مەڵکەندى یەکێکە لەگەڕەکە دێرینەکانى شارى سلێمانى کە چەندین کەسایەتى و هونەرمەند و شاعیرو ئەدیب و دەنگخۆشى پێگەیاندووە ، ئەم کەسایەتیانە بەهەوڵو ماندووبون و تێکۆشانى بێ وچانیان بوونەتە پایەکى گرنگ و پتەو لە پێکهاتەى شارى سلێمانى ، شارى هەڵمەت و قوربانى و شارى داهێنان ، مەڵکەندى لەسەرەتاى دروستبوونیەوە شوێنى پیاو ماقوڵ و کەسایەتى بەناوبانگى شاربووە لە هەموو بوارەکانى ژیاندا ، ( پیرمەنسوور و حاجى حان ) دووگەڕەکى سەرەکى مەڵکەندین و مێژوویەکى شکۆداریان هەیە لەمێژووى گەڕەکى مەڵکەندى بەخۆشى و ناخۆشیەکانیەوە، شارى سلێمانى هەمیشە خاوەنى مرۆڤى میهرەبان و خاوەن هەڵوێست و نیشتمان پەروەر بووە بەڵام بەدەر نەبووەلەکەڵە شاعیرو هونەرمەند و نوسەر ودەنگخۆش
،هەروەها لانکەى هونەرمەندانى میوزیکژەن و گۆرانیبێژان و دەنگخۆشان بووە کەهەریەکەیان جێ دەستیان دیارە لەڕەوتى هونەرى میوزیک و گۆرانى کوردى لەشارى سلێمانى هەمیشە دەبێت شانازى بەکەسایەتى و هونەرکەیانەوە بکەین ، ئەو بەڕێزانەش وەک : ( نەجاتى عەبدە حاتم سەعید ، بەهجەتى سەعاتچى ، قادردیلان ،ولیەم یوحەننا ، ئەنوەر قەرەداخى ، ئەلبێرت عیسا ، فەرید عیسا ،خالید سەرکار ، نامدار عومەر ، سەلاح ڕەووف ،فەرەیدوون دارتاش … تاد )
هەروەها لەبوارى هونەرى گۆرانبێژى و دەنگخۆشیدا خاوەنى ئەم کەڵە هونەرمەندانەیە وەک ( حەمەێاڵح دیلان ، ڕەفیق چالاک ، کەریم کابان ، شەهید قادرکابان ، حەمەى بەکر ، بەکر قڕقێنە ، بلەى سەعەکەڕ، حەمە جەزا ، ئەحمەد شەماڵ ، شەماڵ سائیب ، عومەر ڕەزا ، عوسمان عەلى ، برایمى خەیات ، ساڵح کارگەچى و حەمەى نێرگز ….تاد )
ئەو هونەرمەندەى مەبەستمە لەسەرى بدوێم و ئاوڕێک لەمێژووە پڕشنگدارەکەى بدەینەوە کە ساڵانێکە خزمەت بە هونەرى نەتەوەکەى دەکات و خاوەنى هەڵوێستێکى بەرزو جوامێرانەیە کە دەنگە خۆشەکەى ئاوێتەى ڕووحمان بووە، ئەویش یەکێکە لەکوڕانى گەڕەکى مەڵکەندى و زادەى ئەو گەڕەکەیەو لەگەڵ هاوڕێ و هاوەڵەکانى بەردەوام بەدەنگە خۆشەکانیان گوێى خەڵکى گەڕەکى مەڵکەندى و گەڕەکانى ترى شاریان پڕ دەکرد لەئاوازو هۆنراوەو گۆرانى خۆش و هەست بزوێن ، ئەویش هونەرمەند ( حەمەى نێرگز ) ( محەمەد ێاڵح شەریف ) ە لەساڵى ( 1944) لەگەڕەکى مەڵکەندى بەدونیا هاتووە ،
حەمەى نێرگزى هونەرمەند دواى ساڵانێکى زۆر و خزمەتکردن بەهونەرى میوزیک و گۆرانى کوردى ، توانیویەتى چەندین بەرهەمى ناوازەو سەنگین و بەدەنگە خۆشەکەى تۆماربکات ،هەرچەندە بەرهەمەکانى کەمن بەڵام هونەرمەند توانیویەتى لەناومیوزیک و گۆرانى کوردیدا ببێتە شێوازێکى تایبەت بەخۆى ، بەسەلیقەیەکى زۆرجوان گوڵبژێرێکى بەناو هۆنراوەى شاعیرانى نەتەوەکەیدا کردووە و بەئاوازێکى پڕچێژەوە بەئێمى گوێگرى بەخشیوە نەمرى وزیندوویى بەرهەمەکانى کاکە حەمەى نێرگز دەگەڕێتەوە بۆ بەرزى هۆنراەوە ئاوازى بەرهەمەکانى کەبەدەنگە سیحراوی و پڕ ئارامیەوە دەچریکێنێ و ڕووحمان ئاسوودەدەکات هەرچەندە هونەرمەند لەسەرەتاى ژیانى هونەرییەوە بەردەوام بووە لەخزمەتکردن بەڕێبازە پیرۆزەکەى هونەرى کوردى ، لەگەڵ هاوڕێ نەمرو هەمیشە زیندووەکانى کەدەیان شەو لەکۆڕو کۆبوونەوەو بەزم و ڕەزمى هاوڕێیانى لەشەوانى مانگى ڕەمەزان و یاد و بۆنە نەتەوەیى و نیشتمانیەکانى تایبەت بە گەلەکەمان بەدەنگە خۆش و پڕ سۆزەکانیان ئاوێتەى یەکترى کردبوو ئەو پەیوەندیە ڕووحیە لە گەڵ هاوڕێکانى بۆتە هۆکاریک بۆ درێژە پێدانى هونەرەکەى ئەو کۆمەڵە گەنج و لاوە دەنگخۆشەى ئەو سەردەمى شارى سلێمانى و گەڕەکى مەڵکەندى کەبوونەتە ناسنامەبۆسلێمانى و کوردستان بەگشتى ، وەک هونەرمەندانى کۆچکردوو گلکۆکانیان پڕنووربێت ( برایمى خەیات ، شەهید قادر کابان ، عوسمان عەلى ) و کاکە حەمەى نێرگز و سەلاح مەجید و هاوڕێى هەمیشەیى ئەوهونەرمەندانەوە هونەرى گۆرانى کوردى ( د، بەکر عوسمان )
بەداخەوە تائێستا نەبۆتە فەرهەنگ کە هونەرمەندى کورد بە هونەرەکەى بژى و ببێتە پیشەیەکى سەرەکى و تەنها بۆ هونەرەکەى ژیانى تەرخان بکات ، هونەرمەندى کورد لەهەمووبوارەکانى هونەردا بەگشتى لەپاڵ درێژەدان و گەشەپێکردن بە هونەرەکەى زیاتر سەرقاڵى کارو پیشەیەکى تر بووە لەپێناو دابین کردنى بژێوى ژیانى بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو بەدبەختى و چەرمەسەرى و نابەرابەرى ژیانەى لەبارى کۆمەڵایەتى و سیاسیەوە کەڕووبەرووى هونەرمەندى کورد بۆتەوە ، جێگەى ڕێزوستایشە بۆ تەواوى هونەرمەندانى کورد کۆڵیان نەداوە و بەهونەریەکەیان وەڵامى خواستى داگیرکەریان داوەتەوە ،و هەمیشە گیان و سەروماڵ لەپێناوى زیندوو ڕاگرتن و بەرەوپێشچوونى هونەرى نەتەوەکەیاندابوون وەک ئەرکێکى نیشتمانى و سەرشانیان درێژەیان بەهونەرداوە ،
کاکەحەمەى نێرگز جیا لەوەى ماوەى چەند ساڵێک کارمەندى یەکێک لە دەزگاکانى میرى کارمەندبووە ، بەڵام سەختى ژیان و نەفرۆشتنى هونەر و کەسایەتیەکەى لەپێناو دابینکردن و باشترکردنى ژیانى ،ملکەچى ڕژێمى بەعس نەبوو ، بەو ژیانە کولە مەرگییەڕازى بوو ،تا لەسینەماى ڕەشید وەک کارمەندێکى بلیت بڕ لەو سینەمایە کارى دەکرد ، هونەرمەند هیچ کات نەیدەویست ئازارەکانى ناخى و بەدى نەهاتنى ئاواتەکانى ڕۆژێک لەڕۆژان بدرکێنێ ،حەمەى نێرگز هونەرمەندێکى دەنگخۆش پڕاوپڕ لەسۆزو خۆشەویستى و هێمنى خاوەن هەڵوێست و بەردەوام لەخەمى هونەرو نەتەوەکەیدا بوو ،هەرکاتێک بەدیدارى شاددەبووم بەتایبەت ئەو ساتانەى دەهاتەلام بۆ شوێنى کارەکەم بەمەبەستى سەرتاشین بێگومان زۆر خۆشحاڵ دەبووم کە لەخزمەتیدابووم ،مرۆڤێکى هێدى و کەم دوو لێوانلێو لە جوانى و خۆشەویستى ، بەڵام هەستم پێدەکرد لەناخەوە قوڵپ دەدات و نایەوێت بیدرکێنێ و هەمیشە لەبیرى ئەو چەندین ساڵەى خەرمانى هونەرى و زەحمەت و ڕەنج و ماندووبونى لەپێناو هونەردا کێشاویەتى بەڵام بێسوود و بێ ئاوڕدانەوەبووە لێى ،
بەداخەوە ئەم هونەرمەندە ئازیزە ماوەى چەند مانگێکە نەخۆشى تەنگى پێهەڵچنیوە و ڕۆژبەڕۆژ ئازارى ناخى دەدات و ماندووى دەکات ،
جێگەى خۆشحاڵیە لەڕۆژى ( 21/11/2009) لەهۆڵى ڕۆشنبیرى سلێمانى فیستڤاڵێکى گەورەى ڕێزلێنانیان بۆ کاکە حەمەى نێرگز سازکرد ئەو فیستڤاڵە لەلایەن خەڵکى شارى سلێمانى و کۆمەڵێک مرۆڤى خاوەن هەڵوێست و هونەرمەندان و هونەردۆستان و هاوڕێیانى هونەرمەند و گروپى میوزیکى سەهەندەوە ئەنجامدرا، ئەو فیستڤاڵە بەناوى ڕێزلێنانى خەڵک ەوە بووە بۆ کاکە حەمەى نێرگز ، گەورەیى و گرینگى ئەو فیستڤاڵە لەوەدابووە کەبیرۆکەکەى لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکى هۆشەمەند و بەئەمەکى شارى سلێمانیەوە سازکراوە و برێاردراوە کەچیتر چاوەڕێى دەزگابەرپرسەکان نەبن ،
ڕێزو ستایش حورمەت بۆ یەکەیەکەى ئەو مرۆڤە بیرۆکە جوانانە کەلەو ساتەوەختەدا بەهەوڵو هیمەتى دڵسۆزانەیان توانیان هونەرمەندى ئازیز ( حەمەى نێرگز ) لەگەڵ ئەو هەموو ئازارو داڕووخانە جەستەیى و دەروونیە هونەرمەند لەماڵ بێننە دەروو جارێکى تر بەڕووحێکى پڕهیواو ئاواتەوە بیهێننەوە سەرشانۆ بەجەمارەکەى شادبکەنەوە لەبەردەم مایکدا بەدەنگە بەسۆزەکەى گۆرانى بچڕێ و هەریەک لەئامادەبوان ڕاپێچى بیرەوەریەکانیان بکات لەگەڵ گۆرانیەکانى خۆیدا ، هەوادارانى دەنگە بەسۆزەکەى بەچەپڵە ڕێزان پێشوازییەکى بێ وێنەی لێبکەن ،
لەگەڵ ڕێزو حورمەت و خۆشەویستى بۆ هەموو ئەو بەڕێزانە جێ پەنجەیان لەو مەراسیمەدا دیاربووە و دەستى ماندووبونیان دەگوشم و سەرى ڕێزو نەوازش دادەنەوێنم لەئاست گەورەیى هونەرمەندى ئازیز ( حەمەى نێرگز ) و هەموو ئەو ئازیزانەى ئامادەى فیستڤاڵ و هاوڕیانى هونەرمەند و ئەندامانى گروپى میوزیکى سەهەند ،
لەپێوەندى لەگەڵ ئەو فیستڤاڵەو ڕێزگرتن لە حەمەى نێرگزى هونەرمەند بەپێویستى دەزانم ڕێزو حورمەت و ستایشى هەموو ئەو تیپ و ژەنیارانە بکرێت کەلەسەرەتاى کارى هونەریەوە تا ئەمڕۆ کاریان لەگەڵ کاکە حەمەى نێرگزکردووە بەدەست و پەنجە جوان و زێڕینەکانیان موزیکاى ئاوازەکانى هونەرمەندیان ژەنیوە ،
هیواخوازم فیستڤاڵى ڕێزلێنانى خەڵک ببێتە نەرێتێک و لەهەموو شارو شارۆچکەیەک پەیڕەو بکرێت و ڕێز لەتەواوى هونەرمەندان بگیرێت و مەدالیاى ڕێزو خۆشەویستى لەکارو بەرهەمەکانیان لەبەرۆکى خۆیان بدرێت تالەژیاندان ، نەک بەخانەوادەو کەسو کارى ، سڵاو لەکاکە حەمەى نێرگز و سڵاو لە هونەرجوان بەرزەکەى ، لەگەڵ هیواى چاکبوونەوە لەش ساغى تەمەندرێژى بۆ هونەرمەندى خۆشەویست حەمەى نێرگز ،
( جەمالى ڕەزازى)
ئەم بابەتە لەگۆڤارى ( چل ئاواز ) ژمارە (46) کانوونى یەکەم 2009بڵاوکراوەتەوە
گۆڤارى چل ئاواز ، گۆڤارێکى مانگانەیە تایبەتە بەبوارەکانى موزیک ،دەزگاى موزیک و کەلەپوورى کورد دەریدەکات