لەسەرجەم یادە نەتەوەییەکان لە هۆڵەندا بەشدارە، ئەنفال، نەورۆز، ساڵی نوێ و هەموو ئەو ڕووداوە تاڵانەش کە کورد بەردەوام لێی بێبەش نابێت و دوژمنان بەردەوام لە هەوڵی ڕەشپۆشکردنی ئەو خاک و میللەتەن. ئەندامێکی چاڵاکی شانۆی بێ سنوورە لە هۆڵەندا.
لەگەڵ هۆڵەندییەکان بە موزیک بەشدارە، لەگەڵ کورد هونەرمەندێکی گیان لەسەردەست و هەردەم ئامادەیە بۆ خزمەتکردنی میللەتەکەی. ئەوەی باسی دەکەین تەنها سووچێکە لە چاڵاکییەکانی ئەم هونەرمەندە دڵسۆزە. ئەو هونەرمەند حەمە بەکری کلارنێتە.
لە نوێترین کاری هونەرییدا حەمە بەکر بۆ پێشمەرگەی کوردستان (سروودی کوردستان)ی تۆمار کرد. لە لێدوانێکی تایبەت بە سایتی چراتیڤی حەمە بەکر سڵاوی بۆ گیان بەخشەکانی کوردستان نارد و ووتی ” ئێمە هەر هەموومان لەگەڵ پێشمەرگەداین، ئەو پێشمەرگانەی بەرگری لە خاک و زمان و نەتەوەکەمان دەکەن. گیانی خۆیان لە پێناو ئاسوودەیی گەلی کوردستان و سەربەخۆیی دەبەخشن”.
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا حەمە بەکر ووتی:
” بە هیوام ئەو هەلە زێڕینەی بۆ کورد ڕەخساوە لە دەست نەدرێت و با هەموو کورد بە هەموو ڕەنگە سیاسییەکانیەوە یەک وتاری سیاسییان هەبێت و یەک هەڵوێست و یەکدەنگ بن، ئومێدەوام کەس خی نەدات بە فرە وتاری حیزبایەتی بەر تەسک و ئەو خەونەمان لە بار نەبەن”.