فیلمى سینەمایی هەرمان لە دەرهێنانى حوسێن حەسەن لە فێستیڤاڵی سانتاباڕباڕاى ئەمریکابەبێ ئامادەبوونى ستافەکەى نمایشکراو لە راپۆرتى فێستیڤاڵیشدا لە فیلمە سەرنجڕاکێشەکاندا ناویان هاتووە.
دەربارەى سەرکەوتنەکانى ئەو فیلمە شاخەوان ئیدریس بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى سینەماى هەولێر گوتى: فیلمى سینەمایی هەرمان کە لە دەرهێنانى هونەرمەند حوسێن حەسەنەو باس لە ئێش و ئازارەکانى کورد دەکاو وەکو فیلمێکى کوردى لە فێستیڤاڵی سانتاباڕباڕاى ئەمریکا نمایشکراو جیا لە فیلمەکانى دیکە ئەو فیلمە 3 جار نمایشکراوە، لە راپۆرتى کۆتایی فێستیڤاڵیشدا نووسراوە: بەشێک لەو فیلمانە بوونە جێگاى سەرنجى بەڕێوەبەرى فێستیڤاڵ، لەوانە فیلمى هەرمان کە کچ و کوڕێکى عاشق دەیانەوێ بەیەک بگەن و ئێش و ئازارەکانى کورد و نەهامەتییەکانى تێدا دەخرێتە روو”، بۆیە ئەو سەرکەوتنە بۆ فیلمێکى کوردى لەناو 200 فیلمى بەشدار لە فێستیڤاڵەکەدا سەرکەوتنێکى گەورەیە.
جێی ئاماژەیە فیلمى هەرمان بەرهەمى وەزارەتى رۆشنبیرییەو ناوەرۆکى فیلمەکە بریتییە لەوەى دەرهێنەر لەرێگاى چیرۆکى خۆشەویستى کچ و کوڕێکەوە باس لەو کارەساتانە دەکا کەبەسەر کورد هاتوون.
مەسعودى مەلا هەمزە