چاوپێکەوتنى: زانا دڵشاد دزەیى – محەمەد گۆران : هونەرمەند هۆمەر دزەیى نوێخوازى سەردەمى خۆى بوو، ئەوکاتەى کە گۆرانى “ئامینێ” و “بریندارم”ى گوت، لەرووى ئاواز و مۆسیقاوە بە شێوازێکى جیا لەو سەردەمە کە گۆرانى کوردى پێ دەناسرێتەوە گۆرانییەکانى گوت، بەڵام لاى خەڵکیش مەقبول بوو، تادوایین بەرهەمیشى لەسەر هەمان رێچکەى خۆى بەردەوام بوو، ئەو جگە لە ئاواز و مۆسیقا، لە هەڵبژاردنى تێکستیشدا تایبەتمەندى خۆى هەبووە، هونەرمەند هۆمەر دزەیى جگە لە هونەر، راگەیاندنکاریش بووە، لەهەمانکاتدا سیاسیشە، ئێستا راوێژکارى سەرۆک کۆمارى عێراقە.
سڤیل: ئەو ئافرەتانەى ئێستا هاتوونەتە بوارى گۆرانى گوتنەوە، تاچەند دەتوانن ئەو تاموچێژەى لە گۆرانییەکانى ئایشەشان و نەسرین شێروان و گوڵبەهار هەبوون، درێژەپێدەرى ئەو رێچکەیە بن؟
هۆمەر دزەیى: باشبوو ئەو خاڵەتان وروژاند، چونکە ئایشەشان و مریەم خان و گوڵبەهار و ئەو گۆرانیبێژە کۆنانە، هەروەها پیاوەکانیش کاوێس ئاغا و تاهیر تۆفیق و ئەوانە بۆ ئێمە کلاسیکى کوردن، ئەمانە گەنجینەیەکن وەکو موزیکى کلاسیکى رۆژئاوا بۆمان ماتەوە و شتى زۆر خۆشن، بەڵام بە (ڵ)مێکى زۆر گەورە، خۆنابێت ئێمە هەر لەناو توێکلى کلاسیک و فۆلکلۆر گیربخۆین. هەموو دنیا بەرەو گۆڕان دەڕوات، دەبێ ئێمەش بەرەو گۆڕان بڕۆین، چونکە گەنج حەز لە گۆڕان دەکات، گەنج پاش ماوەیەک، پێنج یان دە ساڵ لەو شتەى کە هەیە بێزار دەبێ، ئەوەش لە هەموو دنیا وایە هەر کورد وا نییە.
ئەوشتە بەسەر خۆشم هاتووە، ساڵى 1952 تازە تەمەنم نەوجەوان بوو، چواردە ساڵ دەبووم، هەموو رۆژێ یان عەلى مەردان بوو، یان تاهیر تۆفیق یان رەسوول گەردى یان کاوێس ئاغا لێدەدران، شتى دیکەمان زۆرکەم بوو، بیرم دەکردەوە باشە دەبێ ئێمە ئەوەندە دواکەوتووبین هەر ئەوەمان هەیە، کەچى رادیۆم دەکردەوە دەبینم دنیایەک شتى دیکەشى تێدایە، مەبەستەکەم ئەوەیە گەنج بەدواى شتى تازە دەگەڕێت و شتى تازەى دەوێ، لەهەر سەردەمێکیش چێژى مرۆڤ دەگۆڕێت. بۆیە ئەوانەى ئەمڕۆش پێویستە بۆ گەنج، دواى چەند ساڵێکى دیکە ئەوەش نامێنێ و شتێکى تازەتر دێت. ئێستا راپى کوردیش پەیدابووە، بەلاى منەوە شتێکى زۆر ئاساییە، ئەوجا خۆش بێت یان ناخۆش، ئەوە شتێکى دیکەیە، بەڵام بە ملیۆنەها گەنج پێى خۆشە، لەوانەیە من تەمەن گەورە بووە هەر غەریبى شتە کۆنەکان بکەم، بەڵام من کێم بەرامبەر بە ملیۆنەها گەنجى کورد؟.
سڤیل: گوێ لەو گۆرانییە تازانە رادەگرى؟
هۆمەر دزەیى: راستییەکەى زۆرنا، هەندێکیان ئا، دەنگیان خۆشە و حەزم لێیە، بەڵام بە گشتى زۆر گوێ راناگرم.
سڤیل: گۆرانییەکانت لەلایەن هەندێ لە گۆرانیبێژە گەنجەکان دووبارە گوتراوەتەوە، بەبڕواى تۆ باشیان گووتۆتەوە؟
هۆمەر دزەیى: باش یان خراپ هەر هونەرمەندێک بە ستایلى خۆى، بەڵام هەموویان پێش ئەوەى گۆرانییەکەم بڵێنەوە پرسیان پێکردووم، یەک لەوانە “ئاراس فاتیح”، لە سوید تەلەفۆنى بۆکردم و گوتى: حەزدەکەم گۆرانى “بریندارم” بڵێمەوە، بەس بەشێوەى تایبەتى خۆم.. گوتم: چى لێدەکەى کەیفى خۆتە، چونکە شتێکى ئاساییە، خۆشم هەندێ گۆرانى کۆنى یۆنانى و رۆژئاوایى هەیە من دووبارە گوتوومەتەوە، بەس وەکو ئەوان نییە، من کورداندوومە بە ستایلى تایبەتى خۆم، گۆرانى “ئامینێ تاقانەى دایە” پێش من هەبووە، من لە ساڵانى چلەکانەوە بیستوومە، کە تەمەنم حەوت ساڵان بوو، بەڵام بەو ستایلەى کە من پێیدەڵێم ئەوە نەبوو، وشەکانی گۆرانییەکە هەندێ هەبوون و هەندێکى دیکەش خۆم زیادم کرد. لەبەرئەوە من پێم ئاساییە هونەرمەند گۆرانییە کۆنەکان دووبارە بڵێتەوە، هەروەها گۆرانی “دوێنێ شەو بینیم لەخەوێ” ئەویش ئاینور تەلەفۆنى بۆ کردم و گوتى: حەزدەکەم ئەو گۆرانییەت بڵێمەوە.. پێمگوت رازیم. گوتى: دەبێت بە نووسین بۆم بنووسى، چونکە لە تورکیا قبوڵ ناکەن، تورکیا وەکو لاى ئێمە ئەو بەرەڵلاییە نییە، لاى ئەوان ئەگەر بڵێى ئەو شیعرە یاخود ئەو ئاواز و گۆرانییە هى فلانە کەسە، دەبێت مۆڵەتى خاوەنەکە وەربگرى بە نووسین. ئینجا بۆم نارد و نووسیم “من رازیم و چۆنى دەڵێى بیڵێ، بەس حەقى من نەخۆی، لەسەر گۆرانییەکە ناوم بنووسە”.
سڤیل: لەو ئافرەتە هونەرمەندانەى ئێستا دەنگى کامەیانت پێخۆشە؟
هۆمەر دزەیى: وەڵڵا زۆریان دەنگیان خۆشە، بۆ نموونە دەنگى “لەیلا فەریقی”م زۆر پێخۆشە، ژێى دەنگەکانى “لەیلا” بۆ هەردوو جۆرى گۆرانى رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەگونجێت، واتا دەتوانێت گۆرانى “تاهیر تۆفیق” زۆر رێکوپێک بڵێتەوە “ئاى ئاى” دەنگى زۆر تیژە، دەشتوانێت گۆرانییەکى نزیک لە رۆژئاوایى بڵێت وەکو من، هەروەها دەنگى “هانی”م زۆر پێخۆشە، “فاتێ” و “رۆژین”، دەنگى “نولیفەر ئەقبال” بەتایبەت گۆرانییە زازایەکەى، چونکە خۆى زازاییە، هەروەها دەنگى “لۆکە”ش زۆر خۆشە.
سڤیل: بۆچى بەرهەمى تازەت نییە؟
هۆمەر دزەیى: من پێشانیش بەرهەمم زۆر نەبووە، زۆر خەریکى هونەر نەبوویمە، چونکە من بە پیشە هونەرمەند نیم، مەبەستم ئەوەیە هونەرمەندێکى پیشەیى نیم، دەنگخۆشێکم جاروبار ئەو گۆرانیانەى من کە گوێتان لێ بووە، یان لە کۆنسێرت یان لە بۆنەکانى نەورۆز و بۆنەکانى دیکە بووە، ئەگەرنا بەشێوەیەکى تایبەتى چووبم بۆ ستۆدیۆ تۆماریان بکەم زۆر کەم بووە، چونکە من هونەرم وەک پیشە وەرنەگرتبوو، هۆکەشى بنەماڵەکەمان بوو، ساڵى پەنجاکان زۆر هەوڵمدا بەشێوەیەکى رەسمى ببم بە گۆرانیبێژ و واز لە خوێندن بێنم، بەڵام لە ماڵەوە نەیانهێشت، گوتیان “ئەوە شتێکى عەیبە بۆ ئێمە”، بەداخەوە دابونەریتى کۆن کاریگەرى زۆرى تێکردم، لەبەرئەوە من نەبووم بە گۆرانیبێژ، بەڵام خەڵکەکە دەنگى منى پێخۆشبوو، جاروبار لە بۆنەکان بانگیان دەکردم، گۆرانیم دەگوت.
ئەو حەز و ئارەزووەى کە لە گەنجیمدا حەزم دەکرد بایەخى پێبدەم، بەڵام بەداخەوە بۆم نەکرا، بۆم نەچووەسەر، ئێستا بەو تەمەنە دەمەوێت تۆزێک تێی بینمەوە، ئێستاش وا ئەلبوومێکى بەدەستەوەیە و لە تورکیایە بۆ چاپکردن، ئەلبوومێکى سێدیە، کە گۆرانییەکانى سێ سێدى لەخۆدەگرێت، دوو سێدى زۆربەى گۆرانییە کۆنەکانمە، سێدیەکەى دیش هەمووى نوێیە، لەگەڵ ژیاننامەى خۆم بە ئینگلیزى و کوردى لاتینى نوسراوەتەوە، لەم رۆژانە دەکەوێتە بازاڕەوە.
سڤیل: کە نەیانهێشت ببى بە گۆرانیبێژ، گلەیت لە کەسێکى دیاریکراو هەیە؟
هۆمەر دزەیى: بەبێ هیچ گومانێک گلەیم لە بنەماڵەى خۆم هەیە، هەمیشە پێیان دەڵێم، بەڵام کە گلەیى دەکەم دەبێت هەمیشە هەناسەیەکى قوڵ هەڵبێنم، چونکە گلەیى من چییە، ناتوانم لێیان خۆش نەبم، شت هەیە لێى خۆش دەبى، بەڵام لەبیرى ناکەى، بنەماڵەى ئێمەش کە نەیاهێشت ببم بە گۆرانیبێژ گوناحیان نەبوو، چونکە دابونەریتى ئەو زەمانە پەنجا و شەست ساڵ لەمەوپێش وابوو، کە نەیانهێشتووە، عەقلییەتى جاران وابوو، زۆربەیان نەخوێندەوار بوون، عەیب و شەرم بوو، یەعنى دنیا وابوو، لەبەرئەوە گلەیەکەم، بیکەم و نەیکەم لە نەزانین و کەمزانینەوە بووە، بەڵام وەکو دەڵێم لێیان دەبوورم بەڵام قەت لەبیریشى ناکەم، چونکە ژیانى منى گۆڕى. رێچکەى ژیانم ئەو رێچکەکەی کە ئێستا پێیدا دەچم من ئەوهام نەدەویست، حەزم دەکرد رێچکەى هونەرى بگرمەبەر، بەڵام ئیتر سەرى نەگرت.
سڤیل: بەڵام تۆ هەر گۆرانیت گوت؟
هۆمەر دزەیى: پیاو ئەو قسەیەش بکات، مەبەستى ئەوان ئەوەبوو، کە گۆرانیبێژى نەکەم بەپیشەى خۆم، کە پارەى پێ پەیدابکەم و بچم خەڵک هەڵپەڕێنم بۆ پارە، وەکو “چاوەش”، چونکە چاوەش زوڕناى لێدەدا خەڵک هەڵدەپەڕى و پارەى خۆى وەردەگرت، بەڵام بنەماڵەى ئێمە لاریان لەوە نەبوو لە ئاهەنگێک گۆرانى بڵێم بەبێ پارە، لەبەرئەوە ساڵى 1954 کە لە بەغدا دەمخوێند، پۆڵى پێنجى ئامادەیى بووم، رادیۆى بەغدا بەشى کوردى داوایان لێکردم هەشت گۆرانى تۆمار بکەم، ئەوکاتە تەلەفزیۆن نەبوو، منیش چووم پرسم بە ماڵەوە کرد، گوتیان “بڕۆ، بەڵام ناوى تەواوت مەدە و یەک فلسیش وەرنەگرى، چونکە کە پارەت وەرگرت دەبیە چاوەش”. چووم هەشت گۆرانیەکەم تۆمارکرد و ناوى خۆم نەدا، هەر بەناوى “دزەیى” گۆرانییەکانم تۆمارکردن، هیچ پارەشم وەرنەگرت، گۆرانیبێژەکانى دیکە کە لەوێبوون، هەموویان یەکێ دوو، سێ دیناریان وەرگرت، بە منیان دەگوت “کو پارە وەرناگرى؟” بە پێکەنیەوە دەمگوت “ئێ چیبکەم من لەبەر ماڵەوەمان ناوێرم پارە وەربگرم”.
سڤیل: لەگەڵ ئەوەشدا تۆ کە لە بنەماڵەیەکى “ئاغا” پەروەردە بووى، بەڵام گۆرانیشت هەر گوت و خەڵکیش تۆیان وەک گۆرانیبێژ ناسى، ئەوە جۆرێک لە یاخى بوونى تۆ نەبوو لە بنەماڵەکەت؟
هۆمەر دزەیى: مرۆڤ پاشماوەیەک دەبێت یاخى بێت لەو شتەى کە هەیە، بەتایبەت هونەرمەند بەردەوام حەز بە گۆڕانکارى دەکات و حەزدەکات شتى تازە بابەت ببینێ، ئەو یاخیبوونە نەبوایە کەواتە ژیان بەپێشناکەوێ، لەبەرئەوە یاخى بوونەکەى من شتێکى زۆر ئاسایى بوو، منیش بێزاربووم لەوەى کە هەبوو، رووم لەشتى تازەکرد، بەڵێ من زۆرم هەڵمداوە لە بنەماڵەکەم یاخى بم و بە گوێیان نەکەم و بچم موزیک بخوێنم، بەڵام بەداخەوە لەرووى داراییەوە نەمتوانى، چونکە تۆ گەنجى منداڵى ناتوانى خۆت بژێنى، ئەگەر گەورە بومایە و وەک ئێستا بومایە بەبێگومانى بە گوێى ماڵەوەم نەدەکرد، چونکە ئێستا دەتوانم خۆم بژێنم، لەگەڵ ئەوەشدا راستە من هەمیشە یاخى بووم، بەڵام هەندێجار بۆم چووەتەسەر و هەندێجار بۆم نەچووەتەسەر.
سڤیل: کە گۆرانییەکەت بۆ گوندەکەى خۆتان “دووگردکان” بڵاوکردەوە، خەڵک وایاندەزانى ئیتر عومەر دزەیى بەیەکجارى دێتەوە هەولێر، بەڵام ئێستا بەردەوام لەڕێى بەغدا و سلێمانى و ئەمەریکا داى، بەنیازنیت بەیەکجارى بگەڕێیتەوە هەولێر؟
هۆمەر دزەیى: وەڵڵا من حەزم لێیە یەکجارى بێمەوە، بەڵام ماوەیەکى زۆرە کوردستانم جێشتووە، ئەوە لەبیر مەکە کە من کوردستانم جێهێشت تەمەنم 18 ساڵ بوو، ئێستا تەمەنم لە 70 ساڵ زیاترە، واتا زیاتر لە پەنجا ساڵ لە دەرەوە بوومە، زۆربەى ژیانم لە دەرەوە رابردووە، سەرەڕاى ئەوەش من خۆم پێمخۆشە بێمەوە، بەڵام منداڵم هەیە و منداڵەکانم لە دەرەوە گەورە بوونە، مرۆڤیش لە کوێ گەورەبێت ئەوێى پێخۆشە، باوک و داکیش بەستراوەى منداڵەکانیانن، منداڵ لەکوێ بێت مەجبورى تۆش لەوێ بى، ئینجا من ساڵى 2000 کە هاتمەوە هەولێر ئەو شیعرەم بۆ “دووگردکان” دانا ئەوکاتە من “دووگردکان”م بە ئەنفالکراوى نەدیبوو، کە رۆیشتم کوردستانم بەجێهێشت “دووگردکان” گوندێکى ئاوەدان و خۆشبوو، کە هاتمەوە بە ئەفالکراوى بینم، هیچى نەمابوو تەنیا قەبرستانەکە نەبێت، گریانم هات، گەڕامەوە ئەمەریکا ئەو شیعرەم بۆ دانا و کردم بەو گۆرانییە. ئێستاش کە دێمەوە کوردستان چوار مانگ بۆ پێنج مانگ دەمێنمەوە و دەگەڕێمەوە، بەڵام تازە بێمەوە ئەو گوندە ئەنفالکراوە چی بکەم.
سڤیل: خەمان زرار، ئەندامى پێشووى پەرلەمانى کوردستان، لەچاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت “حەزم زۆر لەگۆرانییەکانى عومەر دزەیى هەیە، چونکە گۆرانییەکانى زۆر بێئەدەبن”.
هۆمەر دزەیى: راستى ئەو کێشەیەم لەگەڵ ژنەکەى خۆشم هەیە، ئەویش ناڕازیە لە وشەى گۆرانییەکانم، بەڵام من بەبێ ئەدەبى دانانێم، ئەدەبى کوردى هەروایە، ئەدەبى کوردى ئەدەبێکى زۆرکراوەیە، گۆرانییەکانى حەسەن زیرەک زۆرى وایە، ئەوە عەیبى تێدا نییە، ساڵى 1964 من لە ڤینەنا بووم بانگهێشتکرام بۆ تەلەفزیۆنى بەغدا کە چەند گۆرانییەک تۆمار بکەم، محەمەد سەعید سەحاف، ئەوکاتە بەڕێوەبەرى گشتیى تەلەفزیۆنى بەغدابوو، دەبوایە گۆرانییەکانم بۆ ئەو تەرجەمەى عەرەبى بکەن، بزانێ وشەکانى چۆنە، کە تەرجەمەیان بۆکرد، بانگیان کردم، گوتیان محەمەد سەعید سەحاف حەزدەکات بتبینێ، چووم بۆلاى دانیشتین و بەیەکەوە قاوەیەکمان خواردەوە، گوتى “ئوستاز دەنگت زۆر خۆشە، بەڵام وشەى گۆرانییەکانت زۆر عەیبە، بۆچى نایانگۆڕى” منیش گوتم “گۆرانییەکان بە عەرەبى ناڵێم، من بە کوردى دەڵێم، بە کوردیش زۆر ئاساییە، لەناو کۆمەڵگەى کوردى پیاو کە ماڵەوە لەگەڵ دایک و خۆشک و ژن و کیژى دانیشتووە، گۆرانیبێژ کە دەست بەو قسانە دەکات زۆر ئاسایە، یەکێک لەتایبەتمەندى ئەدەبیاتى کوردى ئەوەیە”. گوتى “وەڵڵا من ئەوەم نەزانیوە، بڕۆ گۆرانییەکانت تۆمار بکە!”.
سڤیل: تۆ زۆر لەوڵاتانت بینیووە، کچى کام وڵاتت زۆر پێجوانە؟
هۆمەر دزەیى: بەپێکەنیەوە، کچى هەموو دنیا جوانن، لە ئاسیا من کچى فارسم زۆر پێجوانە، بەتایبەت چاو و برۆیان، شاعیرانى کۆنى ئێرانى شیعریان هەموو بەسەر چاو و برۆى کچى فارس داناوە، هەروەها لەشەرق کچى سورى و لوبنانى زۆر جوانن، لە دەرەوەش ئەوروپییەکان زۆر جوانن، کچى ئەمەریکاى لاتین جوانن، کچى جوان لەهەموو دنیادا هەن.
سڤیل: هاوتەمەنەکانت کاتێک لە تەلەفزیۆن دەتبینن، دەڵێن “ئێمە پیربووین، هۆمەر دزەیى هەر قۆزە و وەک خۆیەتى”، بەڵام تۆ هەست بەپیربوونى خۆت دەکەى؟
هۆمەر دزەیى: نا من هەست بەپیربوون ناکەم، مرۆڤ کە هەستى بەپیربوون کرد پیردەبێت، لەبەرئەوە تۆ نابێت حیساب بۆ پیرى بکەى، نابێت حیساب بۆ ساڵ بکەى، تەمەنى مرۆڤ بە ساڵ ناژمێرم، بە هەستى دڵى خۆت سەیرى ژیانت بکە، هەست بە گەنجى بکەى، گەنجى، کە هەستتکرد پیرى، ئیتر پیرى، بۆخۆشم لەوانەشە لەبەر زەوقى هونەریم کاریگەرى هەبووبێت.
پرۆفایلى هونەرمەند هۆمەر دزەیى:
+ 1936 لە گوندى “دووگردکان” دەشتى هەولێر لە دایکبووە.
+ 1955 یەکەم گۆرانى لەرادیۆى بەغدا تۆمارکرد.
+ 1958 کوردستانى جێهشت و چووە تورکیا و 1959 بۆ ڤیەننا.
+ 1970 لەگەڵ “رووناک”خانى دزەیى ژیانى هاوسەرى پێکهێنا.
+ بڕوانامەى زانستى سیاسیی لە ڤینەنا بەدەستهێناوە.
+ باوکى دوو کوڕ و دوو کچە.
+ دوو کتێبى بەناوەکانى “چیرۆکى ئەوینداریم” و “توێژینەوەى حەیران” بڵاوکردۆتەوە.
+ لەساڵى 2006ەوە راوێژگارى سیاسیى سەرۆک کۆمارى عێراقە.