زانا دڵشاد دزەیى : هونەرمەند هانى دەنگێک لە رۆژهەڵاتى کوردستانەوە سەرى هەڵدا، لەبەرئەوەى تاکە خانمە کوردە لەڕێگەى کۆنسێرتەکان و تێکەڵبوونى بە تێکست و میلۆدییە کوردییەکان دەرکەوت، بە “دەنگى کۆنسێرت” ناسراوە، ئێستا خاوەن دوو ئەلبوومى بڵاوکراوەیە، هەرچەندە بەرهەمى کەمە، بەڵام بە یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانى کورد دەناسرێتەوە، هەر زوو بووە خاوەن جەماوەرێکى تایبەت بە خۆى، هانى لەو چاوپێکەوتنەیەدا لەگەڵ (سڤیل) قسە لەسەر دووەم ئەلبوومى “دایک” دەکات و وەڵامى چەند پرسیارێکى دیکە لەسەر لایەنە هونەرییەکانى خۆى دەداتەوە.
سڤیل: راى خەڵک لەسەر ئەلبوومى دووەمت چۆن بوو؟
هانى: وەک دەزانن سێدى دووەمم لە کەناڵەکان هیچ ریکلامێکى بۆ نەکرا، هەتا ئەو کەسانەى کە هاوڕێ و نزیکى منن لە کوردستان کە باسى سێدى دووەمیان بۆ دەکەم ئەسڵەن نازانن سێدى دووەمم هاتۆتە بازاڕ، بەڵام من قەت باوەڕم نەدەکرد ئەلبوومەکەم ئەوەندە سەرکەوتوو بێت، من تەنیا وەک تەجروبەیەک ئەلبوومى دووەمم خستە بازاڕ، بە بڕواى ئەو هونەرمەندانەى کە شارەزایان لە موزیکى کلاسیک و تێکست هەیە کارێکى زۆر تازە بوو، گەنجەکانیش بە دڵیان بوو، دەستخۆشییەکى زۆرم بۆ هاتووە، لەبەرئەوە ئەلبوومەکەم زۆر بە سەرکەوتوویى دەبینم.
سڤیل: بە نیازى سێدى سێیەمت بە ستایلى سێدى یەکەم یاخود بە ستایلى سێدى دووەم بەرهەم بێنى؟
هانى: ئەو پرسیارە تۆزێک سەختە، چونکە خۆم کەسێکم حەز لە گۆڕانکاری دەکەم لەناو کارەکانم دا، وەک دەزانن ئەلبوومى دووەمم “دایک” هەموو ئاوازەکانى هى خۆم بوون، بەڵام ئەلبوومى دووەمم پرۆژەى پێنج ساڵ لەمەوبەرم بوو، بەداخەوە ئەوکات نەمتوانى بەرهەمى بێنم، وەک دەبینن ئەمساڵ بڵاوکرایەوە بە ناوى “دایک”، بەڵام ئەوەش بزانن پێنج ساڵ لەمەوبەر ئەوکاتەبوو کە تازە هاتبوومە ئەوروپا و هیچ زانیارییەکم لە بارەى موزیکى غەریبى یاخود موزیکى مۆدێرن نەبوو، بەڵام ئێستا هەموو رۆژێک لە ئەڵمانیا دەچم بۆ کۆنسێرت، موزیکى وا گوێبیست دەبم مرۆڤ موەکانى راست دەبێتەوە، لە ماوەى ئەو پێنج ساڵە موزیک گەلێکم بیستووە، لەبەرئەوە پرۆژەکانى داهاتووم گۆڕانکارى زۆرى تێدا دەبێت، بەڵام حەزدەکەم ئەلبوومى داهاتووم کارێکى “پەپ موزیک” بێت، هەروەها ئەگەر لەگەڵ کاک هەڵکەوت زاهیر کار بکەمەوە بێگومان دەبێت کارەکانمان لەگەڵ ئەلبوومى پێشووتر جیاواز بێت، چونکە ئێستا ئێمە باشتر لە یەکتر تێگەیشتووین، کاک هەڵکەوت ئێستا دەزانێت چ شتێک بۆ دەنگى من باشە و تەبەقەى دەنگى من چۆنە، چ شتێک لەناو خەڵک فراوانتر و خێراتر دەڕوات.
سڤیل: واتە ئەلبوومى سێیەمت لەگەڵ ئاوازدانەر هەڵکەوت زاهیرە؟
هانى: تائێستا هیچ شتێک وەک پرۆژەیەک لە ئارادا نییە، بەڵام لە داهاتوودا بەیەکەوە کاردەکەینەوە، بەڵام کاتێکى زۆر دەخایەنێت، لەبەرئەوەى ئەمجارەیان بە عەساسێکى زۆر تێکستەکان هەڵدەبژێرم، کاک هەڵکەوت خۆیشى ئەمجارەیان دەیەوێت پرۆژەیەکى زۆر گەورە بۆ من بکات.
سڤیل: لەرێگەى بڵاوبوونەوەى هەر دوو ئەلبوومت، هیچ شتێک قازانجکردووە لەرووى مادییەوە؟
هانى: تائێستا یەک دۆلارم لە هیچ کام لە ئەلبوومەکانم قازانج نەکردووە، هەندێجار بیردەکەمەوە بۆچى؟ هونەرمەند یەک ساڵ کار دەکات دەبێت لە ماوەى ساڵێکى کارکردنى قازانج بکات، بەڵام لە وڵاتێک کە نە مافى کۆپى رایت هەیە، نە مافى هونەرمەند هەیە، لەوڵاتێک کە هیچ یاسایەک نییە بۆ بەرهەمى هونەرمەندان و ئەمڕۆ ئەلبوومت دەکەوێتە بازاڕ بۆ دوو سەعاتى دی دەتوانى لە ئەنتەرنێت وەریبگرى، ئێ باشە من پرسیار دەکەم کە وایە هونەرمەند چۆن دەتوانێ قازانح بکات، لە وڵاتێک کە بە رۆژانە کلیپت لە کەناڵەکان پەخش دەکەن و گۆرانییەکان لە رادیۆکان پەخش دەکەن، بەڵام لە بەرامبەردا هونەرمەند هیچ حەقێکى مادى نییە، قازانج لە کوێوە دروست دەبێت؟ بەڵام من وەک ئەرکێک لەسەر شانم، وەک کچێکى کورد تەنیا وەک هەستێکى نەتەوایەتى و خەریکى کارى هونەریم، هیوادارم ئینشاڵڵا لە داهاتوودا ئەوانە رێکبخرێن و بازاڕى هونەرى لە کوردستان دروست بێت.
سڤیل: تۆ خاوەن دەنگێکى سەر شانۆی، بەڵام بۆچى ماوەى پێنج ساڵە لە کوردستان کۆنسێرتێک تایبەت بە “هانى” ئەنجام نەداوە؟
هانى: هەرجارێک کە دێمەوە کوردستان پێمخۆشە کۆنسێرت بکەم، بەڵام راستى کۆنسێرتەکانى کوردستان بە کوالێتى نابینم، گرنکترین شت بۆ گۆرانیبێژ ئەوەیە کارەکەت فول کوالێتى بێت، بەڵام من ئەو کوالێتییە لە کۆنسێرتەکان و هۆڵەکانى کوردستان نابینم، بیستوومە دەڵێن هۆڵى گەورە بە ستانداردێکى باش دروستکراوە، پێش پێنج ساڵ لەمەوپێش کۆنسێرتێکم لە کوردستان کرد 10 کەس لەسەر شانۆ بوون، تەنیا دەنگى چوار موزیکژەن دەهاتە دەرەوە بۆ جەماوەر، ئەوە حەیا چوون بوو، ئەگەر 10 کەس بزانێت ئەوە هەڵەى تەکنیکییە، بەڵام 10 کەسەکەى تر وادەزانن گۆرانیبێژەکە دەنگى نییە، ئەو شتانە زۆر دەور دەبینێت، لەبەرئەوە من ترساوم لە کوردستان کۆنسێرت بکەم، بەڵام یەک شت لاى من پرسیارە وەختێک گۆرانیبێژێکى عەرەب و فارسەکان دێن لە کوردستان کۆنسێرت دەکەن بە ئیمکانیاتێکى زۆرەوە باشترین ستافى ئەوروپى دێننە ناو هۆڵەکان و کارى تەکنیک دەکەن، بەڵام ئەگەر هانى یان هەر هونەرمەندێکى کورد بیەوێت کۆنسێرتێک بکات دەڵێن: وڵاتمان زوڵمى لێکراوە ئیمکانیاتمان نییە، هەر بیر لە قازانج دەکەنەوە، بەراستى ئەگەر وا بڕوا کارەساتە لە کوردستان، ئێمە دوو شارى گەورەمان هەیە وەک هەولێر و سلێمانى کە دوو ملیۆن خەڵک تێیاندا دەژى کەچى بە پێنج مانگ جارێک کۆنسێرتێک ساز ناکرێت، بەڵام لە شارێکى ئەوروپا کە دوو سەد خێزانى تێدا دەژى لە یەک شەو و رۆژدا بە لانیکەم 10 کۆنسێرتى تێدا دەکرێت، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەوانەى ئەو کارانە دەکەن لە کوردستان هەمووان خەریکى قازانجن و بەس.
سڤیل: ئەزموونى ئیشکردنى خۆت لە کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنى؟
هانى: راستى تائێستا نەمن لە کوردستان گەیشتووم نە کوردستان لە من گەیشتووە، هەموو هاوڕێکانم پێم دەڵێن ئەو هاتن و ڕۆیشتنەت دروست نییە، پێویستە من کە دێمەوە کوردستان شەش تا هەشت مانگ بمێنمەوە تابزانم دەتوانم چی بکەم لە کوردستان و خەڵک چى دەوێت، چ شێک خالییە لە ناو دڵ و هەستى گەنجان، بەڵام کێشەى من ئەوەیە کە دێمەوە ناتوانم لە چوار هەفتە زیاتر بمێنمەوە.
سڤیل: هەستت بە خۆشەویستى خەڵکى کوردستان کردووە؟
هانى: زۆر زۆر، تەنیا شتێک کە دەموروژێنێ ئیش بکەم و نەوەستم خۆشەویستى خەڵکى کوردستانى باشوورە، هەرجارێک کە دێمەوە کوردستان شەحن دەبمەوە، ئەوەندە سادەیى و جوانی دەبینم لە ناو خەڵکەکە هەر ئەوەندەیە دڵم خۆش دەکات، ئەگەرنا هیچ شتێک نییە دڵم خۆش بکات لە کوردستان.
سڤیل: تموحى ناوبانگى زیاترت هەیە؟
هانى: کەسێک بیەوێ کارى هونەرى بکات بە تایبەت گۆرانى، سەد لە سەد بەناوبانگ دەبێ، بەڵام من بیرم لەوە نەکردۆتەوە، لە ژیانى خۆمدا زۆر شتم تاقى کردۆتەوە، بە تابلۆکێشان دەستم پێکرد و دواتر تێکست نووسین، ئینجا ئەکتەریشم تاقى کردەوە، بەڵام لە ناو هەموو ئەوانە تەنیا لە دەنگم و گۆرانى گوتن شانسم بوو سەرکەوتم، بۆ مەسەلەى ناوبانگ هەندێجار بیردەکەمەوە حەزمدەکرد کەس دەموچاوى منى نەبینى بوایە و کەس نەدیتبایە هانى دەموچاوى چۆنە، بەس گوێیان لە دەنگم بوایە، بۆئەوەى خەڵک پتر لەگەڵ هەست و ناخى گۆرانییەکانم تێکەڵ بوایە نەک لوت و چاو. هەندێجار دەڵێم خۆشبەحاڵى ئەو گۆرانیبێژانەى کە زەمانى زوو ژیاون خەڵک وێنەیان نەدیتووە.