هونەرمەند مەكی عەبدوڵڵا ئەستێرەی دراماو شانۆی كوردییە و نیو سەد زیاترە خزمەتی بواری هونەری نواندن دەكات و توانیوویەتی لەو بوارەدا خزمەتێكی بەرچاو بكات، جێی داخە ماوەیەكە باری تەندروسیتی بەڕێزیان ناجێگیرەو وەك خۆی دەڵێت گرفتی گەورەی ئەو قەڵەوییەكەیەتی. بۆ بەسەر كردنەوە و لە ئەحواڵ پرسینی، گوڤاری گوڵان لە سلێمانی ئەم دیدارەی لەگەڵ بەڕێزیان ساز كرد
*ئێستا بەرنامەو كاری هونەری بەڕێزتان چییە؟
– لەبەر ئەوەی باری تەندروستیم باش نییە و ناتوانم سەرقاڵی كارە هونەرییەكانم بم، دەنا سیناریۆی كارێكی هونەریم ئامادە كردووە كە باس لە كێشەو گرفتەكانی ئەمڕۆی كۆمەڵگە دەكات بۆ ئەوەی پێشكەشی جەماوەرەكەمی بكەم، تا هێزم تیا بێت هەوڵدەدەم خزمەتی هونەر و میللەتەكەم بكەم.
* هۆكاری بەشداری نەكردنت لەكارە دراماییەكانی ئەمڕۆدا چییە؟
– ئەوانەی ئەمڕۆ كار دەكەن حەز دەكەن زیاتر خۆیان دەربخەن، وا دەزانن تۆ بەشداری بكەیت لە بەشی ئەوان دەخۆیت، لە كاتێكدا دنیای هونەر باخێكی زۆر گەورەیە هەموو كەسێك دەتوانی گوڵی خۆی تێدا بچێنێت.
* ئەی تۆ لە توانای ئەو گەنجانەی ئەمڕۆ كار دەكەن چۆن دەڕوانی؟
– پێموایە كەسانێكی بەتوانایان تیایەو بە پێچەوانەشەوە گەشبینم بە داهاتووی ئەو گەنجانە ئینشااللە هەنگاوی زیاتر دەنێن بۆ خزمەتی هونەری كوردی.
* تۆ چۆن لە ئاستی درامای كوردی دەڕوانیت؟
– كەموكوڕی زۆری تیایە، بەڵام پێموایە داهاتوویەكی باشی دەبێت و هەنگاوی جددی پێوە دیارە.
* هەنگاونان بۆ بوون بە خاوەنی سینەمای خۆمان بە كوێ گەیشتووە؟
– وەڵڵا من یەكەم كەس بووم كارم بۆ سینەمای كوردی كردووە بە فیلمی نێرگز بووكی كوردستانە، ئێستا ئێمە خاوەنی سینەما نین، بەڵام لە داهاتوودا دەبینە خاوەنی سینەمای كوردی.
* حاجی مەكی لە تەمەنی لاوێتیدا خۆشەویستی كردووە؟
– نەوەڵڵا تاقەتی ئەوشتانەم نەبووە، ژیانی گەنجێتی ئێمە ژیانێكی قورس بوو، ئەو زەمەنە ژیان وەكو ئێستا نەبوو .
*چی حاجی مەكی بێتاقەت دەكات؟
– ئەوەی من بێزار دەكات بێوەعدیی و ناڕاستگۆییە. ئەو كاتە خۆشحاڵم كەوا خەڵكی هەموو یەكترییان خۆش بوێت.
* ئەی قەڵەوییەكەت بێزارت ناكات؟
– قەڵەوییەكەم موشكیلەی بۆ من ناوەتەوە و كێشەی سەرەكی من قەڵەوییە، ئەوە هۆكارە كەوا باری تەندروستیم لەبار نییە.
* هەوڵت نەداوە هەندێك لە كێشی خۆت داببەزێنیت؟
– وەڵڵا هەر خەریكم بەخوا نەشتەرگەریشم كردووە، بەڵام چی بكەم چارەسەری نییە و ئینشااللە باش دەبم.
* لەكۆتاییدا چیت هەیە بیڵێیت؟
– چاوی هەمووتان ماچ دەكەم.