لەم ساتەوەختەدا کە کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی پێیدا تێدەپەڕێ، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوێکی بێ ناوەرۆکدا کە بە ” دامەزراوەی تورونج” پێناسەکراوە، دەیهەوێ ریزە بەرنامەیەکی هونەری بۆ هونەرمەند عەدنان کەریم لە چەند شاری رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە ببا.
ئەگەر سەیری بارودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم کاتەدا بکەین، بۆمان دەردەکەوێ ئەم ماستە بێ موو نییە. لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی لە هاتنەسەردەسەڵاتییەوە تا هەنووکە لە گرتن و کوشتنی خەڵکی شاروگوندەکانی رۆژهەڵات بەردەوامە و راوی پێشمەرگەی کوردستان دەکا. هاوکات وێڕای تۆپ بارانی ناوچەسنوورییەکانی باشوور، کۆنسێرتی هونەرمەند شارام نازری و هونەرمەندانی دیکە لە ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە، بۆچی قۆڵی بۆ ئەم کۆنسێرتەی هونەرمەند عەدنان کەریم هەڵماڵیوە؟
ئەوەی مەبەستی رێژیمی ئاخوندییە:
1ـ هونەرمەند عەدنان کەریم لە بەرچاوی خەڵکی رۆژهەڵات بخا و بنەماڵەی ئەو شەهیدانەی لەم رۆژانەدا لە شنۆ و مەریوان گیانیان لە دەست دا بدا بە گژ ئەو هونەرمەندەدا.
2ـ درز بخاتە نێو ڕیزەکانی رۆژهەڵات و باشوور.
3ـ مانگی پووشپەڕ ساڵوەگەڕی کارەساتی ڤییەنی1989یە، کە لەودا د.عەبدولڕەحمان قاسملوو و عەبدوڵڵاقادری ئازەر و د.فازل رەسووڵ لە لایەن دیپلومات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی یەوە گیانیان لە دەست دا. لەو سۆنگەیەدا ئەم مانگە مانگی ماتەمینە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان. بۆیە عەدنان کەریمی هونەرمەند نابێ خۆی بخاتە نێو ئەو زۆنگاوە دژ بە دۆزی کورد.
هیوادارین ئەمە پەیامێکی ئاشکرا و روون بێ بۆ هونەرمەند عەدنان کەریم و خۆی لەو بەشدارییە ببوێرێ!
کۆمەڵێک لە گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان