مامۆستا (ئەحمەد سالار)شانازییە بۆ هونەریی کوردى ، تواناکانى فرە لایەنن
– ئەرکى سەرۆکایەتى حکومەتى کوردستانە کە بۆ دامەزراندنى ژێرخانى کارى دراما و فیلمسازیی لەکوردستاندا پڕۆژەیەکى شایستە بێنێتە ئاراوە..!!
دەرهێنەرى بوارى دراماو شانۆى کوردى هونەرمەند (ئەرسـەلان دەروێش) ماوەی (30) ساڵە خەریکی کاری هونەرییە، لەماوەی ئەوەندە ساڵەدا زیاتر لە (40) بەرهەمى شانۆیی ودراما و فیلمى کوردى بەرهەمهێناوە، کارەکانی (دەروێش) ئەوپرسانە دەورووژێنێت، کە پەیوەستن بە دیاردەکانی کۆمەڵایەتی، لەم ساڵانەى دوایدا وێڕاى بەرهەم هێنانی کاری شانۆیی، رووى کردووەتە کارى دراماو چەند بەرهەمێکى ناوازەى ئەنجامداوە، وەک زنجیرەکانى ( شەوچەرە و ئارەزوو و خەرەند) ، بۆ زیاتر ئاشنابوونى خوێنەرانى هەفتەنامەى هونەریی(هەولێر) بەکارو راوبۆچوونەکانى ئەم هونەرمەندە، لەمیانەى چەند پرسیارێکەوە ئەم دیدارەمان لەگەڵدا سازدا:
– سەرەتا لە دوایین کاری هونەریی بەڕێزتانەوە باس دەکەم، کە بریتی بوو لە درامای (خەرەند) ناوەرۆکی ئەو کارە بریتییە لە کێشە و گرفتی ئافرەتی ئێمە لە بەندیخانە، چۆن بوو ئەو ناوەرۆکەت هەڵبژارد..؟
ئەرسەلان دەروێش : “من بڕوام وایە هەڵبژاردنى بابەت پێوانەیەکى سەرەکییە بۆ سەرکەوتنى هەر کارێکى هونەریی ، چونکە ئاستى هۆگریی و پەیوەستبوونى هونەرمەند بە کۆمەڵگا و سەردەمەکەیەوە بەرجەستە دەکات ، دەبێت هونەرى کوردى رۆڵێکى ئەوتۆ بگێڕێت لە رووتکردنەوەى دزێویەکان و رۆشنایی بخاتە سەر ئەوشوێنە تاریکانەى ژیانى تاکى کوردى داگیرکردووە ، بۆ ئەوەى جارێکى تر شایستەبوونى خۆى بسەلمێنێت بۆ پێشەنگ بوون و چاوساغى لە رەوتى پرۆسەى بەرەوپێشڤە چوونى ژیان لەم وڵاتەدا ،بەهەند وەرگرتنى پرسەکانى (ئافرەتى کورد) و گرنگیدان بە رەوشى ژیانى ،پرۆسێسێکى خوازراوە لەم پێناوەدا . من کە نیوەى مرۆڤەکانى کۆمەڵگاکەم بەند و کۆتکراوى داب ونەریتە دواکەوتووەکان بن ، یان دیللى سیستمى پیاوسالارى بن ، ئیدى چۆن باس لە ئازادیی بکەم لە کوردستاندا؟، پێویسە هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان و رۆشنفیکران ، بە نووسین وکارو بەرهەمەکانیان هاوکارى بکەن لە نەهێشتنى ئەو دیاردە دزێوانەى بەرۆکیان بە پێشکەوتنى کۆمەڵگاکەمان گرتووە .ئەبێ بپرسین بۆ ئافرەتى کورد ئەم هەموو زوڵمە کۆمەڵایەتییەى لێدەکرێ ؟ ئایا لادانى مرۆڤەکان هۆکارى کۆمەڵایەتى و ئابوورى و فەرهەنگى و سیاسى لە پشتەوە نییە ؟ کەواتا ئەرکى ئێمەیە ئەو هۆکارانە بەرچاوبخەین وهاوبەشبین لە بنبڕکردنیان .زیندانیش پێگەیەکى لەبارە بۆ ئاشکراکردنى دزێویەکانى کۆمەڵگا و سیستمە کۆمەڵایەتیەکەى.
– پێت وایە توانیت بە (3) ئەڵقە دەتوانیت ئەو ئەو سیناریۆیە بە باشی کاری لە سەر بکەیت و ئامانجەکەت بپێکیت،بەتایبەتى کەئێستا ئیمکانیەتى باش بۆ زنجیرەدراماى کوردى رەخساوە و دەیان ملیۆن دینار لە بودجەى حکومەت بۆ ئەم مەبەستە تەرخان دەکرێت.؟
ئەرسەلان دەروێش : “بە ئاسانى پارەى ئەو سێ ئەڵقەیەمان بۆ هەڵنەسوڕاوە، تاکو بیر لە زنجیرەى درێژتر بکەینەوە، لەکاتێکدا ئێمە بە تەنها (20) بیست ملیۆن دینار زنجیرەیەکى ئاوا بەرهەمدەهێنین، لە شوێنانى تر پێنج قات و شەش قاتى ئەو بودجەى ئێمە وەردەگرن وکارى زۆر بێبایەخ و سادەو ساکارى پێدەکەن، کە دوایی کەناڵەکە پێى شەرمە نمایشى بکات ، کەچى هەر بەردەوامیشن لە پشتیوانى کردنیان !! بەڵام ئەوەى بۆ ئێمە مەیسەر بووە، بودجەیەکى ئەوتۆ نەبوو بۆ بەرهەمى گەورەتر، بێگومان لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەسوپاسەوە دەڕوانینە ئەو پشتگیرییەى (کوردستان تى ڤى)، بەڵام بەگشتى ئەوەى جێى داخە پۆلێن نەکردنى توانا و ئاستى هەڵکەوتوویی هونەرمەندە لە کوردستاندا، تەنزەکەش لەوێدایە کەهەندێک جار چەند کەسێکى دیاریکراو بە هەر مەبەستێکەوە بێت تفەنگ بەتاریکییەوە دەنێن و دەڵێن (شانۆى سالار) پشتیوانى گەورەى لێدەکرێت و بودجەوپارەى بێشوماریی پێدەدرێت، کەچى راستییەکەى ئەوەیە کە ئەو بەڕێزانە لەگوێى گادا نووستوون، یان ئەوەتا دەستیان لەپشتدراوە بۆ ئەوەى بەئەنقەست سەرنج وتێبینى لە سەر خەڵکى تر لابەرن، ئەوتا دووساڵە زنجیرەیەکمان ئامادەکردووە سەبارەت بە(گەندەڵى) کە پرسێکى هەرە لەپێشە لە ژیانى خەڵکى کوردستاندا کەچى هەر وەڵامیش نەدراوینەتەوە ! هەرچۆنێک بێت لە وشپرزەیی و بێسەرووبەرییەى هونەرو رۆشنبیریی کوردى تێکەوتووە لە غیابى ستراتیژو سیاسەتێکى روون ومەحکەم بۆ برەودان بەرەوشى فەرهەنگى مرۆڤى کورد ، هەردەبێت ئێمەمانان باجەکەى بدەین وبەهرە و ماندووبوونى شەو ورۆژمان بخرێتە نێو چوارچێوەى ئەو پشتیوانییەى کە بە ناهەق لەکەسى بێ بەهرەو بێ توانا دەکرێت . بەڵام ئەوى بەلاى ئێمەوە بایەخى هەیە خۆشەویستى و قەدر زانینى خەڵکە لە خۆمان و کارەکانمان .
– بۆچی(خەرەند) تەنها لە کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی نمایشکرا، لە کاتێیکدا بەرهەمەکەى پارساڵتان، کە بریتی بوو لە درامای (ئارەزوو) لە (7) کەناڵی تەلفزیۆنی سەتەلایت و لۆکاڵدا نمایشکراو ئەمساڵیش چەند کەناڵێکى تر دووبارە پێشکەشیان کردەوە؟
ئەرسەلان دەروێش :”بودجەى بەرهەمى (ئارەزوو) لەسەرۆکایەتى حکومەتى کوردستانەوە دابین کرابوو، بۆیە دەستکراوەبووین لە بەخشینى بەگشت کەناڵەکان وەکو یەک وبەبێ بەرانبەر، تەنانەت کەناڵى وا هەبوو کە ئامادەیی خۆى دەربڕى پاریەکى زۆر بەو بەرهەمە بدات بەمەرجێ تەنها لەلاى ئەو پەخشبکرێت ، بەڵام من ئەوەم رەتکردەوە و بڕیارم دا بۆ یەکەمین جار لە دراماى کوردیدا بەرهەمێک بۆ تەواوى کەناڵەکان وبینەرانى کورد پێشکەش بکرێت، بەڵام دراماى (خەرەند) لەسەر ئەرکى (کوردستان تی ڤی ) هاتە بەرهەم، راستە کارەکە هاوبەشبوو لەگەڵ (تیپى شانۆى سالار)دا بەڵام تەنها ئەوان مافی پەخشکردنیان پێبڕا.
– لە درامای (ئارەزوو) شدا بە هەمان شێوە کارت لە سەر بابەتى توند و تیژی لە سەر ئافەرەتان کردبوو، بۆچی دوو ساڵە بەرهەمە درامییەکانت ئەو بابەتەی لە خۆی گرتووە..؟
ئەرسەلان دەروێش : “رەنگە چەند بەرهەمێکى تریش لەسەر پرسى (ژنان)پێشکەش بکەم، چونکە پرسێکى گەورەیە لەکۆمەڵگاکەماندا.
– ئەی لە بەرهەمە شانۆییەکانشیت هەمان کارت بۆ توند و تیژی ئافرەتان کردووە..؟
ئەرسەلان دەروێش : “بێگومان ، هەر لە هەشتاکانەوە ، ساڵى 1988 شانۆیی (گوڵەکان بۆ کێ؟)ى مامۆستا (محێدین زەنگەنە)م پێشکەشکرد کە وەرگێڕانى هونەرمەند (ئازاد بەرزنجى) بوو ،لە دواى راپەڕینیش شانۆییەکانى (گۆرانى تەنیایی )ى هونەرمەند ( دڵشاد مستەفا) و (دەستبەسەراگرتن ) هونەرمەند (هۆشەنگى وەزیرى) و (ماڵى برناردا ئەلبا) ى (لۆرکا)م پێشکەش کردووە کە هەموو کارەکتەرەکانى ئەم بەرهەمانە (ئافرەت) بوون و بابەتى نمایشەکانیش سەبارەت بە پرسەکانى ( تووند وتیژى سەبارەت بەژنان و پیاوسالاریی ) بووە .لەلایەکى ترشەوە ژنە ئەنفالکراوەکانى کوردستانیشمان لە هەردوو شانۆیی ( ئەوانەى توونى باباچوون ) و (پاسەوان )دا بەسەرکردۆتەوەو بەقوڵى دەربارەى تراژیدیاى بێ وێنەى ژنانى کورد لەمیانەى رەوتى قوربانیدانى گەلەکەمان لەپێناوى ئازدیدا گوزارشتمانکردووە ، ئەو دووبەرهەمەش لە نووسین ونواندنى مامۆستاى پایەبەرز(ئەحمەد سالار ) بوو.
– هەوڵ و کۆششی دەرهێنەرەکان ماوەیەکە کەم بۆتەوە و دەتوانین بڵین سارد بونەوەیەکی پێوە دیارە، بەتایبەتى کە بە پێى زانیارى ئێمە بەبەهاى سەدان ملیۆن دینار (زنجیرە دراماى کوردى )لە چەند کەناڵێک دەستى بەسەرداگیراوە چونکە شیاوى نمایشکردن نین بەپێى لێدوانى هەندێک لایەنی پەیوەندیدارانى نێوکەناڵەکان، ئەو رەوشە چۆنە بەرای تۆ …؟
ئەرسەلان دەروێش : “وەکو پێشتر وتم ئەو دیاردە قێزەوون و ناتەندروستە بەرئەنجامى مەحسووبیەت و گەندەڵییە، هەڵبەتە زیانێکى گەورەشى بەهونەرى کوردى گەیاندووە لەبرى ئەوەى سوودى پێبگەیەنێت، بەداخەوە کەهیچ جۆرە لێپرسینەوەیەکى ئەوتۆ لەم بارەوە نییە، بەپێچەوانەوە من جاربەجار گوێ بیستى گازەندەى ئەوان ئەبم لە وەزارەتى رۆشنبیریی دەکەن، مەبەستم ئەوانەى کە ئەوپارانەیان بە فیڕۆداوە ، دەستیان خۆشبێت هەقى خۆیانە!! بەهەرحاڵ من پێم وانییە دەرهێنەرە راستەقینەو بەتواناکانى بوارى دراماى کوردى بێ کۆششبن و هەوڵەکانیان سارد بووبێتەوە ،بەڵام پێدەچێت پشتیوانى لەوان نەکرێت ، دەنا رێی تێدەچێت تۆ دەرهێنەرێکى وەک (ناسر حەسەن)ت هەبێت و پلەى (راوێژکارى وەزارەت)ى هەبێت کەچى لە ماوەى (10)ساڵدا واتا لەدواى شاکارەکەى (مەمى ئالان)ەوە پشتیوانى بەرهەمێکى لێنەکەیت؟!، هەڵبەتە کۆچى ناوادەى (حسێن میسرى) هونەرمەندیش کاریگەرى خۆى هەیە، هەروەها نەخۆشى دەرهێنەرى بەتواناى کورد مامۆستا (جەلیل زەنگەنە) کە تەنها بە زنجیرەى (گەردەلوول) سەلماندى کە کورد دراماى تەلەفزیۆنى هەیە، بێگومان تۆ پرسیارەکەت لەسەر دەرهێنەرەکان بوو بۆیە منیش لەو ناوبەندەدا باسى لێوەدەکەم . من بۆ خۆم لەم ساتەوەختەدا دووسیناریۆى تۆکمەم لەبەردەستدایە، بەڵام کێ خەمیەتى زەمینەى بەرهەمهێنانى بۆ بڕەخسێنێت ؟! بەتایبەتى کە بابەتەکانى باس لە پرسەکانى (خەڵک) دەکەن نەک سەروەریەکانى(حزبەکان)!
– ئێستاکە چەند کەناڵێکی هونەری هاتۆتە بوون، پێت وانیە ئەرکی ئەوانیشە بیر لەوە بکەنەوە هاوکاری و هاودەستی دەرهێنەرەکانی بواری دراما بکەن، بۆ بەرهەم هێنانی درامای کوردی..؟
ئەرسەلان دەروێش : “ئامانجى دامەزاندنى ئەوکەناڵانە بەناوی هونەرییەوە ئاقارێکى ترى هەیە، وەک دەردەکەوێت زیاتر بایەخ بەکلیپى (کچان) و بەرنامەى هەمەڕەنگ دەدەن، پێناچێت بایەخدان بە هونەریی کوردى و دراماى کوردى لە ئەجندایان بێت، بۆیە من بە ئەرکى ئەوانى نازانم پشتیوانى لەکارەکانى ئێمە بکەن، یان راشکاوانەتر بڵێم، ئەگەر داوایشم لێبکەن بەرهەمەکانم بۆسپۆنسەر بکەن خۆم رازینابم!! چونکە من چۆن گللەیم هەیە لەو کەناڵەى کە هەوڵدەدات بە هەر جۆرە درامایەک بێ، تەنانەت بەدراما دۆبلاژکراوە ناچیزەکانیش بێت ، کەلێنى دراماى کوردى پڕبکاتەوە ، بەهەمان شێوە رێگا بەخۆم نادەم رەنجى هونەرمەندى کورد تێکەڵ بەپرۆسەیەک بکەم کە بونیادى فەرهەنگى گەنجى کورد دەشێوێنێت و بەناسنامە نەتەوەیەکەى نامۆى دەکات، نەخێر ئەوە ئەوە ئەرکى ئەو کەناڵانە نییە کە بە(هونەریی) ناودەبرێن، ئەوە ئەرکى سەرۆکایەتى حکومەتى کوردستانە کە بۆ دامەزراندنى ژێرخانى کارى دراما و فیلمسازیی لەکوردستاندا پڕۆژەیەکى شایستە بێنێتە ئاراوە و بە میکانزمێکى سیستماتیک ،خۆى لەم بوارە گرنگە بکاتە خاوەن .
– بۆچی لە بەرهەمەکانی هونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش)ـدا چەند هونەرمەندێک بەردەوام دووبارە دەبنەوە لە بینینی رۆڵەکاندا..؟
ئەرسەلان دەروێش : “رەنگە مەبەستت ئەندامانى تیپەکەم بێت، ئەوانە مافى خۆیانە دووبارە ببەنەوە بەتایبەتى کە هونەرمەندى هەڵکەوتووتیان تێدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەر بەرهەمەو بە پێى سرۆشتى کارەکتەرەکانى ئەکتەرى بۆ دەستنیشان کراوە ،هەمیشە بەهاوبەشى هونەرمەندانى دەرەوەى (تیپى شانۆى سالار) کارم کردووە ،بۆ نموونە لە زنجیرەى (ئارەزوو)دا هونەرمەندان( تەها خەلیل و عومەر دڵپاک و زاهیر عەلى و سوهەیلە حەسەن وئیسماعیل قادر و ئاشنا رەووف ونەرمین کاوانى و ئەحمەد ئیبراهیم و سازگار تەها و…هەتد) بەشداریان کرد بوو، هەروەها لە دراماى ( خەرەند )دا هونەرمەندان (عومەر دڵپاک ،هەوار شەریف ، لەنجە محەمەد وعەتا حەمە ساڵح،ئاشنارەووف و…هەتد) لەگەڵ چەند ئەکتەرێکى تردا کەئەندامى تیپن و پێشتر لە ئارەزوودا نەبوون بەشدارییان کرد وەک هونەرمەندان (ئامانج ئیبراهیم ، کەمال عەلى ، چێنەر ئەحمەد سالار و…هەتد) واتا مەرجى دووبارە بوونەوە پەیوەستە بەو کارەکتەرانەى کە لەناو دراما نوێکەدا هەن، تاچ ئاستێک شیاون بۆ ئەو ئەکتەرانەى هەڵدەبژێردرێن ، بێگومان جێى شانازیشمە کە لەکەڵ زۆربەى هونەرمەندانى ناسراوو بەتواناى شارى سلێمانى وهەولێر کارم کردووە وزۆر جاریش بەشداریکردنیان دووبارە بۆتەوە لەکارەکانمدا.
– کۆمەڵێک ئەکتەری لاو، لە هەردوو رەگەزی کوڕ و کچ هاتونەتەوە پێشەوە و کار دەکەن، تا چەند پێت وایە ئەو ئەکتەرانە درێژە پێدەری کاروانی هونەرمەندانی سەرمی رابردوون..؟
ئەرسەلان دەروێش : “ئەگەرچى من لەگەڵ چەمکى (دابڕان)دا نیم و لایەنگرى درێژەپێدانم، بەڵام لەراستیدا هەر نەوەیەک کارەکتەر و تیفکرین وستایڵى دەربڕینى خۆى هەیە، هەر نەوەیەک سەردەمى خۆی هەیە! بێشک لاوانى ئەم وڵاتە چۆن سەردەمەکەیان جیاوازە هەر بەوجۆرەش بەهرەکانیان بە شێوازێکى جیاواز دەردەکەوێت.
– مامۆستای بە ئەزموونی بواری شانۆ و درامای کوردیی هونەرمەند (ئەحمەد سالار) زیاتر لەگەڵ تۆدا دەبیندرێت و لەهەموو کارە درامییەکانی تۆدا کاری نواندن ئەنجام دەدات ئەو هەمئاهەنگیە چۆنە..؟
ئەرسەلان دەروێش : “مامۆستا (ئەحمەد سالار)شانازییە بۆ هونەریی کوردى ، تواناکانى فرە لایەنن، ئەو ئەکتەر و نووسەر و دەرهێنەرە ،ماوەى (29) ساڵە ئاشناین بەیەک لەو رۆژەوە کە چوومەتە پەیمانگاى هونەرە جوانەکان ئەو مامۆستام بووە ، کاک (سالار)لە هەر کارێکدا بەشدار بێت دەوڵەمەند و جوان و بەهادارترى دەکات ، دیارە ئەویش بەلایەوە مەبەستە کە پێکەوە کاربکەین ، بەتایبەتى کە ئاراستەى بیرکردنەوە وروانینمان بۆ پرسە نەتەوەیەکان و رەوشە هونەریەکە چوون یەکە .
– ئێوە جگە لەکاری هونەریی دەرهێنانى کارى شانۆیی و دراما، چەند ئەرکێکى ترت لە ئەستۆ گرتووە، لەوانە سەرنووسەرى گۆڤارى (شانۆ _المسرح)یت کە ماوەى سێ ساڵە بەبەردەوامى لەگەڵ زنجیرەیەک بۆ کتێبى شانۆیی لە (تیپى شانۆى سالار)دەریدەکەن، هەروەها ماڵپەڕێکى شانۆیتان هەیە سەبارەت بە شانۆى کوردیی و جیهانی، کە بەزمانى کوردى وعەرەبی دەردەچێت، ئایا لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری یاخوود حکومەتی هەرێم پاڵپشتی و دەست خۆشیتان لێکراوە..؟
ئەرسەلان دەروێش : “لەلایەن رێزدار (نێچیرەڤان بارزانى)سەرۆکى حکومەتى هەرێمی کوردستان، چەند جارێک رێز لەو کارانەم گیراوە، بڕواناکەم وەزارەتى رۆشنبیرى ئاگاى لەو کۆششانەبێت !!، بەڵام وەک خۆتان دەزانن ئێمە کار لەپێناوى بەرەوپێشڤەچوونى وڵات بکەین، بەبێ ئەوەى چاومان لە پاداشت وشتى تر بێت، بەدەیان نووسەر و هونەرمەندى هەڵکەوتووى کورد بەناکامى ماڵئاواییان لێکردین کە لەچاو خەرمانى بەخششى ئەواندا رەنجى ئێمە لە خەروارێک دەچێت، ئومێدمە رۆژێک بێت بەرپرسانى ئێمە درک بەرۆڵى مێژوویی خۆیان بکەن لە بوارى بایەخدان بە فەرهەنگى گەلەکەمان و بەهەرەمەندانى کورد لەو بوارەدا، چونکە بەرزبوونەوەى ئاستى هونەرى هەر گەلێک بەڵگەى پێشکەوتنیەتى .
– دوایین کار و بەرهەم کە ئێستا لەبەر دەستت دابێت و کاری بۆ بکەیت چیە..؟
ئەرسەلان دەروێش : “لەبوارى شانۆدا ماوەى سێ هەفتەیە وەک (ئەکتەر)بەشداری دەکەم لەمەشقەکانى شانۆیی (بەدەم چاوەڕوانییەوە) لەنووسینى (سامۆیێل بیکێت) و دەرهێنانى هاوڕێى هونەرمەندم (بورهان قەرەداخى) ،هەروەها دوو تێکستى شانۆیی نوێم ئامادەکردووە ، کارى دەرهێنانى تێدا بکەم ، یەکەمیان بەناونیشانى ( بەرەو ئەستێرەیەکى ترە) کورداندنى هونەرمەند (یاسین قادر بەرزنجی)یە، دووەمیان شانۆیی (بێکەس)ە لەنووسینى مامۆستا (ئەحمەد سالار) ە ، هەروەها بڕیارە لە پێنج شارى وڵاتى سوێد شانۆیی (پاسەوان) لەسەرەتاى ساڵى داهاتوو پێشکەش بکەین ، ئەم نمایشە کە سەبارەت بە ئەنفالکردنى ئەو (18)کچە کوردەیە کە لەلایەن رژێمى سەدامەوە بەوڵاتیکى عەرەبى فرۆشران ، لەنووسینى هونەرمەندى دوورە وڵات (دڵشاد مستەفا)یەو نواندنى هونەرمەندى گەورە (ئەحمەد سالار)ە.لەبوارى درامادا ئێستا سەرقاڵى مۆنتاژکردنى زنجیرەیەکى نوێم کە بەناونیشانى (مناڵەکانمان)ە و لە (10)دە ئەڵقەى تەلەفزیۆنى پێک هاتووە ، لەنووسینى هونەرمەند (ئەنوەر قادر رەشید)ە و دەستەیەک لە هونەرمەندانى شارى سلێمانى بەشدارى تیادا دەکەن و بەرهەمێکى هاوبەشى تیپى شانۆى سالار و وەزارەتى پەروەردەیە ، هەڵبەتە سەرقاڵیشم بە ژمارەى نوێى گۆڤارى (شانۆ)کەژمارە (15)یە وستافێکى کارا لە نووسەران وشانۆکارانى کوردستان و عێراق تیایدا دەنووسن.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا