مەسعودى مەلا هەمزە :بە پێشکەشکردنى لێکۆڵینەوەیەک لەسەر شانۆی منداڵان لەلایەن “شاهین نەجمەدین”ى هونەرمەندەوە هەفتەى توێژینەوەى شانۆیی کۆتایی هات. ئەم هەفتە توێژینەوەیە کە بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیری و هونەر- بەڕێوەبەرایەتى شانۆی هەولێر بە مەبەستى قسەکردن لەسەر کێشەو گرفتەکانى شانۆ و ئاشناکردنى خوێندکارانى پەیمانگاى هونەرەجوانەکان بە شانۆی جیهانى سازیکردبوو، تێیدا لە 5 رۆژدا 5 لێکۆڵینەوە پێشکەش کران.
لەبارەى ئامانج لەسازکردنى ئەم هەفتە توێژینەوەییە هیوا سوعاد بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى شانۆی هەولێر گوتى: بۆ گرنگیدان بە رەوشی شانۆ و دەربازکردنى لەو ساردى و سڕیەى هەیە، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ئەمساڵ چەندین چالاکى ئەنجامداوەو دەخوازین ئەم چالاکییانە بناغەیەک بێ بۆ ئەوەى رەوشی شانۆ بەرەو باشتر بڕوا، هەر لەم پێناوەدا هەوڵماندا لە هەفتەى توێژینەوەى شانۆیی لەرێگاى کەسانى پسپۆڕەوە چەندین بابەتى گرنگ پێشکەشی شانۆکاران بکەین، بە تایبەتى خوێندکارانى پەیمانگاى هونەرەجوانەکان تاکو بتوانن بە شێوەیەکى زانستیانەتر ئەوکارە ئەنجام بدەن.
هەر لەو ماوەیەى پێشووشدا وەفدێکى بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بە نمایشکردنى 2 شانۆگەرى لە فێستیڤاڵی شانۆی عێراقی- ئەڵمانى بەشداربوون، کە ئامانج لەو بەشدارییانە دروستکردنى پردێکى رووناکبیرییە لەنێوان کوردستان و ئەڵمانیاو شانۆکارانى هەردوولا.
لەم هەفتە توێژینەوەیەدا لە رۆژی یەکەم “د. هیمداد حوسێن” باسی لە مۆلێر و خاسیەتەکانى شانۆیی ئەو کرد، لە رۆژی دووەمیشدا لە لێکۆڵینەوەو کۆڕێکى بەپێزدا دکتۆر فەرهاد پیرباڵ باسی لە “یوژین یونسکۆ” کرد، کە لە زمانى خودى یونسکۆوە باس لە کارەکانى کرد.
رەخنەى دراما لە رۆژنامەوانى کوردی 1970-1974 ناونیشانى کۆڕەکەى کەیفی محەمەد بوو، کە لەرۆژی سێیەمى هەفتە توێژینەوەکەدا پێشکەشی کرد، جگە لە ناونیشانەکەى خۆی باسی لە چۆنیەتى نووسین و بیناى دەقی درامى کرد.
رەزا عەلى پوور بە توێژینەوەیەکى بەپێز باسی لە پەیوەندییەکانى نێوان سینەماو شانۆ کرد، کە لە رۆژی چوارەمى هەفتەکەدا پێشکەشی کردو بەپشت بەستن بە کۆمەڵێک سەرچاوەى جیاواز خاڵە هاوبەش و دژەکانى نێوان ئەو دوو هونەرەى خستەڕوو.
شانۆی منداڵان ناونیشانى کۆڕی دوایین رۆژی هەفتەکە بوو، کە شاهین نەجمەدین بە شێوەیەکى کورت و پوخت باسی لە جۆرەکانى شانۆی منداڵان و خاسیەتەکان و جۆری کارکردن کرد، هەروەک باسیشی لە لایەنە پەروەردەیی و سایکۆلۆژیەکەى ئەو هونەرە کردو ئاماژەشی بەوەدا کە پێویستە ئەو کەسانەى کار لە شانۆی منداڵان دەکەن یان دەقی شانۆیی منداڵان دەنووسن شارەزاییەکى باشیان لەو هونەرەو لە سایکۆلۆژیاى منداڵ هەبێ.
شایانى باسە ئەم هەفتە توێژینەوەیە لە 24/10 تا 28/10ى خایاندو رۆژانە کاتژمێر 10ى بەیانى کۆڕەکان لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتى شانۆی هەولێر بەڕێوەدەچوون.