(سیا دەروێش) کە بە (هۆزان دەروێش) ناسراوە، لە (کۆپانـ)ـی سەر بە پارێزگای حەلەب لە سووریا لە ساڵی 1982 ـدا چاوی بە دنیا هەڵهێناوە و، ئێستایش ژیانی خێزانی پێکەوە ناوە و دانیشتووی شارەدێی (پیرمام)ـە. (هۆزان) لەم دیمانەیەدا، وەڵامی چەند پرسیارێکی “چرا تیڤی” دەداتەوە.
* سەرەتا وەکوو سروودبێژێک هاتیە ناو دنیای هونەرەوە، بەڵام ئێستا گۆرانییەکانت زیاتر شادن؟
ـ ڕاستە من سەرەتا بە سروود دەستم پێ کرد، چونکە سروود بۆ میللەتەکەم پێناسەیە و، ئێستایش من لەگەڵ سرووددا دەژیم و تا ماوم ئامادەم سروود بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان بڵێم، بەڵام بە دڵنیاییشەوە هەموومان دەزانین کە هونەر تەنیا سروودگوتن نییە و، گۆرانی شادیش پێویستە.
*جاران بەردەوام لەگەڵ (هاوتا ئەسعەد)ـدا سروودتان دەچڕی، بەڵام ماوەیەکی زۆرە بە یەکەوە نابینرێن؟
ـ من بە شانازیی دەزانم کە لەگەڵ هونەرمەندێکی وەکوو مامۆستا (هاوتا ئەسعەد)ـدا چەند سروودێکمان بە یەکەوە تۆمار کردووە، ئەوەیش سەردەمێک بووە بۆ من، بەڵام هەوڵی من ئەوە بوو وەکوو (هۆزان دەروێش) دەر بکەوم، هەروەها خانەوادەکەیشم زۆر پشتیوانم بوون و لەگەڵ ئەوەیشدا بنەماڵەی (عەبدولڕەحمان بێلاف)ـی شاعیریش زۆر پشتگیرییان دەکردم، گۆرانییەکانم بە شیعرەکانی (عەبدولڕەحمان بیلاف)ـەوە ناسراون کە چەندان هونەرمەندی دیکەیش بە شیعرەکانی ئەو شاعیرە ناسراون، بۆیە لێرەوە من زۆر سوپاسی دەکەم.
* پێت وایە لە سروودگوتندا یان لە گۆرانیی شاددا زیاتر سەرکەوتن بە دەست دەهێنی؟
ـ من پێم وایە دەبێت هونەرمەند لە هەموو سەردەمێکدا ئامادە بێت، بە پێی قۆناغەکانی ژیان چ سروود، چ گۆرانیی دیکە هەڵوێستی بۆ نیشتیمانەکەی هەبێت، بیرمان نەچێت کە ئیًَمە بەرگرییەکی زۆرمان بە سروود لە خۆمان کردووە بەرانبەر بە دوژمن، بۆ نموونە مامۆستا (شڤان پەروەر) بە سروودەکانی توانی کۆسپێک لە بەردەم دوژمناندا دروست بکات.
* چۆن دەڕوانیتە ئافرەتە گۆرانیبێژەکانی ئێستا؟
ـ من بەش بە حاڵی خۆم ناتوانم بلًَێم لێیان ڕازیمە، چونکە لێرە هیچ جۆرە سانسۆرێک لەسەر هونەری گۆرانی نییە، ئەوەی بیەوێت دەتوانێت ئەمڕۆ ببێت بە گۆرانیبێژ، بۆیە دەڵێم وەکوو کەسایەتیی خۆم زۆرکەمن کە ئەوانەی من لێیان ڕازیمە.
*پێتوانییە ژیانی خێزانیت بووبێتە کۆسپێک لە بەردەم کارە هونەرییەکانتدا؟
ـ دەتوانم زۆر بە ڕاشکاوانە بڵێم ئەگەر پشتگیریی هاوسەرەکەم نەبووایە، هەڵبەتە من ئێستا لەو باوەڕەدا بووم دەستبەرداری هونەرەکەم بووبام، هەموویشمان دەبێت بزانین ژیانی خێزانیش بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی هەیە، لەبەر ئەوەی هەموویشمان ئەو ڕێگەیەمان لە پێشە.
*جگە لە کاری هونەری، (هۆزان) هیچ کارێکی دیکە دەکات؟
ـ من پێم وایە لە بواری هونەردا تا ڕادەیەک هەنگاوی باشم ناوە لە ناو خەڵکدا، بۆیەیش ناتوانم هیچ کارێکی دیکە بکەم، چونکە کاتەکانی خۆمم دابەش کردووە، بۆیە بە پێی پلانەکانی خۆم کاروباری خێزانیی جێبەجێ دەکەم و، هاوکات بەشێکیشم بۆ کارە هونەرییەکان تەرخان کردووە.