زانا دڵشاد دزەیى : لاى ئێمە هونەرمەند بەهاى خۆى لەدەستداوە
بەمزووانە گۆرانییەک لە ئاوازى زیاد ئەسعەد تۆمار و کلیپ دەکەم
حەزم لە سەیارەى مارسیدسە، لەگەڵ خۆشم هێناومە بۆ کوردستان
هێڤى حەزى لە سرکەى هەنارە و بەنوکتەى خۆشناوانیش توڕە نابێت
زێڕى جوانم هەیە، بەڵام پێم جوان نییە هونەرمەند زێڕ بەخۆیەوە بکات
ساڵانێکە هێڤى کوردستانى جێهێشتووە و لەوڵاتى ئەڵمانیا نیشتەجێیە، خاوەن دوو ئەلبوومى گۆرانى بڵاوکراوەیە، بەمەبەستى سەردانى خزم و هاوڕێیانى بەسەردانێک لەکوردستانە و لەچاوپێکەوتێکى لەگەڵ گۆڤارى (سڤیل) وەڵامى چەند پرسیارێکى دایەوە.
سڤیل: بۆچى کە سەردانى کوردستان دەکەی، ناهێڵى راگەیاندنەکان بەهاتنى تۆ بزانن، بۆچى لەراگەیاندنەکان دوور دەکەویتەوە؟
هێڤى: من پێم باش نییە هونەرمەند لەراگەیاندنەکان زۆر دەرکەوێت، تاوەکو جەماوەر لێى بێزار نەبێت، لەبەرئەوەى لەدەرکەوتنى زۆرى هونەرمەند تەنیا راگەیاندنەکان سوودمەند دەبن، بەداخەوە ئێستا واى لێهاتووە هەندێ لەگۆرانیبێژەکان خۆیان ڕادەکەن بەدواى کەناڵەکان بۆئەوەى پرۆگرامێکیان بۆ بکەن. کەچى لەهەموو دنیا دەبێت هونەرمەند چەندینجار داوەتنامەى بۆ بکەن پاشان بەشدارى پرۆگرامێک بکات، بۆیە واهەست دەکەم لاى ئێمە هونەرمەند بەهاى خۆى لەدەستداوە.
سڤیل: ئێستا کە ناوبانگت دەکردووە و قۆناغە سەرەتاییەکانى هونەرکردنت تێپەڕاندووە، ئێستا دەتەوێ سوپاسى کێ بکەى؟
هێڤى: پێش هەموو شتێک سوپاسى “موحسین”ـى هاوسەرم دەکەم، چ وەک موزیکژەن چ وەک ئاوازدانەر، لەزۆربەى بەرهەمەکانم بەشدارى کردووە وەک ژەنین و ئاوازدانەر و دابەشکردنى موزیک، هەروەها سوپاسى هونەرمەند زیاد ئەسعەد دەکەم، کە لەئەلبوومى دووەمم ئاوازى زۆر خۆشى بۆ دانام، توانیم جەماوەرێکى باش بۆخۆم کۆبکەمەوە، سوپاسى هەموو ئەو هونەرمەندانەش دەکەم، کە بەشداربوون لەبەرهەمەکانم.
سڤیل: پێش هەموو ئافرەتە گۆرانیبێژەکانى دیکەى کورد شێوازێکى نوێَت هێنایە نێو کلیپى کوردى، بەتایبەت لەگۆرانى “شایى” کە چوار کچ بەشێوازە جلێکى زۆر مۆدێرن بۆ ئەوکات، لەکلیپەکەى تۆ سەمایان دەکرد، بەڵام پرسیار بۆ تۆ ئەوەیە، ئایا مەبەستت هەبوو لەو کلیپە؟
هێڤى: راستە، ساڵى 2002 ئەو کلیپەم کرد، شتێکى زۆر تازەبوو بۆ گۆرانیبێژێکى ئافرەتى کورد، بەڵام دەمبینى لەهەموو گەلانى دیکە و وڵاتانى دەوروبەرمان ئەمجۆرە کلیپانە هەن و خەڵک پێیان خۆشە، وتم با ئێمەى کوردیش هەندێ لەو بوارە بچینە پێشەوە و گۆڕانکارییەک بکەین لەبوارى کلیپکردن، ئەوکاتەى ئەو کلیپەم بڵاوکردەوە هەندێ بابەت و رەخنەم لێگرا، دەمزانى خەڵک پێیان شتێکى زۆر سەیر و نامۆ دەبێت، بەڵام من دووربین بووم و دەمزانى ئەگەر ئێستاش نەبێت بۆ 15 ساڵى دی هەردەبێت ئەمجۆرە کلیپانە لەناو گۆرانى کوردى بەرهەم بهێنرێ، بۆیە ئێستاش دەبینن کلیپەکان چ جۆرە گۆڕانکارییەکان بەسەردا هاتووە.
سڤیل: زۆر لەهونەرمەندان راى خۆیان لەسەر شێوازى ئێستاى گۆرانى کوردى دەربڕیوە، بەڵام تائێستا تۆ لەو بارەیەوە هیچ قسەیەکت نەکردووە، بۆچى؟
هێڤى: من زۆرجار لەرۆژنامە و گۆڤارەکان ئەو پرسیارەم لێکراوە و راى خۆم داوە، من پێم وایە گۆرانى و موزیکى کوردى بەردەوام لەپێشکەوتندایە و زۆر بەخێرایى دەڕوات، بەتایبەت لەدواى ساڵى 2005 کارى زۆر چاک و مۆدێرن کراوە، لەرووى موزیک و ئاواز و دابەشکردنى موزیک و کلیپکردن، هەروەها دەنگى زۆرخۆش هاتۆتە ئەو بوارەوە، لەپیاو و ئافرەت.
سڤیل: بۆچى تائێستا لەکوردستان کۆنسێرتت ئەنجام نەداوە؟
هێڤى: دیارە کارى کۆنسێرتکردن زۆر ئاسان نییە، لەبەرئەوەى بودجەیەکى زۆر و موزیکژەنى زۆرى دەوێت، هۆڵى چاکى پێویستە، منیش بۆخۆم داوام نەکردووە کۆنسێرتم بۆ بکەن، لەوانەیە لەداهاتوو بیرى لێ بکەمەوە.
سڤیل: ئەى بۆچى ماوەیەکى زۆرە بەرهەمى نوێت نییە، هەم کلیپ ئەمیش ئەلبووم؟
هێڤى: من زۆر پەلە ناکەم لەبەرهەمهێنانى کارى هونەرى، بەڵام کاتێک بەرهەمێک تۆمار دەکەم دەبێت بەرهەمەکانم ئاستێکى هونەرى زۆر چاکى هەبێت، چ لەرووى ئاواز و تێکست و دابەشکردنى موزیک، بەمزووانە هەندێ گۆرانى تازە تۆمار دەکەم و لەگەڵ کلیپکردنى هەندێ گۆرانى تازەم، هەروەها بەمزووانە گۆرانییەک لەئاوازى هونەرمەند زیاد ئەسعەد بە سنگل تۆمار و کلیپ دەکەم.
سڤیل: تۆ هەم گۆرانى هەڵپەڕکێ، هەمیش گۆرانى سلۆت کردووە، بەڵام خۆت حەز بەچ ستایل دەکەى؟
هێڤى: زیاتر حەزم لەگۆرانى سلۆیە، لەبەرئەوەى گۆرانیبێژ زیاتر دەنگى دەردەکەوێت، بۆیە ئەگەر بتەوێت ئاستى دەنگى گۆرانیبێژێک بزانى دەبێت گوێ لەگۆرانییەکى سلۆى بگرى.
سڤیل: تۆ خۆشناوى، بەڵام نوکتە لەسەر خۆشناوان زۆرە، تۆ بەو نوکتانە توڕە نابى؟
هێڤى: نەخێر، بەپێچەوانەوە زۆر حەزم لەنوکتەیە.
سڤیل: راستە دەڵێن زۆر حەزت لە سرکە و مێوژ و دۆشاوە؟
هێڤى: تەنیا حەزم زۆر لەسرکەى هەنارە.
سڤیل: لەناو خۆشناوەکان باوە، زوو ژن بۆ کوڕەکانیان دێنن و زووش کچ بەشوو دەدەن، تۆ لەتەمەنى چەند ساڵى شووت کرد؟
هێڤى: من لەتەمەنى 16 ساڵى شووم کردووە.
سڤیل: بۆچى زیاتر بەجلى کوردى دەردەکەویت، هەستدەکەى جلى کوردیت زیاتر لێ بێت؟
هێڤى: جلى کوردیم زۆر پێ جوانە، خەڵک پێم دەڵێن جلى کوردیت لێ دێت و داوام لێدەکەن کلیپەکانم بەجلى کوردى بکەم.
سڤیل: وەک چۆن لەناو هونەرمەندانى دنیا باوە، جل لەلایەن هونەرمەندەکانەوە دەبێتە مۆدە، تۆ بۆچى لەکلیپەکانت شێوازێکى نوێى جلى کوردیت لەبەرنەکردوە، کە لەڕێگەى تۆوە ببێتە مۆدە؟
هێڤى: ئەو شێوازە جلەى من لەبەرى دەکەم جلى ئۆرگینالى کوردییە، حەزیش ناکەم بیگۆڕم، بەداخەوە هەندێجار جل کوردى وادەبینم، کە هیچ رەبتى بەجلى کوردییەوە نییە و بگرە زۆریش شێوانراوە.
سڤیل: رات چییە لەسەر فرە ژنى؟
هێڤى: بەکارێکى باشى نازانم، بڕواش ناکەم هیچ ژنێک هەبێت حەزبکات ژنى بەسەر بێت.
سڤیل: حەز دەکەى لەکام شارى کوردستان ماڵێکت هەبێت؟
هێڤى: حەزدەکەم لەهەولێر ژیان بەسەر ببم.
سڤیل: کاتى ئەوە نەهاتووە بڕیارى گەڕانەوە بدەى؟
هێڤى: هەردەبێت رۆژێک بێت بگەڕێمەوە.
سڤیل: تائێستا لەچ کارێکى ژیانى خۆت پەشیمانى؟
هێڤى: من هەرکارێک بکەم بیرى لێدەکەمەوە و پاشان ئەنجامى دەدەم، بۆیە لەهیچ کارێکى خۆم پەشیانم نیم، کە بەبڕواوە ئەنجامم دابێت، ئەگەر زەرەرمەندیش بم.
سڤیل: لەکلیپەکانت زۆر زیاتر زیوت بەخۆتەوە کردووە، بۆچى زێڕ بەخۆتەوە ناکەى؟
هێڤى: دیارە ئیکسوار زۆر گرنگە لەکلیپکردن بەجلى کوردى یاخود مۆدە، وابزانم بۆ جارى یەکەم زیوم بەکارهێنا و دەڵێن بۆچى زێڕ بەکارناهێنى، دیارە بارى ئابوورى زۆربەى خەڵکى کوردستان باش بووە، وابزانم کەس نییە نەتوانێ پارچەیەک زێر بکڕێت، من وەک ئەو خەڵکە دەتوانم بیکڕم و زێڕى زۆر جوانیشم هەیە، بەڵام بۆ هونەرمەندێک زێڕ بەخۆیەوە بکات بەکارێکى شیاوى نازانم.
سڤیل: حەزت لەچ جۆرە ئۆتۆمبێلێکە؟
هێڤى: زیاتر حەز لەئۆتۆمبێلى مارسیدس دەکەم، بۆیە ئەمجارە سەیارەیەکى مارسیدسم لەگەڵ خۆم هێناوە بۆ کوردستان.
سڤیل: یەکەم ئافرەتە هونەرمەندى کوردى شێوازى کلیپت لەکەناڵە کوردییەکان داهێنا، لەبارەى کلیپى ئێستاوە چ قسەیەکت هەیە؟
هێڤى: ئەوکاتەى کە من کلیپى “شایى”ـم تۆمار کرد، کەناڵەکانى کوردى زۆرکەم بوون، رۆژانە (2 – 3) کلیپ بەخشدەکرا، هەرچەندە کلیپەکانى ئەو سەردەمەم لەرووى هونەرییەوە زۆر باش نەبوون، چونکە کامێراى باشمان نەبوو، بەڵام توانیم زیاتر لە (4 – 6) کلیپ لەزۆربەى وڵاتانى ئەوروپا بکەم، بۆیە ئێستا کلیپى تازەم نییە لەبەرئەوەى کارى کلیپ زۆر بەزەحمەت بووە و کلیپى زۆر چاک بەرهەمهاتووە، نامەوێت کلیپێک بکەم لەئاستى کلیپەکانى پێشووم نەبێت، بەڵام بەڵێن بەهەوادارانى خۆم دەدەم، کە گۆرانییەکى نوێم لەئاوازى زیاد ئەسعەد تۆمار بکەم و بەمزووانە کلیپى بۆ بکەم.