كارۆخ مەلائەسعەد : (ڕێگای ماڵ) یەكەم گۆرانییان بوو، كە بە كلیپەوە بڵاویان كردەوە، هاوكات لە ڕێگای ئەو بەرهەمەیشیانەوە توانییان تا ئاستێك خۆیان بە هونەردۆستانی باشووری كوردستان ئاشنا بكەن.
گۆرانیبێژان (هێرۆ) و (فریا) بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـیان ڕاگەیاند، ماوەیەكة ڕۆژهەڵاتی كوردستانیان جێ هێشتووە و بەرەو باشووری كوردستان هاتوونە و لە شاری (هەولێر)ـی پایتەخت نیشتەجێ بوونە.
گووتیشیان: ” ئێستا لە هەوڵی دۆزینەوەی كاركردنداین و بە هیواین كارێكی گونجاومان لە (هەولێر)ـی پایتەخت دەست كەوێت. ئێستایش خەریكی بڵاوكردنەوەی ئەلبوومێكی گۆرانیین.”
لە بارەی ناوەڕۆكی ئەلبوومەكەیانەوە گوتیان: “ئەلبوومەكەمان ناوناوە (ڕێگای ماڵ). كاری میووزیكی سەرجەم گۆرانییەكان لە وڵاتی (ئێران) لە لایەن (فریا)ـەوە بە ئەنجام گەیاندراون، ئەو ئەلبوومەیش لە ڕێگای كۆمپانیای (ئاڤا میدیا)ـەوە لە ئاییندەیەكی نزیكدا بڵاو دەكرێتەوە.”