوە کوردستان بیست و پێنج ساڵ بوو کوردستانم نەدیتبوو، یەکەم ئامانجم ئەوە بوو بە کوردستان و کەسوکارم ئاشت ببمەوە، دووەم ئامانجیشم هەم ئەلبوومم، هەمیش کلیپى تازەم ئامادەکردبوو، کە پێمخۆش بوو لە نزیکەوە پێشکەشی خەڵکى کوردستانى ئازیز بکەم، بەڵام بەداخەوە ئێستا هیچ پڕۆژەیەکم ئامادە نییە، بەڕاستى حەز ناکەم بەمشێوەیە بگەڕێمەوە کوردستان”، نادیە لەبارەى هاوکارییەکانی خۆیەوە باسى لەوە کرد، تائێستا کەس هاوکارى ئەوى نەکردووە و هونەرمەند عەلى هاوسەریشى بەپاڵپشتى سەرەکى خۆى دەزانێت و وەک باسی دەکات، هەر لەڕێگەى هونەریشەوە یەکتریان ناسیووە و دواى ساڵێک خۆشەویستى، ژیانى هاوسەریان پێکهێناوە.
“لە سایتەکەى خۆم گۆرانییەکانى منیان کۆپی دەکرد و لە بازاڕ بەجوملە دەیانفرۆشتەوە، کە هاتمەوە کوردستان چوومە بازاڕ و سەیرم کرد ئەلبوومەکەم کۆپى کراوە و لەسەر عارەبانە دەفرۆشرێ، کە ئەوەم بینى زۆر بێتاقەت بووم و حەزمکرد زوو بگەڕێمەوە کەنەدا، بەداخەوە هیچ حەقیان بەمن نەدا، هەروەها کۆمپانیایەکى دى هەبوو لە سوید، کارتۆنێک ئەلبوومەکەیان لێکڕم، بەڵام بەداخەوە پارەکەیان بۆ نەناردم”، ئەوەندەش قسەى نادیە بوو، کە لە بڵاوکردنەوەى ئەلبوومەکەیدا زەرەریان پێگەیاندووە، بەڵام ئەو خۆشحاڵە کە لەلایەن خەڵکەوە ئەلبوومەکەى قبووڵ کراوە، وەک خۆیشى ئاماژەى بۆ دەکات، دەیزانى زەرەر دەکات، بەڵام هونەر و گۆرانى ئامانجى سەرەکى ئەو بوون، گوتى “راستە زەرەرى مادیم کرد، بەداخەوە کە هەموو هونەرمەندێک لە خستنە بازاڕى ئەلبووم زەرەر دەکات، خۆشم بۆ ئەو زەرەرە دانابوو، چونکە دەمزانى بارودۆخى کوردستان چۆنە، بەڵام ناتوانم بڵێم زەرەرم کرد، چونکە بۆ دڵى خۆم ئەو کارەکەم کرد و خۆم عەشقى مۆسیقا و گۆرانیم، هەروەها ئەلبوومەکەم سەرکەوتوو بوو و لەلایەن خەڵکەوە قبووڵ کرا، ئەوە بۆ من سەرکەوتنە”.
نادیە یەکێک لەو ئافرەتە گۆرانیبێژانەى کوردە، کە جگە لەدەنگخۆشیدا، ئەو خاوەن روخسارێکى جوانیشە، بەڵام ئەو جوانى بە شتێکى گرنگ نازانێ و حەزى کردووە کارەکانى لە خۆى جوانتر بن، نادیە دەڵێت “سوپاسى ئەو کەسانە دەکەم منیان لاجوانە، بەڵام لاى من جوانى هەموو شتێک نییە و ناشبێتە هەموو شتێک، ئەو هونەرمەندەى، کە هەر بەزیندوویى دەمێنێتەوە لەبەر جوانییەکەى نییە، بەڵکو ئەو هونەرمەندە دەتوانێت بمێنێتەوە، کە تاچەند دەتوانى لەڕێگەى گۆرانییەکانییەوە کاریگەر لەسەر دڵى ئینسانەکان دروست دەکات، نازانم خەڵک چۆن من دەبینێت، بەڵام من هەمیشە حەزم کردووە کارەکانم لەخۆم جوانتر بن”، نادیە جوانە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ژیاندا شانسى هەیە، خۆیشى دەڵێ “زۆر باوەڕم بەخودا هەیە و ئینسانێکى زۆر بە ئیمانم، ئەوەى بۆ من گرنکە سەلامەتییە، خودا بە سەلامەتى دوو منداڵى پێبەخشیووم، هاوسەرێکى زۆر باشم هەیە، کارەکانیشم لە لایەن خەڵکەوە قبووڵکراوە، لەبەرئەوە دەتوانم بڵێم ئیسانێکى بە شانسم”، ئەو بە دیار مۆندیالەوە دادەنیشێ و دەڵێ خۆزگە کوردستان یاخود عێراق بەشدارى لە مۆندیال بکردایە، بەڵام ئێستا ئەو هاندەرى بەرازیلە و هاوسەرەکەشى ئەرجەنتین، تابەرازیلیش نەیباتەوە کێک بۆ هاوسەرەکەى دروست ناکات، نادیە دەشڵێ “ئەگەر بەرازیل بیباتەوە کێک و شەربەت و خواردن ئامادە دەکەم، بەڵام تاهى من بەسەرنەکەوێت، هیچ قسەیەک ناکەم و هیچیش ئامادە ناکەم، ئەگەریش دۆڕاندم، ئەوا بەبێ کێک دادەنیشین”، هەرچەندە ئێستا نادیە دایکى دوو منداڵە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات، ئێستاش واهەست دەکات هەر منداڵەکەى جارانە، بیرى رۆژگارى منداڵێـتى خۆى دەکات، کە لەڕۆژى گەڕانەوەى بۆ کوردستان بۆى گریاوە، گوتى “هەمیشە واهەست دەکەم هەر ئەو منداڵەى جارانم، کە پێشتر لەگەڵ منداڵە هاوڕێکانم دەچووینە قوتابخانە، کە دەبوو هەموومان وەک جل لەبەر بکەین، بیرم دێت هەموومان قاتى شین و سپیمان لەبەر دەکرد، ئینجا قردێنەمان لەسەر دەکرد، هەر ئەوکاتەى کە ساڵى 2006 هاتمەوە کوردستان لەڕێگادا پێشئەوەى بگەینە هەولێر، هەندێک منداڵم دیت لەسەر ڕێگادا دەڕۆیشتن و جلى قوتابخانە و قردێنەیان لەسەریان بەستبوو، زۆر زوو ئیحساسم بۆ دروست بوو زۆر گریام”، نادیە ئەوەش دەخاتە سەر قسەکانى خۆى، کە هەموو رۆژگارێکى منداڵییەتى خۆم لەیادە، بەڵام ناتوانم ئەو رۆژانە بگەڕێنێتەوە، ئەوەشى گوت “زۆر حەزم لە یارى مۆریانێ دەکرد، پەقرەجێکى گەورەى پڕمۆریم هەبوو، هەموو جۆرە مۆریەکم هەڵگرتبوو، باوکیشم زۆرى بۆ دەکڕیم، چونکە دەیزانى حەزم لێیەتى، بەڵام کە هاتینە دەرەوەى وڵات، مۆریەکانم لە کوردستان جێهێشت، ئێستا نازانم چیان لێهاتووە”.