رێبوار محەمەد – سلێمانی: كاكە زاهیر تەمەنی ژیانی لەرێگەی خزمەتكردنی هونەری شانۆی كوردی بردۆتە سەرو ماوەی 33ساڵە خەریكی كاری نواندنە، عەشقی شانۆش وایلێكرد كەزیاتر ئەو خەمە لەكۆڵ بنێتو بەردەوامی بەكارەكەی بدات وەك خۆی گوتی “من ئەو ماوەیەی تەمەنم بەسەروەریەك لەقەڵەم دەدەم كەهیچ كاتێك لەخزمەتكردن نەوەستم. هەر كارێكیش بەمن بسپرێردرێت لەگەڵ بیروبۆچوونی خۆمدا یەك بێتەوە ئەو رۆڵە دەبینم.
زنار: رابردووی هونەری شانۆی كوردی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟.
زاهیر: گەلێك كولتورو كەلەپوری خۆی نەپارێزێت چۆن دەتوانێت لەئایندەدا شانازی بەمێژووی خۆیەوە بكات. وڵاتان هەمیشە شانازی بەو هەڵوێستەی خۆیانەوە دەكەن كەلەرابردوودا هەیانبووە، بگرە مۆزەخانەكانیشیان پڕن لەشتی سەیرو سەمەرە هەزاران گەشتیارو لێكۆڵەرەوە دێن بۆ تەماشایانو وێنەیان دەگرنو لەرێگەی كەناڵەكانی خۆیانەوە نیشانی جەماوەری دەدەن. ئێمەی كوردیش بێبەشنین لەو رابردووە، خۆ ئەگەر وەڵامی پرسیارەكەت بدەمەوە ئەوا وێنەو دیمەنی چەندەها شانۆی كوردی لەرابردوودا دێنینە پێش چاوی خۆمانو شانازی پێوە دەكەین، ئەوانەی دوێنێ بوونە مامۆستاو رێپیشاندەری نەوەی ئەمڕۆ، بۆیە لەو رووەوە رابردوویەكی بەپێزمان هەیەو خاوەنی زەخیرەیەكی باشین، خۆ ئەگەر رابردوو نەبێت ئەمرۆش دروست نابێت رابردوو بۆ بنیاتنانی دوارۆژە تاكوو وانەی لێوەربگرین بۆیە رابردوو هەمیشە پردێك بووە بۆ گەیاندنی پەیامەكەی بەئێستامان.
زنار: ئەوە دوێنێ رابردوو بوو ئەی ئێستا چۆن وێنا دەكەیت بەتایبەتی شانۆی كوردی؟
زاهیر: جاران بەهەموو حەزوو ئارەزوو خولیایەكەوە روومان لەشانۆ دەكرد حەزمان دەكرد هەمیشە ببینە ماڵێك جەماوەر بێت لەدەرگاكەمان بدات بەڵام بەداخەوە دوای ئەو ئازادیو سەرفرازیەی كەهەیەو ئەو قەیرانەی رووی كردۆتە ئێمەی هونەرمەند لەو بوارەدا كەبەناو دەڵێن قەیرانە خۆمان دروستمان كردووە، هەمیشە زەمینە لەبارە بۆئیشكردنی هونەری شانۆی كوردی كەدەتوانیت بەئارەزووی خۆت قسەی تێدابكەیتو رەخنەش بگریت.
زنار: بەرای تۆ تەكنەلۆژیا ئەو گرفتە نیە كە بۆتە هۆی ئەو قەیرانە؟.
زاهیر: خۆی هەموو شتێك لەگیروگرفتدایە ئەگەر كەرەسەو مادەی خاوت لەبەردەستدا نەبێت بۆخزمەتكردنی گەلەكەت، شانۆش بەدەر نیە لەو گیروگرفتە، ئەویش زیاتر بەهۆی بوونی زانستو زانیاریو پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاو ئەنتەرنێتو مۆبایل، ئەمانە وایكردووە زووتر دەرك بەشتەكان بكەیت، ئەوانەی لە وڵاتان روودەدەن دەتوانیت لەماوەیەكی كەمدا بێتە بەردەستو لەرێگەی شاشەیەكی بچكۆلانەوە تەماشای بكەیتو بزانیت چی دەڵێت، جەماوەری ئێمەش ئێستا كەمتر موهتەمە بەبینینی شانۆ، خەڵك فریای كاری خۆی ناكەوێت لەبەر باروگوزەرانی ژیانی خۆی.
زنار: گەنجەكان چیان چنیوەتەوە بۆئایندەی شانۆی كوردی؟.
زاهیر: گەنجی ئێستا زۆر عاشقە لەهەموو رویەكەوە ئەگەر دەستی بگیرێت زیاتر فێردەبێتو روودەكاتە ئەو عەشقەی كەخۆی مەبەستیەتی بەڵام ئەگەر تۆ كەدەسەڵاتی هیچ شتێكت بۆدابین نەكرد ئەو رووبكاتە كوێ. ئێمە زۆر گەنجی شارەزامان هەیە بەتایبەتی لەم بوارەدا، كاری جوانیش دەكەنو خەڵكیش دەیانناسێتو پێگەیشتوونو چاوەڕوانی پاشەرۆژی رووناكیان لێدەكرێت.
زنار: بینینی رۆڵێكی شانۆیی لەئەكتەرێكەوە بۆ یەكێكی دی جیاوازە، بەلای تۆوە هەمان شت هەیە یاخود نا؟
زاهیر: ئەوە دەرهێنەر بریاردەدات كێ بۆ ئەو كارە گونجاوەو سەلیقەی هەیەو چەندین ساڵە لەو بوارەدا سەرقاڵ بووە، بەڵام شێوەی وەرگرتنی ئەو دەورانە لەكەسێكی ترەوە بۆكەسێكی تر دەگۆرێت هەیە دەرهێنەر رۆڵێكت دەداتێ ئەگەر دەرەقەتی هاتی دەتوانی دەورەكە ببینی. بەڵام بەداخەوە هونەرمەندی واشمان هەیە هەر كارێكی بدرێتێ دەور دەبینێ ئەگەر بەزەرەریش تەواوبێتو خەڵكیش گلەیی لێبكەن.
زنار: زۆر كات ئەو رۆڵەی هونەرمەندێكی بەتواناش دەیبینێ رۆڵەكە سادەو ساكارەو لەگەڵ ئەزموونی ئەودا نایەتەوە ئەمە بۆچی؟.
زاهیر: من كەرۆڵێك لەبەرهەمێكدا دەبینم حەزدەكەم زیاتر بەتامەزرۆوە جەماوەر تەماشای بكاتو لێی رانەكاتو مێشكی هیلاك نەبێت، چونكە ژیانی ئێمە سادەو ساكار بووە خەڵكیش بەرەو ئاستێك دەروات سادەو ساكاری پێوە دیار بێت و رووی تێبكات”خۆی ژیان جەنجاڵە ئەوانەشی بەدیار كەناڵەكانەوە دانیشتوونو بۆ بینینی دیمەنێكی شانۆی كوردی دەیەوێت خۆی بەتاڵ دەكاتەوە زوو لەبەرهەمەكە تێبگات.
زنار: ئێوە دەتانەوێت لەو رێگەیەوە خەڵك وشیتر بكەنەوە؟.
زاهیر: دەسەڵات خاوەنی هەموو شتێكەو ئەوەی بیەوێت لەبەردەستیدایەتی، دەتوانێت لەماوەیەكی كەمدا بەدەستی بێنێت بەڵام هەریەكەو بواری خۆی هەیە بۆكاركردن ئێمە شانۆمان هەڵبژاردووە بەحەزی خۆمانو بە بەشێكی نەپساوەی ژیانی خۆمانی دادەنێین دەمانەوێت بەدەسەڵات بڵێین ئەوە كارەكانتەو گیروگرفت هەیە چارەسەری بكە، رەخنەمان لێتان هەیەو حەزدەكەین هەموومان یەكسان بژینو دادپەروەری هەبێت، چەندین ساڵە كاردەكەین تاكوو بتوانین دەسەڵات بگۆرینو بێتە ناو خۆمانەوە، بەڵام بەداخەوە دەسەڵات ئێمەی كردۆتە پردێك بۆگەیشتن بۆ ئامانجەكانی خۆی.
زنار: گیروگرفتی ئێوە چیە كە ئازادی هەیەو رەخنەش دەگرن؟.
زاهیر: یەكێك لە گیروگرفتەكانی هونەری كوردی كەپێدا تێپەردەبێت بەتایبەتی بواری شانۆ وەكوو جاران بازاڕی نیە، خەڵك كەمتر رووی تێدەكات چونكە هیلاكو ماندووە، وەكوو نەتەوەش نفوسمان كەمەو خەڵكی كەمتر ئاشنایە بەوجۆرە كارانە ئەمە جگە لەوەی ئەوانەی پێگەیشتوون بەهەوڵو توانای خۆیان ئەوەیان بەرهەم هێناوە، هونەرمەندو ئەكتەرەكانمان تارادەیەك كەمتر شارەزان لەبواری تەكنیكو خۆ پێگەیاندنو هیچ دەورەیەكیان نەبینووە، بەڵام كەمیش نین بۆجیهانی هونەری شانۆی كوردی، راستە ئازادی هەیە دەتوانیت قسەبكەیت بەڵام ئەگەر خوولت بۆنەكەنەوەو وانەی تێدا نەخوێنیت فێری شتی تازە نابیت، وڵاتانی دەوروبەر چەندین ساڵە رزگاربوون توانیویانە هونەرمەندو ئەكتەرەكانیان پێبگەیەنن بەتایبەتی لەبواری نواندنو دەنگدا.
زنار: زۆر باس لە نەبوونی تەبایی لەناو ئێوەی هونەرمەنددا دەكرێ بۆچی؟.
زاهیر: من وەك مێژووی خۆم دەڵێمو زۆر لەهاوڕێكانیشم كەچەندین ساڵە بەیەكەوە كاردەكەین هیچ گیروگرفتێكمان نەبووە، ئەوەی هەیە زیاتر بۆخزمەتی شانۆی كوردی هەنگاومان ناوە دیارە ئەم سەردەمەش رۆڵی پێچەوانەی خۆی بینیووە بۆیەكتر دووركەوتنەوە بەتایبەتی زۆر لەهونەرمەندەكانمان بەهۆی سیاسەتەوە بوونە دووبەرەو ئاشتەوایی نزیكی نەخستوونەتەوە بۆیە بەرای من پێویستە هەموومان خۆمان یەك بخەین تەبابین لەناو یەكتردا گیانی لێبوردەیی قبوڵ بكەین، هونەرمەندان بەگشتی كار بۆ هونەر بكەن نەك بۆمەرامی تایبەتی.
زنار: بزاوتی شانۆیی تەواو پەكی كەوتووەو جار نا جارێك بەرهەمێك دەبینین، بۆ؟.
زاهیر: ئەگەر دەسەڵات خزمەتی هونەری كوردی پێویست بێت ئەوا هەموو شتێك بەرەو پێشكەوتن دەڕواتو ئەو كانیاوە دەتەقێتەوەو خەڵكیش ئاوی لێدەخۆنەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر ئیمكانیات نەبێتو لەرووی مادیەوە یارمەتیت نەدرێت چی دەكەیت بۆیە من دەڵێم بەڵێ لەهەموو بوارەكانی سینەما، درامای تەلەفزیۆنی، شانۆجموجۆڵی زۆر هەیەو توانراوە خزمەتێكی بەرچاو بكرێت بەگەلەكەمان، باحكومەت هونەرمەندەكانو دەرهێنەرەكان بنێرێتە دەرەوەی وڵات و دەستگیرۆیان بكات بۆكاری دەرهێنەر بزانە چ پێشكەوتنێك روودەدات هونەر پێوستی بەخوێنی تازەیە ئەو خوێنە تازەیە وەك شۆڕشكردن وایە بۆپلەی سەركەوتن. بانەبین بەخەڵوەتگەی پیری با خزمەت بكەن هونەرمەندو ئەكتەرەكان بێنە بوارەكەوە بادەستیان بەشتەكاندا بجزێ تاكوو فێری كاری نواندن ببن.
زنار: لەرەشەی پۆلیس رۆڵێكی توندت دەبینی ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە.
زاهیر: خۆی رۆڵەكە وای نیشاندەدا كەمن بەم شێوەیە دەور ببینم بەتایبەتی لەناو شوێنی چاكردنەوەی ئوتومبیلو ئەو گەراجەی كارم تێدا دەكرد، بەتایبەتی بەرامبەر بەشاگردەكان، من خۆم چووم بۆناو فیتەرەكان، لەوەستای راستەقینەی ئەو بوارەم پرسیووە بەتایبەتی وەستاكانیان بۆئەوەندە توڕەن لەشاگردەكانتان بۆ بەچاوی منداڵی خۆتان تەماشایان ناكەن”لەوەڵامدا گووتیان “وەستای ئەو بوارە دەبێت زۆر توندی بێ لەگەڵیاندا بۆئەوەی كارەكە زۆر بەباشی فێربێت چونكە ئەو لەناو برغوو، ئاسن، چەوری، مەوادی ئاسن كاردەكات دەبێت وەكوو لۆكە شیان بكەینەوە تاكوو ببینە وەستایەكی باش بۆ پاشەرۆژ، خزمەتی خۆیانو گەلەكەیان بكەن.
زنار: لەبەرنامەی بەرنامە كارت دەكرد رەخنەی تەنزئامێزتان لەدەسەڵات گرتووە، دەسەڵات گوێی لێگرتوون؟.
زاهیر: بیستومانەتەوە لەناو هەندێك بەرپرسدا تەنها بۆ پێكەنین تەماشای بەرنامەكەی كردووەو هەرگیز گوێی لێ نەگرتووین لەگەڵ ئەوەی ئێمە كۆمەڵێك گیروگرفتی كۆمەڵگاكەشمان خستۆتە روو رەخنەمان گرتووە بۆچارەسەركردنی كیشەی كۆمەڵگاكەمان تاكوو ئەودیاردە ناشیرینانە نەمێنێتو تەشەنە نەكەن، جاری واش هەبووە دەسەڵات چارەسەری ئەو رەخنانەی كردووەو خەڵكی داوە بەمەحكەمە ئیجرائاتی لەگەڵدا كراوە.
زنار: ئەی بۆ وازت لەبەرنامەی بەرنامە هێنا؟.
زاهیر: بەرنامەی بەرنامە كاری زۆرجوانی كرد خزمەتێكی زۆری كۆمەڵگاكەشمانی كرد هەموو دیاردە ناشیرینەكانی خستە روو، بەڵام هۆی وازهێنانم تەنها ئەوەبووە كە خۆم ماندوو بوم بەرێزەوە وازم هێناوە بەجێم هێشتوون.
زنار: رێكخراوی هونەرمەندان چی بۆكردویت؟.
زاهیر: من لەسەردەمی شاخەوە ئەندامی ئەو رێكخراوەم لەساڵی 1983 وە ئەندامم تیایدا، ئەو رێكخراوە هیچ خەونێكی هونەرمەندانی گەلەكەمانی نەهێناوەتە دی، جاران بەبێ بەرامبەر هەموومان كارمان تێدا دەكرد تاكوو خزمەت بكەین بگرە مووچەی خۆشمان دەبەخشیە كاری هونەری تاكوو لەو پێناوەدا دوانەكەوینو خزمەت بكەین، بەڵام بەداخەوە ئەو رێزەی كەهەبوو بۆهونەرمەندان ئەویشیان لێسەندینەوە، ئەوەی ئێستا كاردەكاتو دەمێنێتەوە لەو رێكخراوە مووچەی خۆی هەیە، بەبێ مووچە دەوام ناكات.