کوردیش ئێسپرێسۆ: لە بابەتی هەفتەی پێشوماندا باسمان لە دابەشبوونی هونەر کرد بەسەر دوو چەمکی سەرەکیدا. ئێمە ئەو چەمکانەمان ناونان ( هونەر وەک پەیامێکی ڕۆحی،، هونەر وەک کاڵایەکی نمایشکاری) بەڵێنمان پێدان باس لە پێگەی هونەری کوردی بکەین لە نێوان ئەم دووچەمکەدا.
ئەگەر باس لە هونەر بکەین وەک پەیامێکی ڕۆحی لە ئێستادا، لەوانەیە زۆر بە ئاسانی لە گەڕانمان بۆ دۆزینەوەی هەر یەکێک لەو هونەرمەندانەی بەم ڕێگایە هونەرمەندن، وون ببین. وون دەبین لەناو نەدۆزینەوەی کەسێک کە ئەم نازناوەی پێ ببەخشین لەناو ئەم نەوەی نوێیەدا. ئەگەر بێین بۆ سەلماندنی ئەم بۆچونە لێکۆڵینەوەیەک بکەین لە سەرەتاوە زەمەنێک دەستنیشان دەکەین بۆ دەستپێک، ئێمە دێین ساڵی 2000 و لەگەڵیا زەکەریا عەبدوڵا دەکەین بە سەر مەشقی ئەو کاروانەی پێیان دەڵیین هونەرمەندانی جیلی نوێ. زەکەریا وەک هونەرمەندێکی جدیی و لێبڕاو بۆ هونەرەکەی وەک داهێنەرێک وەک وەرچەرخێنەرێک وەک سەرکردەی شۆڕشێکی هونەری ناسێنرا و خۆی ناساند، وە بەم نازناوانە و بگرە زیاتریش خۆی سەپاند، هەرچەندە نەیارەکانی بەردیان تێگرت و هەوڵی لەکەدارکردنیان دا، بەڵام بە بەردەوامی و هەنگاونان بۆ پڕۆفشناڵ بوون هەموو هەوڵەکانی پوچ کردەوە و خۆی گەیاندە لوتکەی ئەم ڕەوتە نوێیە. ئێمە لاریمان لە بڵندی زەکەریا نیە لە ئێستادا و نکوڵی لێناکەین، بەڵام دەپرسین ئایا بۆمان هەیە ئەم زەمەنە بە سەرەتای داماڵینی هونەری کوردی لە پەیامە ڕۆحییەکان ناو ببەین؟
زەکەریا بە سەرکەوتنە گەورەکەی لە کۆپی ئاوازە تورکی و فارسیەکانی زیادی هاوڕێی، توانی چاوی چەندان لاو و گەنجی ئەم میللەتە بکاتەوە و بە لێشاو بۆ زەکەریابوون لەو کاروانەدا هەنگاو بنێن. ئەم ڕێچکەیە توانی شوێنی خۆی بکاتەوە و وا بکات لە کۆتاییدا شێوەیەکی زاڵبوون بەسەر هونەری کوردیدا پیشان بدات. هەموو بینیمان یەکە یەکە ئاوازە تورکی و فارسی و عەرەبییەکان دەکران بەکوردی و بە تێکستە بێتامەکانەوە دەفرۆشرانەوە بە خەڵک لە بازاڕەکاندا هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت کە ئەم دیاردەیە تێیدا گەشتۆتە لوتکە. دەبینین بە ئاشکرا هونەر بووە بە ماددەیەک مرۆڤەکانی پێ دەکرێت بە کۆیلەی تاکەکان ئەم بۆچونەش لە هەڵکەوت زاهیر و قوتابییەکانیدا ڕەنگی دایەوە و بە ئاشکرا سەلمێنرا. بینیمان یەکە یەکە توانای کچانی ئەم میللەتە دیلکران بە ئاوازە عەرەبییەکانی ئەم مامۆستایەوە و ناچارکران هەموویان لە چاوپێکەوتنەکاندا هەمان ڕستە دووبارە بکەنەوە( بەبێ هەبوونی مامۆستا هەڵکەوت مەحاڵە بتوانم هیچ گۆرانییەک بڵێم) کە ئەم ڕستەیە دەکرێت ببێت بە سەلمێنەری ئەوەی کە هونەر وەک پەیامێکی ڕۆحی بوو بە بابەتێک تەنها لە ئەرشیفی ئەم نەوەیەدا دانراوە. ئەگەر بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم بۆچونە پێماندەڵێن هەڵکەوت زاهیر هیچ وجودی نیە لە هونەری کوردیدا و خۆی و گروپەکەی زۆر بێ جەماوەر و تەنهان، دەلێین لە دوای ئەو بەروارەوە واتا ساڵی 2000 کێ هەیە بە ئاوازێکی بیانییەوە نەگیرابێت و پێی بووترێک هونەرمەندێکی دیار؟ کێ هەیە بە پەیامە ڕۆحییەکەی بووبێت بە کەسێکی دیار و داهێنەر؟ بە تەنها دوو ناوی نوێ بەسە بۆ ئەوەی واز لەم حەملەیە بهێنین.
ئەوەی جێگای نیگەرانی ئێمەیە: بەتەما بووین هونەرمەندە هاوچەرخەکانی زەکەریا وەک ( پەیوەند جاف، ڕۆژ کەریم، ئەژدەر وەهبی، عەبدلقەهار زاخۆیی، ئەیوب عەلی، و چەندان ناوی تر ) بێدەنگ نەبن لەئاستی ئەم بەلاڕێدابردنە و هەڵوێست وەرگرن و میدیاکان بهەژێنن و بایکۆتی ئەم شێوازە تەقلیدییە بکەن…، بەڵام زۆر بە هەرزان و بە ئاسانی تەسلیمی ئەم یارییە خراپە بوون و خۆیان تێدا بزر کرد.
هونەر وەک کاڵایەکی نمایش .. لەهەفتەی داهاتوودا دەستدەخەینە سەر ئەو باسە و کۆمێنتی خۆمان دەدەین . بەو هیوایەی بتوانین سەرنجتان بۆ ئەم بابەتە جدییانە ڕابکێشینەوە. دیارە ئێمە پلان و پێشنیار و ڕێگا چارە دەخەینە ڕوو لە ئایندەدا و ئاوا بە واڵایی لە ڕەخنەکانمان ناگەڕیین.