ئێسپرێسۆ-قاوەچی: بەدڵنیاییەوە ئەوانەی لە موزیک دەزانن دەتوان باشتر و ووردتر دەنگەکان ببیستن، تۆنەکان لێک جیابکەنەوە، هەڵە و نەشازەکان بگرن و هونەر و جوانکاریی و دێکۆراتەکانی ناو ئەداکردنی ئاوازێک بە چێژەوە ببیستن.
هەرچەندە ئێستا هونەری گۆرانی بەتەنها لە دەنگخۆشی پێک نەهاتووە، لەجێگای ئەمە کوالیتی بووە بە خاوەن دەسەڵاتێکی ڕەها، کە زۆرجار سەرپشکە لە بەناوباگکردن یان زیانگەیاندن بە کەسێک کە دەیەوێت بەرهەمێک پێشکەش بکات. لە ئێستادا زۆرینەی هەنگاوە هونەرییەکان کوالیتی بەرهەمەکان ڕێژەی فرۆشتن و بەڕووداکرانەوەی بەرامبەر دیاری دەکەن دەنگخۆشی و دانانی ئاوازێکی خۆش. بەڵام هەمیشە هونەر دەست بەو بەشەی خۆیەوە دەگرێت کە ئیلهامێکی سروشتی و خوداییە و هەمووکەس ناتوانن ببنە هونەرمەند. هەندێک جار دەبینین لە غیابی ئەو پاڵنەرانەی کە هونەرێک بە خەڵک دەناسێنن دەنگ و هونەرە سروشتییەکان هەموو سنور و بەربەستەکان دەبڕن و گوێیەکان بەناچاری ئەو ڕاستییە قەبوڵ دەکەن.
لێرەدا ڕاستییەک هەیە دەبێت وەک گوێگرێکی موزیک هەمیشە هەستی پێبکەین، ئەویش ئەو دابەشبوونەی هونەرە بەسەر دوو چەمکی لەیەک جیاوزدا، کە دەکرێت لێرەدا بە ( هونەر وەک پەیامێکی ڕۆحی.. هونەر وەک کاڵایەکی پێشاندان و نواندن) پێناسە بکەین. دیارە ئێمە یاسایەک نانوسینەوە بۆ پیرۆزکردنی یەکێک لەو چەمکانە، بەڵکو تیڕوانینێک دەخەینە روو بۆ ئەوەی خوێنەری ئازیز بە ویستی خۆی ڕاڤەی بکات و ئەگەر ویستی، بەشداربێت لە تەواوکردنی پەیامەکەماندا.
هونەر وەک پەیامێکی ڕۆحی: ئەمە ئەو چەمکەیە کە لەگەل دروستبوونی هەست و ئەحساسەکان لە مرۆڤدا هاتۆتە ئاراوە و هەمیشە توانیویەتی هۆگرانی خۆی دروست بکات و ببێتە ئاسمانێک بۆ لەژێردا ژیانی چەندان هەستەوەر. بە بۆچونی ئێمە سەرەتاییترین هەنگاو کە دەکرێت پێی بوترێت هونەر ( لاساییکردنەوە) ی باڵدار و دەنگەسروشتییەکان و جوڵە ناباوەکان بووە و لەگەڵ کامڵبوونی ژیاندا گەشتۆتە ئاوازەکان و جۆرەکانی سەما و هونەری نواندن و کۆمیدیاکان. لە ناو گەلی کورددا لە نزیکترین زەمەندا دەتوانین بگەڕیینەوە بۆ ( سەید عەلی ئەسغەر و حەسەن زیرەک) کە هەتا ئێستاش هەم دەروازەن بۆ هونەرمەندبوونی چەندان مرۆڤ، وەهەم خۆسەپێنن وەک باشترین و خۆشترین و جوانترین هونەرەکان. ئێمە ئەو بەهانەیە بە هەند وەرناگرین کە دەڵیت لە نەبوونی هونەرمەندی تردا ئەوانە توانیویانە بگەنە لوتکە، چونکە دەکرێت ئێستا فڕێبدرێن و شیوازە تازەکان و کوالیتی هەموو ئەو هونەرە لە ئەرشیفەکان و مۆزەخانەکاندا کەڵەک بکات. بەڵام وەک دەبینین چەندان کەس لە لاساییکردنەوەی ئەوانە دێنە ناو ئەم جیهانەی ئێستای هونەرەوەوە. یان هونەرەکەی خۆیان بە ئاوازە ڕۆحییەکانی ئەوان دەرازێننەوە.
هونەر وەک کاڵایەکی پیشاندان ( استعراضی) و نواندن: ئێستا لەو زەمەنەداین کە ئەم چەمکە تێیدا گەشتتە لوتکە. دەبینین ئەو کلیپ و فیلم و موزیک و هونەرەی کە دەبێت بە بابەتێکی جیهانی بە چ بەهایەک دێتە بوون. وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا کوالیتی چۆن بووە بە خۆرەیەکی سەرکێش و بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکانی سەرزەوی بە خۆیەوە گیرۆدەکردووە. ئێمە ئەم چەمکە ڕەت ناکەینەوە. لایەنە پۆزەتیڤەکانیشی کە زۆر کەمترن لە نێگەتیڤەکان دەخوێنینەوە دەتوانین بڵێین جیهانگیرییەکی جوانی دروسیکردووە و زۆرجار لەدوای کارەساتە مرۆییەکان دەتوانن بەکاربهێنرێن بۆ ڕاکێشانی هەستی مرۆڤەکان بۆ یارمەتی و هاوکاری خەڵکانی کارەساتبار. هەرچەندە ئەگەر نیەتێکی مرۆڤدۆستانە هەبێت دەکرێت لە داهاتی هەموو بەرهەمە هونەرییە جیهانییەکان نیوەی هەژاری لەسەر زەوی بنەبڕ بکرێت، بۆ ئەم بۆچونەش چەندان ڕێگا هەیە بیگرینەبەر بۆ لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری و کۆکردنەوە و دابەشکردنی داهاتەکانی ئەو هونەرە جیهانیانەی مرۆڤەکان دەبەستێت بەیەکەوە.
ئەم کورتە دابەشکارییە هەڕەمەکییەی کە تەنها پشتی بە بیرکردنەوەکانی خۆمان بەستووە، لێرەدا ڕادەگرین. هەر لە دیدی خۆمانەوە دەڕوانینە هونەری کوردی لەم چوارچیوەیەدا و دەپرسین ئایا هونەری کوردی لەکوێی ئەم دوو بەشەدایە؟ دەکرێت لە هەردوو چەمکەکەدا هەبوویەک بێت؟ یان بەسەرلێشیواوی لە نێوان هەموو چەمکەکاندا ئەوانەش کە ئێمە هەستمان پێنەکردووە دەسوڕیتەوە و ناتوانێت خۆی بە هیچیاندا هەڵبواسێت؟ ئەگەر وانییە، ئەی بۆچی هەمیشە لە دوای هونەرەکانی دنیاوە یان ناوچەکەوە یان نزیکترین دراوسێکانەوەیە؟
خۆشحاڵ دەبین لەم بابەتە فکرییەدا ڕاوبۆچونەکان ببیستین، داوا لە ئێوەی بەڕێز دەکەین بە کۆمێنت و بابەتەکانتان لە وەڵامدانەوە و ڕەخنەگرتنتان لە بابەتەکەمان بەشداریمان بکەن. ئێمە دەمانەوێت دەروازەیەک بکەینەوە بۆ هاتنە دەرەوەی هونەری موزیکی کوردی لە قەیرانەکانی بە هیوای خەمخۆری ئێوەین. بە دڵنییایەوە ئێمە بۆچونەکانی ئێوە بە هەند وەردەگرین و لە دواییدا ئێمەش ڕاو بۆچون و وەڵامی خۆمان بۆ پرسیارەکان دەخەینە ڕوو.