ڕەنگە ئەلبوومە تازەکەی بەناوی (دڵێکی سپی) بێت
هونەرمەند (قادر ئەسعەد): “تا مرۆڤ نەتوانێت دڵی خۆی سپی بکاتەوە، ناتوانێت لاپەڕەیەکی سپیش هەڵداتەوە”
“پێش ئەوەی گۆرانی بڵێم دەستی شیعر نووسینم هەبووە”
“هونەرمەندمان هەیە بازرگانە و هەمیشە پاسەوانی لە دواوەیە، ئیدی هەر یەکە و بە شێوەیەک ئەمڕۆ دەبینرێت.”هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی کورد (قادر ئەسعەد) کە بەشێکی تەواوی ژیانی لە دوورە وڵات بەسەر بردووە و ماوەیەکی زۆر لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بووە، ئێستایش گەڕاوەتەوە کوردستان و بڕیاریی داوە ئەگەر وەک پێویست دەڕگای کارکردنی لە خاکەکەی خۆیدا بۆ واڵا بکەن، بە یەکجارەکی ماڵئاوایی لە ژیانی تاراوگە دەکات و درێژە بەژیانی هونەری لە کوردستان دەدات.
ڕۆژنامەی “هەولێر” بەمەبەستی زیاتر ئاگاداربوون لە ئەلبوومە تازەکەی و هۆکاری گەڕانەوەی بۆ کوردستان هونەرمەند (قادر ئەسعەد)ـی بەسەر کردەوە…
لە بارەی ئەوەی کە تا چەند (قادر ئەسعەد) هەوڵی داوە کار لەسەر هونەر و میووزیکی بیانی بکات و بە شێوەیەکی تەندرووست، کە نەبووبێتە شێواندنی میووزیکی کوردی. لەمبارەوە دەڵێت: “لە ڕاستیدا تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی کارێکم نەکردووە و لەسەر میووزیکی بێگانە، بۆیە هیچ ئەزموونێکم لەو بارە نییە، بەڵام پێشموایە هەر لە هەشتاکانەوە کارێک هەبووە کە پێی دەڵێن “تێهەڵکێشان” منیش لەو چوارچێوەیە کارم کردووە، بڕواشم وایە تاڕادەیەک کارێکی تەندرووستە.
دواتر، ئەو هونەرمەندە گوتیشی: “بۆ دەبێت ئێمە تەنیا خەریکە ئەوە بین کە فڵان هونەرمەند پەنای بۆ میوزیکێکی تورکی بردووە یان کاری لەسەر ئاوازێکی بیانی کردووە، بۆ نا بێت ئێمەیش ڕۆژێک لە ڕۆژان بڵێین هونەرمەندێکی وەک (عەلی شان) گۆرانییەکی کوردی کرد بە تورکی، یان یەکێکی وەک (جەیلان) ئەویش سوودی لە هونەری کوردی بینی و گۆرانییەکی کوردی کرد بە تورکی.
هونەرمەند (قادر ئەسعەد) زیاتر دەڵێت: “پێموایە کارکردن لە دەرەوە زۆر ئاساییە، بۆ نموونە هونەرمەند و ئەفسانەیەکی گەوورەی وەک (کازم ساهیر) دێت کارەکانی خۆی لە وڵاتی تورکیا ئەنجام دەدات. بۆ ڕۆژنامەنووسێک یان عەربێکمان نەبینی بڵێت بۆ (کازم ساهیر) پەنا بۆ وڵاتی تورکیا دەبات. باشە بۆ کەسێک گلەیی لە هونەرمەندە کۆنەکانی ئێمە ناکەن کە پێشتر ئەوانیش بەشێکی زۆر لە کارەکانیان لەگەڵ هونەرمەندە عەرەبەکان ئەنجامیانداوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا (قادر ئەسعەد) گوتیشی: “با ئێمە واز لە میوزیکی کوردی بهێنین، کاتێک ئەو قسەیش دەکەم مە بەستم ئەوە نییە کە هونەری کوردی پەراوێز بخەین، ئێمە کاتێک دەتوانین هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی هونەری کوردی بکەین، کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هونەرمەندی باش و خراپ جیا بکاتەوە، ئەمەیش بە تەنیا بە حکوومەت ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە هاوکاری بینەر و خەڵکیش هەیە.
لە وەڵامی ئەوەیە خەڵًک چۆن دەتوانێت هونەرمەندی باش و خراپ جیا بکاتەوە، (قادر ئەسعەد) دەڵێت: “لە هەموو سەردەمانێک هونەرمەندی باش و خراپ بوونی هەبووە، بەڵام دواجار هونەرمەندە باشەکان، کارەکانیان لە چوارچێوە کارە نایابەکان هەژمار دەکرێت و ناویان دەچێتە نێو مێژووی هونەری کوردی، دواتریش مێژوو پشت لە کارە خراپەکان دەکات و ماڵئاوایی لە هونەرمەندە نادرووستەکان دەکات.
بەو پێیەی کە (قادر ئەسعەد) خاوەن بەهرە و توانایەکی جوانی گۆرانی وتنە، ئایا تا ئێستا هەوڵی نەداوە جگە لە بواری گۆرانی وتن، لە بوارێکی دیکەیش داهێنان بکات، ئەو گوتی: “بێگومان هەموو کات لە هەوڵی ئەوە دابووم، کە گرینگی بە کارێکی دیکەیش بدەم، تەنانەت من پێش ئەوەی گۆرانی بڵێم دەستی شیعر نووسینم هەبووە، بۆیە ئێستایش خەریکی کۆکردنەوەی شیعرەکانم و دەمەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆیان بکەمەوە و لە پەرتووکێکدا بڵاوی بکەمەوە.
لە بارەی ئەوەی کە ئایا خوێندنەوەی بۆ هۆگرانی دەنگی چۆنە، بە بەراودرکردن لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، (ئەسعەد) بەم شێوەیە هاتە گۆ: “ئاستەکە ڕێژەییە، زۆرجار هەڵکشان داکشان لەمڕووەوە بە دی دەکەم، واتا هەستم بە کەمی و زۆری کردووە، بەڵام بە هەرشێوەیەک بێت من بە شانازییەوە پێموایە هونەرمەندی لە من بە توانا تر هەیە.”
(قادر ئەسعەد) لە بارەی دەستنیشانکردنی باشترین هونەرمەندی ئێستای کورد ئاماژەی بەوەیش کرد و گوتی: “پێموایە ئێستا زۆر زووە، بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسە، چونکە زۆر هونەرمەندمان هەیە بازرگانە و هەمیشە پاسەوانی لە دواوەیە، ئیدی هەر یەکە و بە شێوەیەک ئەمڕۆ دەبینرێت.”
هەر وەک بیستوومان کە کوڕێکی (قادر ئەسعەد) لە یانەیەکی وەرزشیی سوید یاریی دەکات، هونەرمەند لەمبارەیەوە هەندێ زانیاریی درکاند: “بەڵێ، (هێدی) کوڕم لە یانەیەکی پلەی دووەمی وڵاتی سوید یاریی دەکات و هیوادارم داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی بکات و لە کارەکەی خۆی سەرکەوتوو بێت.”
(قادر ئەسعەد) هێمای بۆ دوا بەرهەمی خۆی کرد و وتی: “ئێستا خەریکی بەرهەمێنانی ئەلبوومێکی تازەم، ڕەنگە ناویشی لێ بنێنم “دڵێکی سپی”، مەبەست و پەیامی منیش لەو ناوە ئەوەیە کە تا مرۆڤ نەتوانێت دڵی خۆی سپی بکاتەوە، ناتوانێت لاپەڕەیەکی سپیش هەڵداتەوە.
لە کۆتایی دا، (قادر ئەسعەد) گوتیشی، زیاتر لە ساڵێکە گەڕاومەوە کوردستان، ئەگەر حکوومەتیش بەڵێنەکەی بە جێ بگەیەنێت لە پێدانی کارێکی گونجاو بە من، لە داهاتوودا لەوانەیە خێزانەکەیشم بگەڕێنمەوە کوردستان.
کارۆخ مەلا ئەسعەد
07507767036
Sam_gr_music@hotmail.com