(هۆشیار حمە فەرەج) یەکێکە لە گۆرانی بێژە دیارەکانی شاری هەڵەبجە ،بە دەنگەکەی بۆ چەند ساتێکە دەمانباتەوە بۆ ناو جیهانێکی پڕ لە ڕەسەن، ئەم گۆرانیبێژە لە ساڵی1995 وڵاتی بەجێ هێشتووەو بۆ ماوەی 14 ساڵ دەچێت لە شاری بۆنی وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە،دوایین کاری ئەم هونەرمەندە گۆرانی (باغەوان)ە هەروەها لە دوایین سەردانیشی بۆ کوردستان گۆرانی (ساقی)کلیپ کرد لە دیمانەیەکدا چەند پرسیارێکمان ئاراستە کرد
* ئەتوانین بزانین بۆچی وەکو هونەرمەندەکانی دیکە هەموو ساڵیک ئەلبوومی گۆرانیت نییە؟
— من گۆرانی وەکو وەزیفە سەیر ناکەم کە ئەبێ هەموو ساڵێک ئەلبوومی نوێـت هەبێت، من پێم باشە بۆ هەموو تەمەنت هەندێک گۆرانی پۆخت و سەرکەتووت هەبێت لەوە باشترە هەموو ساڵێک ئەلبوومێک دەرکەیت و کەس گوێت لێ نەگرێت، بۆیە حەز دەکەم کەم کەم دەنگم لە گوێی خەڵکی بێت بۆ ئەوەی بێزار نەبن لە دەنگم.
*تاچەند سەختە بۆ هونەرمەندی کورد کاری هونەری لە دوورە وڵات بکات ؟
بە دڵنیاییەوە کارکردن لە دەرەوەی وڵات سەختەیەکی زۆر لە دواوەیە، چونکە موزیک ژەنەکان هەر یەکەو لە شارێکی جیاوازن، کۆبوونەوەی ئەو هەموو موزیک ژەنانەو دابین کردنی شوێن بۆیان کەمێک زەحمەتە، جگەلەمەیش خەرجییەکی زۆریشی پێویستە،کە ئەمەیش زۆر جیاوازە لەچاو کوردستاندا، چونکە لە کوردستان زۆر بە ئاسانی کارەکان بەڕێوە دەچن و بەئاسانی موزیک ژەنەکان وەدەست دەکەون.
* هۆکاری چییە کلیپەکانت بە کەمی لە شاشەکاندا دەبینرێ ؟ئایا خۆت کاری کلیپت کەم کردووە یانی کەناڵەکان کەمتر خەمن ؟
— ئەم پرسیارە وەڵامەکەی زۆر هەڵدەگرێــتـ، هونەرمەند ئەوەی هەیەتی هونەرەیەکەتی، بۆیە ئەگەر کەناڵێک نەبێت یارمەتی بدات، ئەو هونەرمەندە ناتوانێت گۆرانییەکەی کلیپ بکات، بە تایبەت لە ڕۆژگارێکی وەکو ئەمرۆدا خەرجی بەرهەم هێنانی کلیپێک زۆری تێ دەچێت، بۆیە پێم وایە کە کەمتەر خەمییەکە لە ڕاگەیاندنانەکانە نەک لە گۆرانیبێژان، بۆیە داهێنان لەڕووی گۆرانییەوە لە چاو ئەو ئازادییەی کە هەیە وەکو پێویست نییە.
* زۆر جار دەگوترێت گۆرانی کوردی و فارسی لەیەکدی دەچن پێت وایە کە هونەری کوردی و فارسی لە یەکدی نزیکن؟
— لە یەکتر نزیک بوونەوەی هەر میللەتێک لە یەکتری کاردانەوەی ئەبێت لە نزیک بوونەوەی فەرهەنگ و کلتووری ئەو میللەتانە لەیەکتری، کاتێک دەبینین ئەوەندەی کلتووروفەرەهەنگ و پەیوەندی کۆمەڵاتییەکانی ناوچەی سلێمانی و هەڵەبجە نزیکن لە ناوچەکانی ئیران ئەوەندە ناوچەییەکی دوور لە ناوچەکانی ئیران نزیک نیین، بەتایبەت لە مەقامدا جۆرە لێکچوونێکی زۆر هەیە.
* هۆکاری چییە کە لە کاتی ئێستادا خەڵکی زیاتر گوێ لە گۆرانی هەورامی دەگرن؟ پێت وایە نوێکارییەک لە گۆرانی هەورامی کراوە؟
– من لە ناوەوەی وڵات نیم کە بزانم کە گۆرانی هەورامی زۆرە یان کەمە،بەڵام ناوچەی هەورامان خاوەنی کلتوورێکی دەوڵەمەندە لە گۆرانی، هیوا خوازم کە لە داهاتووشدا گرینگییەی پتر بە گۆرانی ئەو ناوچەیە بدرێت چونکە کەرستەی خاوی گۆرانی زۆر لێیە و دەتوانرێت بە شێوەییەکی تازە نوێ بکرێتەوە، وەک دەبیرێت کە ئێستا هەندێک لە گۆرانبێژانی وەکو (عەباسی کەمەندی و کامگاران ) گۆرانیبی هەورامییان زۆر بە جوانی بە گوێی خەڵکی ناساندووە. ماوەیەکییشە دەبینین هەندێک لە گەنجانی ئەو ناوچەیە گۆرانی هەورامی بە شێوەیەک و ستایلیکی تازەوە دەڵێنەوە، کە ئەمەش کارێکی باشە، حەتمە لە پاشەرۆژدا کاری جوانتریشیان لێ چاوەروان دەکەین.
* زۆر چالاکی هونەری بۆ نمونە کۆنسریت و ئاهەنگ لە دەرەوەی وڵات دەکریت تا جەند بەشداریان دەکەیت ؟
— ئەو چالاکییە هونەرییانەی کە دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدرێن زۆر کەمیان کۆنسێرتن، زۆربەی ئەو کوردانەی کە لەدەرەوەی وڵات دەژین زیاتر حەزیان لە گۆرانی شاد و هەڵپەرکێیە، تایبەتمەندی گۆرانییەکانی منیش هەڵپەرکێ نییە لەبەر ئەوەیە کە کەم بەشداری لەو چالاکییە هونەرییانە دەکەم.
*لە ڕووی شیعرەوە زیاتر کامە شیعر هەڵدەبژیت کلاسیکەکان یان نوێیەکان ؟
— لە ڕووی هەڵبژاردنی شیعرەوە زیاترە ئەو هۆنراوانە هەڵدەبژێرم کە بۆ گۆرانی دەست دەدەن، واتە ئەوانەی لەسەر( کێشی عەروز) نووسراون وەکو ئەو هۆنراوانەی کە لەلایەن شاعێران (ئیسماعیل خۆرماڵی و سەڵاحە رەش وهێمن لەتیف ، هتد) نووسران.
* پێت وایە کە هونەرمەند لە وڵاتەکەی کارێکی هونەریی بکات زیاتر دەتوانیت ڕەسەنایەتی پێوە دیار بیت؟ یانیش مەرج نییە کاری رەسەن تەنها لە کوردستان بیت؟
— من پێم وایە کە گۆرانی بێژی رەسەن لە هەموو شوێنک دەتوانێت گۆرانی ڕەسەن پێشکەیش بە وڵاتی خۆی بکات، بۆ نمونە زۆر گۆرانیبێژمان هەن وەکو( عەدنان کەریم، نەجمەغوڵامی، ناسری ڕەزازی ،خالید ڕەشید)، چەندانی دیکەیش لە کاتێکدا لە دەرەوەی وڵاتدا دەژین بەڵام بەرهەمی ڕەسەنیان پێشکەیش بە تاکی کوردی کردووە، بۆیە من پێم وایە هەر گۆرانیبێژیک ئەگەر بیەوێ کارێکی ڕەسەن بکات ئەوا لە هەر شوێنێک بێت دەتوانی ئەنجامی بدات.
* ڕات جۆنە بەرامبەر ئەو کلیپانەی کە لەگەڵ دابو نەریتی کوردی ناکونجێن؟
— با ئەوەندە پەیوەست نەبین بەوەی کە ئەگەر کلیپیک دەف و شمشاڵ و جلوبەرگی کوردی تێدا نەبێت ئەو کلیپێکی کوردی دانەنین، بەڵام دەبێ بەها جوانەکانی رەوشتی کوردیش بپاریزین، پێویستە دەرهێنەرەکانمان سوود وەربگرن لە ئەزموونی کلیپیە بیانییەکان بتوانین لە کلیپە کوردییەکان ئەو ئەو ئەزموونانە بەکاربهێنن.
* دواینن کاری هونەریت چییە ؟ هیچ ئەلبوومکی گۆرانیت لەبەر دەستە ؟
– دواینن کاری هونەری من گۆرانی ( باغەوان) بوو کە لە ئاوازی خۆم و هۆنراوەکەیش لەلایەن (ئیسماعیل خورمالی) نووسراوە.هەروەها لە سەفەری ئەمساڵمیشدا بۆ کوردستان گۆرانی (ساقیم) وێنە گرت و بۆ هەموو کەناڵەکانیشم رەوانە کردووە و هیوادارم بە دڵی بینەران بێت، وە بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا کۆمەڵێک چالاکی هونەریم هەبێت لەکاتی خۆیدا باسی دەکەم.
ئاریان دەرگەڵەیی