هەولێر، مەسعودى مەلا هەمزە : وەکو دەستپێکى کارەکان، وەرزى شانۆیی قەڵا بە نمایشی شانۆگەرى “هەموومان چاوەڕوانین” لە هۆڵی گەلى شارى هەولێر دەست بە کارەکانى خۆی دەکا. شانۆگەرى هەموومان چاوەڕوانین کە بەهەر پێنج زمانى “کوردی، عەرەبی، تورکى، فارسی، ئەڵمانى” نمایش دەکرێ، تێیدا چەندین ئەکتەرى کورد و غەیرە کورد لە کارەکە بەشدارن و شانۆگەرییەکەش لە ئامادەکردن و دەرهێنانى ئیحسان عوسمانەو بەرهەمى بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیری و هونەر- بەڕێوەبەرایەتى شانۆی هەولێرە.
هیوا سوعاد بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى شانۆی هەولێر و سەرپەرشتیارى وەرزە شانۆییەکە گوتى: “وەکو پێشتر رامانگەیاندبوو وەرزى شانۆیی قەڵا لە 15/9/2010 دەستپێدەکاو تاکو 1/1/2011 بەردەوام دەبێ و تێیدا زیاتر لە 18 کارى شانۆیی نمایش دەکرێ.
هیوا گوتیشی: شانۆگەرى هەموومان چاوەڕوانین لە ئامادەکردن و دەرهێنانى ئیحسان عوسمان دەبێتە دەستپێکى نمایشەکانى ئەم وەرزە شانۆییە.
شایانى باسە ئەم شانۆگەرییە لە رۆژانى 15و16و17/9/2010 لە هۆڵی گەلى شارى هەولێر نمایش دەکرێ.