هونەرمەندی گۆرانیبێژ (هەردی سەڵاح) بە داوەتی کۆمپانیایەکی هونەری، ئامادەی یاریی نێوان هەردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە دەبێت، کە شەممەی داهاتوو لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 31ـی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا ئەنجام دەدرێت. سەرچاوەیەکی نزیک لە هونەرمەندی گۆرانیساز (هەردی سەڵاح)ـەوە ئەو زانیارییەی بە ڕۆژنامەی “هەولێر” دا و ئاشکرای کرد، کە هەردی سەڵاح بە مەبەستی سازدانی چەند ئاهەنگ و کۆنسێرتێکی گۆرانی و مووزیک بۆ کوردانی ئەورووپا لە لایەن کۆمپانیایەکەوە داوەت کراوە و هەمان کۆمپانیا (هەردی)ـیان بۆ یاریی نێوان ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە داوەت کردووە و هەردی لە یارییەکەی نێوانیان کە ڕۆژی شەممەی داهاتوو و لە کاتژمێر 11:00ـی شەودا بە کاتی هەولێر ئەنجام دەدرێت، ئامادە دەبێت.
ئەو سەرچاوەیە خستیشییە ڕوو، کە هەردی پێشتر ئەو گەشتەی بەرەو دەرەوە ئەنجام دەدا، بەڵام بە هۆی هەڵسوڕاندن و بەشداریکردن لەو ئاهەنگەی بە بۆنەی سەرکەوتنی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان و کاندیدەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستانەوە ڕێک درا، گەشتەکە چەند ڕۆژێک دواکەوت و دوێنێ شەو لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی هەولێرەوە گەشتەکەی دەست پێ کرد و ماوەیەکی زۆریش لە ئەورووپا دەمێنێتەوە. جێگەی سەرنجە، ئەو سەرچاوەیە وەهایشی ڕوون کردەوە، کە هەردی سەڵاح زۆر لە وەرزشەوە نزیکە و خۆی هاندەرای یانەی بەرشلۆنەیە، بەڵام ڕیاڵیشی خۆش دەوێت، بۆیە نازانێت کە لە یاریی نێوان ئەو دوو یانەیەدا هانی کامیان دەدا.
ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی کورددا، هونەرمەندێک بە شێوەی فەرمی ئامادەی یاریی نێوان ئەو دوو یانەیە دەبێت و پارساڵیش لە یاریی نێوان ئەو دوو یانەیەدا، شاندێکی کوردی بە سەرپەرشتی بەرپرسی کۆمپانیای تەتەر (ئەسعەد عەدۆ) ئامادەی یارییەکە بوو و ئاڵای کوردستانیشیان لە یاریگەی کامپ نۆدا شەکاندەوە.