زانا دڵشاد دزەیى : کاردیناى سپى لەهەردوو بوارى شیعر و نواندن دەرکەوتووە و دەڵێ “هەردووکیان دوو بەشى گرنگى ژیانى منن، لەوەتەى کاردینا خۆى ناسیوە، شیعرى لەگەڵدا بووە، هەریەکەشیان تایبەتمەندى خۆیان هەیە، وازیش لەهیچیان ناهێنم”.
کاردیناى سپى، لەساڵى 1989 لەشارى سلێمانى لەدایکبووە، نۆ ساڵە شیعر دەنووسێ، قوتابی قۆناغى چوارەمى کۆلیژى زمانە، لەبەشى عەرەبى، کە ئەم ساڵ پلەى سێیەمى کۆلیژەکەى خۆی بەدەستهێنا، ئەو لەساڵى 2007 بەرۆڵێکى سەرەکى بەشدارى لەهەردوو دراماى (ئارەزوو) و (خەرەند) کرد، ئەو کە ئێستا وەک شاعیر و ئەکتەر ناسراوە، دەڵێت “دراماى (ئارەزوو) زۆر جوان منى بەخەڵک ناساند، ئەگەر ئیشێکیش لەو ئاستەدا نەبێ نایکەم، چونکە نامەوێ بەکارێکى لاواز، ئاستى ئیشەکەى پێشووترم دابەزێنم، لەئێستادا بۆ ئیشێکى دیکەش پێیان گوتووم، بەڵام هێشتا بڕیارم لەسەر نەداوە”. کاردیناى سپى لەبارەى رەنگى سپی ئاماژە بۆئەوە دەکات، سپى رەنگى پاکییە و دەتوانی لەرەنگى سپیدا هەموو رەنگەکانى دیکەى لەسەردا بنەخشێنى “منیش حەزدەکەم هەمووکات رەنگى پاکى هەڵبگرم، هەر بۆیەشە رەنگى سپیم بۆ پاشگرى ناوەکەى خۆم هەڵبژاردووە”.
سپى خان باسى لەوەشکرد، ئەگەر ژمارەى تەلەفۆنێک نەناسێ، وەڵامى ناداتەوە، دەڵێت “لەبەرئەوەى لەو سەردەمەدا رەنگە مەرحەبایەک کێشەت بۆ دروست بکات، منیش تاقەتى کێشەم نییە، واباشتر دوورەپەرێزبى”. کاردیناى سپى ئەوەش نایشارێتەوە، کە داواى زەواج و دڵداریشى لێکراوە، خۆیشى دەڵێ قابیلە تائێستا داواى زەواج و دڵداریم بۆ نەهاتبێ، گوتیشى “بەڵام من قوتابی زانکۆم و هەوڵدەدەم نمرەى باڵا بەدەستبهێنم و لەخوێندنى باڵا بخوێنم، پاشان هێشتا منداڵم بۆ شووکردن”. کاردیناى سپى حەزناکات شیعرەکانى خۆى چاپ بکات، چونکە ئەو پێى وایە بەشێوەیەکى زۆر ناشرین کتێب لەسەر شەقام و زەوى دادەنرێن، کە بەبڕواى ئەو قەد نابێ کتێب لەسەر زەوی دابنرێ، شوێنەکەى کتێب، کتێبخانەیە، بەڵام ئەو لەئێستادا لەسەر داواى هاوڕێیانى و خەڵکانێک، لەداهاتوویەکى نزیک، یەکەم کتێبى شیعرى خۆى چاپ دەکات.
کاردینا شەش مانگ پێش ئێستا کێشى 63 کیلۆ بوو، توانى بۆماوەى دوو مانگ، حەوت کیلۆ کەم بکاتەوە، سپى خان دەڵێت “وەختێک بەس دەمخوێند و دایکیشم نانەکەى دەخستە بەردەمم، زوو قەڵەوبووم، بەڵام ئێستا 56 کیلۆم و بەرزیشم 161 سم، ئەوەندە بەسە، چونکە پێم وایە ئەگەر لەو ژمارەیە زیاتر کێشت کەم بێ، جوان نییە”.