به‌ندی عه‌لی .. پاییزی 2011
-1-
چی ئه‌بێ ، گه‌ر
مه‌له کۆچه‌ریه‌کانی هه‌وار
ته‌نیا وه‌کو پۆلێ گه‌شتیاری بیانی
بێنه‌وه بۆ هێلانه‌کانی مناڵی و
ئالووده بن بهکوێستانهکانی غوربه‌ت
ئاخر که‌نیشتمان پڕ بێ
لهقهفهزه سه‌هۆڵینه‌کانی موحیبه‌ت
چیتر پارساوێ نامێنێ بۆ گله‌یی
-2-
چی ئه‌بێ ، گه‌ر
هه‌نگه نه‌شمیله‌کانی هه‌وار
به‌بۆن که‌ون و چیتر تامه‌زرۆی بهرامی
گوڵه‌کانی باخی نیشتمان نه‌بن
ئاخر کاتێ ئه‌وێ ئه‌بێ
بهگڕدانی دۆزه‌خی خواپێداوه‌کان
گشت ڕه‌نگه‌کان ئه‌بنه ڕه‌ش و
ئاسمانیش هه‌ر بۆنکڕوزی
دڵه سوتاوه‌کانی لێدێ
-3-
تکایه بهێڵه باخۆشم بوێی
من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی عاشقم به‌تۆ
حه‌زیشم لهکهمێ ئازادیه
بۆیه کاتێ کهباوهشم پێدا ئه‌که‌ی
با قۆله‌کانت که‌مێ شل بن
ئاخر من
به‌هه‌موو جۆره‌کانی کۆت و ته‌وق
بێزار ده‌بم ، ته‌نانه‌ت گه‌ر
ڕاموسانیش بێ له‌گه‌ڵ تۆ
-4-
تکایه بهێڵه باخۆشم بوێی
که‌یفم به‌ژیانی نێو قه‌ڵا نایه‌ت
حه‌ز له‌دیواره به‌ژن به‌رزه‌کانیش ناکه‌م
ئه‌و ماڵه‌ی باخچه‌ی تیانه‌بێ
هیچی ترنیه غه‌یری زیندان
ناوبه‌ناو پهنجهرهیهکش بکه‌ره‌وه
بۆ شه‌ماڵ و گزنگی خۆر
ئاخر ئه‌ی نیشتمانی ئازیز
هه‌ر له‌ژێرزه‌مینه تارو نسرمهکانا
دڵمان که‌ڕوو ئه‌گرێ و
عیشقیش بۆگه‌ن ئه‌کا
-5-
شه‌وی دوێنێ هه‌ندێ هاوڕێم
که‌ڕۆژانی پاییزی شاخ هه‌ڵوه‌ری بوون
نامه‌یه‌کیان ناردبوو بۆ ئیمێله‌که‌م
ئه‌ڵێن گوایه
داوای مۆڵه‌تی پشوویان له‌خه‌وی مه‌رگ
پێشکه‌ش به‌خودا کردوه‌و ئه‌یانه‌وێ
بۆ چه‌ند ڕۆژێ بێنه‌وه بۆ نیشتیمان
تاپهیامی په‌شیمانی له‌شه‌هید بوون
بده‌ن به‌جه‌نابی سه‌رۆک
ئه‌ڵێن ، گوایه
بۆگه‌نی ئه‌و خه‌راباته‌ی
ئێوه ئه‌مڕۆ پێی ده‌بێژن نیشتمان و
ئێمه دوێنێ بۆی هه‌ڵوه‌ریین
گه‌یشتۆته به‌رلووتی خودا‌ش
-6-
ئه‌وه ته‌رمی چ بهدبهختێکه که‌وا
به‌به‌ر چاوی ئه‌هه‌موو حه‌شاماته‌وه
ئه‌برێ به‌ره‌و شه‌وی عه‌ده‌م
که‌مێ بۆستن ، منی چاو کز‌و ڕیش چه‌رموو
ناوی له‌سه‌ر تابووته‌که باش نابینم
گه‌نجێکی خه‌مبارو مه‌ئیوس
لهچۆلهکهیهکی ژێر شهستهبارانێ ئه‌چوو
چرپاندی بهگوێماو ووتی
ئه‌وه ته‌رمی کۆرپه‌یه‌که
له‌ڕۆژی ڕاپه‌ڕینه‌وه نیشتیمان له‌باری چووه
هه‌موو ڕۆژی ئه‌ینێژن و دووباره دێته‌وه ده‌رێ
ئه‌وه ته‌رمی ئازادیه .. مامه پیره
-7-
ئه‌زانی چی شێتم ئه‌کا
ئه‌ی نیشتمان
پیاوه وه‌جاخ ڕوونه‌کانت
ناوی دایکت لێ ئه‌نێن و وه‌لێ هه‌رده‌م
وه‌ک ده‌ڵاڵی سۆزانیه‌کان ، ئهتفرۆشن
ئاخر چ دایکێ شایه‌نی فرۆشتنه
ئه‌ی نیشتمان
تکایه مه‌هێڵه چیتر
وه‌ک له‌شفرۆش سه‌یرت بکه‌ن
تکایه هیچی تر مه‌به
ئه‌ی نیشتمان ، جگه له‌خۆت