یەکێک لە کارە گرنگ و پیرۆزەکانی ژیان خزمەت کردن و جەنگە لە پێناو خۆش بەختی میللەتەکەت، ھەندێ کەس ھاوشانی ھونەرەکەی بە شێواز وھەڵوێستی کوردانە دوو جار خزمەتی کردووە و ھەمیشە بە بەرزی ژیاون و بە بەرزی مردون،
یەکێک لەو ھونەرمەندانەی خاوەنی غەزێنەیەکی دەوڵەمەندە و خاوەنی ھەڵوێستی کوردانەیە ئەویش ھونەرمەندی ناودار (ئەردەوان زاخۆلی) یە، ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی کچە دورە وڵات و غەریب لە دیدارێکی لەگەڵ گۆڤاری دەنگ باس لە ژیانی ئەردەوان زاخۆلی و نھێنی یەکانی دەکات، ھەروەھا ھۆزان وەکو وەفایەک و سەرەتای کاری ھونەری ٢ گۆرانی تایبەت بە باوکی وتووە و لە ئایندەدا حەز دەکات ببێتە گۆرانیبێژێکی ناودار و خزمەتی ھونەری کوردی بکات.
دیمانەی ھاوکار نامۆ (گۆڤاری دەنگ)
دەنگ:ھۆزان ساڵی چەند و لە کوێ لە دایک بووە، منداڵیت لە کوێ بووە و چۆن منداڵێک بویت ؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی: ساڵی ١٩٨٠ یان ١٩٨١ لە زاخۆ لە دایک بووم، دایکم ئەو کات تەمەنی ١٣ ساڵان بوو کە من لە دایک بووم، منداَڵێکی چالاک و ژیر بووم و بەردەوام گوێم لە دەنگی باوکم بوو شەو و ڕۆژ، ھەمیشە خەڵک و خۆشەویستی و باوکم لە دەوری من بون.
دەنگ:لە خوێندا تا چ قۆناغێکت تەواو کردووە؟ ئارەزوی تۆ چی بوو لە خوێندندا؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی: من لە تەمەنی ١٣ بۆ ١٨ ساڵان لە سوید گەورە بوم، مامۆستایەکی تایبەتیم ھەبوو وانەی پێ دەوتم، کە تەمەنم بوو بە ١٨ ساڵان و ھاتمە خانوی خۆم، بڕوانەمەیان نەدامێ وتیان ئەو مامۆستایە بۆی نی یە بڕوانامە بداتە من، دواتر دەستم بە ئیش کردن کرد بۆ ئەوەی بژیم، یەک ساڵا خوێندم بۆ (محاسیب) بەڵام لێرە ئیش نی یە و زۆر زەحمەتە یەک ئیشی باش بدۆزیتەوە بە یەک بڕوانامە و یەک ساڵ خوێندن، خوێندنیش لێرە بە پارەیە و بە قەرزە، من تاوەکو ئێستا قەرزاری حوکومەتی سویدیم.
دەنگ:گەنجی خۆت چۆن پێناسە دەکەیت؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی: دەلالی باوکم ئەردەوان زاخۆلی بە منداڵی خۆشەویستی و سۆزی پێ بەخشیم، بە گەنجیش گۆرانی یەکانی باوکی ئازیزم سۆز و خۆشەویستی بوو بۆ من لە گەنجی.
دەنگ:ئەو بەرھەمە ھونەریانەی بەئەنجامت گەیاندووە کامانەن؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی: ٢ گۆرانم تۆمار کرد بۆ باوکی ئازیزم، ڤیدیۆ کلیپەکانی لەسەر یوتوب ھەیە و خۆم دروستم کردووە بە کۆمپیوتەرەکەی خۆم، من خۆم لەسەر کۆمپیوتەرەکەی خۆم ئەو ٢ گۆرانی یەم دروست کردووە، لەبەر ئەوەی ھیچ توانایەکی ئابوریم نی یە و زۆر زۆر حەز دەکەم ئەلبومێکی پرۆفێشناڵ بەرھەم بێنم.
دەنگ: بە ھیچ کەسێکت نەوتوە یارمەتیم بدە؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی: بەڵێ، من قسەم لەگەڵ ھەڵکەوت زاھیر کرد بۆ ھاوکاری کاری ھونەری، ئەو وتی دەنگی خۆتم بۆ بنێرە، ئێستا بەدوای سپۆنسۆردا ئەگەڕێت بۆم، سوپاسی ئەکەم.
دەنگ:لەبەر ئەوە باوکت ھونەرمەندێکی ناودار بوو، بۆیە ھۆزانیش حەز دەکات گۆرانی بڵێت؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی: لە منداڵیەوە حەزم لە مۆسیقا کردووە، بەڵام کەس ھاوکاری نەکردوم، زۆر پرسیارم کرد لە خەڵک و تا ئێستاش، بەڵام کەسێکم دۆزیەوە بە ناوی (جوتیار سیندی) کە تەرجومەی گۆرانی یەکانی باوکمی بۆ کردم، وە لای (ئازاد شەمسەدین) تۆمارم کرد، ئەوە ٥ مانگە دەمەوێت بەردەوام بم بەڵام زۆر زەحمەتە، من ئێستا بۆ ئەوەی کوردی یەکم باش ببێت لە سەر مالپەڕی (فەیس بووک) قسە لەگەڵ ھاوڕێ کانم دەکەم، بۆ ئەوە بە باشی بتوانم گۆرانی بڵێم.
دەنگ:دەربارەی ھونەرمەندەی گەورە ئەردەوان، سەرەتا لەگەڵ ئەو پەروەردە بویت، ئەو وەکو باوکێک چۆن بوو لەگەڵتا؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی: باوکم زۆر دەلال بوو لەگەڵم، خۆشەویستی و سۆزی ھەبوو وە ھەرگیز لەمن تورە نەبووە، چەند جار دایکم لە منی داوەو باوکم منی ڕزگار کردووە لە دەستی دایکم ھاھاھا، باوکم بەردەوام لە ماڵەوە گۆرانی دەوت، دەنگی زۆر خۆش بوو لای من، زۆر یاری لەگەڵم دەکرد، یادگاریم زۆرە لەگەڵ باوکم، جارێکیان باوکم پیک ئەپی لێدەخوری، من کەوتمە خوارە و لە خەستەخانە خەبەرم بۆیەوە، دەرزیان لێدام، باوکم باوەشی پیا کردم، ئەو باوەشەی باوکم ھەرگیز بیر ناچێتەوە، باوکم فێری کردم لە ھیچ نەترسم و بەھێز بم لە ژیاندا.
دەنگ:نھێنی یەکانی ژیانی ئەردەوان چین؟ ئەو بۆ کێ و بۆچی گۆرانی دەوت؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی: ئەردەوان ھیچ نھێنی نەبوو، لە ھیچ نەترسا، بە ئاشکرا گۆرانی بۆ میللەتی کورد دەوت، لە بەغداد گۆرانی بۆ کوردستان و ژیانی ئەوانی وت.
دەنگ: ئەردەوان بەچی کۆچی دووایی کرد؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی: لە بەغدداد ئاھەنگی ھەبوو گۆرانی کوردی وتبوو، لە ھۆتێل خەوتبوو، ٥ پیاو ھاتبون گرتبویان و بردبویان، ھیچی تر نازانم، بەڵام گوێم لە ھەندێ خەڵک بووە، ھەریەکەو شتێ دەڵێت.
دەنگ:کێ ی خۆش دەویست؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی: ئەو شتانە قبول ناکرێ کە بەسەر مسللەتی ئێمە ھات، ئەو ڕوداوانە کاریگەریان لەسەر باوکم ھەبوو، ئەردەوان زاخۆلی ھەموو کوردی خۆشدەویست، تایبەت مەلا مستەفا نەمر و کاک ئیدریس بارزانی.
دەنگ:یەکەمین کاری ھونەری ئەردەوان کەی و لە کوێ بوو؟ زیاتر بەچی ناسرای لای خەڵکی؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی: ئە پرسیارە پێش لە دایک بونی منە، من باش نازنم بەڵام ئەوە ھەمو خەڵکی زاخۆ دەزانن.
دەنگ:تا چەند لە کارەکانی خۆی ڕازی بوو؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی: بابی من، یان گۆرانی نەوت، یان کە وتی بە دڵ وتی و بە بێ ترس.
دەنگ: و ھاوڕێ یەتی لای تۆ چی ئەگەیەنێت و ھاوڕێ ی ھەمیشەیت کێ یە؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی:ھاوڕێ ی پاک زۆر گرنگە، ھەمومان یەک جار دەژین و دەمرین، ھاوڕێ ی من و نزیکترین کەس لە منەوە، کچەکەم و باوکم و براکەم (کۆڤان).
دەنگ:ھۆزان خان گوێ لە گۆرانی دەگرێت ؟کێ بەتایبەتی؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی: ئەیاز زاخۆلی، حەسەن شەریف، محمد عارف جەزیری، حەمە جەزا و شەھێن تالەبانی.
دەنگ:ئێستا بەچی ترەوە سەرقاڵیت؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی: بەدوای کار کردن و منداڵ و ماڵ و مەلە کردن، ئاواتی من ئەوەیە ھەندێک گۆرانی بڵێم، زۆر باش فێری زمانی خۆم ئەبم لە ئەنتەرنێت، فێری نوسین و خۆندنەوە ئەبم وردە وردە، وەکو چۆنی؟ باشی.. سڵاو
دەنگ:باسی کارە نوێ یەکانت بکە ؟ بە نیاز نیت گۆانی یەکانی باوکت نوێ بکەیتەوە؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی:بەڵێ، حەزدەکەم، ھەرشتێ بکەم کەمە بۆ باوکم، ئینشەڵا ئەو پرۆژەیەی تۆ باسە دەکەیت، من دەیکەم بەس بە ئیرادەی خۆم و ھاوکاری حوکومەت و خەڵک.
دەنگ: من ھیچم نەماوە، لە کۆتایدا چی ئەڵێیت؟
ھۆزان ئەردەوان زاخۆلی: سوپاس بۆ تۆ کاک ھاوکار نامۆ، ببورە من باش زمان نازانم، ھیوادارم بتوانم خزمەتی ھونەری کوردی بکەم وکەسانێک ھەبن یارمەتیم بدەن و دەستم بگرن، سڵاو بۆ ھەموو خوێنەرانی گۆڤاری دەنگ و ھەموو گەلی کوردستان.