دیمانە: زانا دڵشاد دزەیى : هونەرمەند کانى لە شارۆچکەى “بەرزنجە” لە دایکبووە و لە تەمەنى 3 ساڵی هاتۆتە سلێمانى، پەیمانگاى هونەرە جوانەکان بەشى موزیکى لە سلێمانى تەواو کردووە، لە 2003 لەگەڵ هونەرمەندى موزیکژەن کارزان مەحمود ژیانى هاوسەریان پێکهێنا و ئێستا لە وڵاتى سوید نیشتەجێن و دوو هەفتەى رابردوو یەکەم منداڵیان لە دایکبوو “کوڕ”ـە، جگە لە کارى هونەرى، ئێستا سەرقاڵى خوێندنى بڕوانامەى بەکالۆریۆسە لە بوارى گۆرانى وتن، لە زانکۆى پاشاى ستۆکهۆلم، کانى لەو چاوپێکەوتنەى لەگەڵ (سڤیل) وەڵامى چەند پرسیارێک لەسەر لایەنى هونەرى خۆى دەداتەوە.
سڤیل: دەزانم لە چالاکى قوتابخانەکان و خوێندنگەکەى خۆت گۆرانیت وتووە، بەڵام یەکەم بەرهەمت بە ناوى چى بوو؟
کانى: یەکەم بەرهەمم بە ناوى “سورە گوڵ” بوو، لەگەڵ گروپى گەڕیان، لەئاوازى فۆلکلۆر و موزیکى کارزان مەحمود تۆمارم کرد، کە پێشتریش هونەرمەند ماملێ ئەو گۆرانیەى وتووە.
سڤیل: موزیکى فارسى و کوردى تاچەند مەوداى تێکەڵکردنیان هەیە، هەروەها موزیکى فارسى تاچەند کاریگەرى هەیە لەسەر موزیکى کوردی؟
کانى: موزیکى میللەتانێک کە دراوسێ بن بێگومان زۆر بە ئاسانى کاریگەریان لەسەر یەکتر دەبێت، زۆر بە ئاسانیش دەتوانى ئەو موزیکانە تێکەڵاو بکەى، بەڵام چۆن موزیکى کوردى کاریگەرى موزیکى تورکى و فارسى و عەرەبى بەسەرەوە هەیە، بەهەمانشێوە موزیکى عەرەبى و فارسى و تورکیش کاریگەرى موزیکى کوردیان بەسەرەوە هەیە، زۆر بە ئاشکراش دیارە، با ئێمە لە دەوڵەمەندى مۆسیقاى کوردى کەم نەکەینەوە، وافێربوون دائیمەن بڵێین مۆسیقاى فارسى یارمەتى مۆسیقاى کوردى داوە، یان مۆسیقاى عەرەبى یارمەتى مۆسیقاى کوردى دەدات، بەڵام بەپێچەوانەکەشى تەواوە.
سڤیل: شارەزایانى موزیک پێیان وایە تۆ لە گۆرانییەکانت ئەدایەکى زۆر فارسى پێشکەش دەکەى؟
کانى: ئەو شارەزایانەى کە تۆ باسى دەکەى من نازانم ئەو لە چ روویەکەوە دەڵێن ئەداى گۆرانییەکانم زۆر فارسییە، من ئەوەى هەستم پێمدەڵێ هەر ئەوەیە کە لە دەمم دێتە دەرەوە، هەرچەندە خەڵکیش ئازادە لە بیروبۆچوونى و چۆن تێگەیشتووە، بەڵام من دڵنیام ئەداى من زۆر فارسى نییە.
سڤیل: پێتوایە ئەگەر کار لەسەر تێکستى نوێ بکەى، دەتوانى لەو ئەدایە دەربچى، کە شارەزایان پێیان وایە فارسییە؟
کانى: راستە تێکست کاریگەرى زۆرە لە دروستکردن و شێوازى ئەدا کردن، بەڵام هونەرمەند دەتوانێ یەک پیتى “ا” بە عەرەبى بیڵێت و بە فارسى و تورکى و بە کوردیش بیڵێ، تێسکت کاریگەرى هەیە، بەڵام من وەک وەڵامم دایەوە پێم وانییە فارسیانە گۆرانییەکانم ئەدا کردبێت، باوەڕیش ناکەم ئەوەى لە موزیک شارەزا بێت پێى وابێت فارسیانە ئەدا دەکەم.
سڤیل: واتا لەسەر ئەو ستایلە و تێکستانە بەردەوام دەبى؟
کانى: بێگومان بەردەوام دەبم، لەبەرئەوەى گوێگرانم لەو ستایلەوە منیان ناسیووە، بەڵام هەمیشە پەرە بە کارەکانیشم دەدەم و حەزیشم لە گۆڕانکارى هەیە.
سڤیل: دەکرێ دەنگێکی نوێ خاوەن هونەرێکی رەسەن بێت؟
کانى: هەموو کەسێک کە کار دەکات دەبێ بیر لەوە بکاتەوە کارەکەى تاچەند رەسەنایەتى پێوەیە، رەسەنایەتیش پەیوەندى بە دەنگى کۆن و نوێ نییە، رەسەنایەتى ئەوەیە کەسەکە بە دڵسۆزى کارەکان بکات، بێئەوەى هەست بکات کارەکە دەچێتە قاڵبى رەسەنایەتى.
سڤیل: تۆ دەڵێى “ئەگەر خەڵک گۆرانییەکانى منیان پێ خۆش نەبوایە، کارى گۆرانیم نەدەکردەوە، باشە ئەگەر خەڵک حەزیان لە گۆرانییەکانت نەبوایە چ کارێکى دیکەت دەکرد؟
کانى: پێم وایە کارم لەناو باخ و گوڵ دەکرد.
سڤیل: تۆ لەکلیپەکانت زۆر کوردیانە دەردەکەوى، حەز دەکەى لە لادێ بژى و مەڕوماڵات و پەرەوەر بەخێو بکەى؟
کانى: پێم خۆشە ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت ئەو ژیانە ببینم، چونکە لەوێدا مرۆڤ دەگەڕێتەوە سەر سادەییەکانى ژیانى.
سڤیل: لەناو خانەوادەکەتان تەنیا تۆ هونەرمەندى؟
کانى: تەنیا من هونەرمەند نەبووم، بەڵام تەنیا من تائێستا بەردەوام بووم و ئەوان دى بەردەوام نەبوون، بەتایبەت لە بوارى شانۆدا.
سڤیل: وابزانم تۆش قوتابخانەى سەرەتایی بەشداری شانۆگەریت کردووە، تواناى نواندنت چۆنە؟
کانى: وایە، لە منداڵى بەشدارى شانۆگەریم کردووە، بەڵام لەوکاتەوە جارێکى دى دیسان تاقیم نەکردۆتەوە، لەبەرئەوە نازانم تواناى نواندنم چەندە.
سڤیل: ناوى راستەقینەت “کانى”یە؟
کانى: راستە ناوى “کانى” ناوە فەرمییەکەى من نییە، بەڵام ناوى “کانى” ناوێک نییە بۆئەوە دروستم کردبێت تاوەکو ناوە راستەقینەکەى خۆم بشارمەوە، بەڵکو لەسەرەتایى لەدایکبوونمەوە بە دوو ناوە گەورە بووم، لەخوێندنگا و شوێنە رەسمییەکان ناوم “شەمێران”ـە، بەڵام لەماڵەوە هەر بە”کانى” بانگیان کردووم، بۆیە “کانی”ـم بەناوێکى هونەریانەتر زانى، پێم باشبوو بەکارى بێنم بۆ ناوى هونەریم.
سڤیل: نیازت هەیە بگەڕێیەوە لە کوردستان بژى؟
کانى: هەمیشە بیرلەوە دەکەینەوە رۆژێک لەرۆژان بگەڕینەوە کوردستان بژین، بەڵام هەست دەکەین زۆر شت ماوە پێویستە لێرە تەواویان بکەین، ئینجا بگەڕێینەوە.
سڤیل: چین ئەو شتانە؟
کانى: پێش هەموو شتێک خوێندن.
سڤیل: ئەگەر بگەڕێیەوە کوردستان، کام شار هەڵدەبژێرى؟
کانى: بێگومان من لە شارى سلێمانى گەورەبووم، حەزیش دەکەم لە شارى سلێمانى بژیم.
سڤیل: جوانترین یادگاریت چییە؟
کانى: یادگارییە جوانەکان زۆرن، بەڵام یەکێک لە جوانترین یادگارییەکانم ئەوەبوو دواى 5 ساڵ دووریى لە کوردستان، کە گەڕامەوە لە پەنجەرەى سەیارەکەمەوە بە شەو سلێمانیم بینى.
سڤیل: حەزدەکەى پۆستێکى حکومى وەربگرى و یان ببى بە وەزیرى رۆشنبیرى؟
کانى: کاتێک دەستم کردووە بە خوێندن یان کارى هونەرى، یان بۆ بڕوانامەک خوێندم، هەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە بۆ پلە و پایە بخوێنم یان بۆ پۆستێک کارى هونەرى بکەم، ئەگەر رۆژێک لەرۆژان هەر پۆستێک بێتەپێشەوەم قەد باوەڕناکەم قبووڵى بکەم، چونکە ئەوەى کە من دەیکەم بڕوانامەیەک نییە بۆ بوون بە وەزیر، بەڵکو خوێندنە لە بوارى گۆرانى وتن، بۆئەوەى ببم بە گۆرانیبێژێکى باش، نەک وەزیرى رۆشنبیرى.