ماوەیەکە ھونەرمەندی بەناوبانگی گەلەکەمان حەمە جەزا چرکە ساتەکانی ژیانی لەناو ئازاری نەخۆشیدا دەباتە سەر، ئەو ھونەرمەندەی بە گەرووی پڕ لە ئاوازی ھونەرو ھەڵوێست و شۆرشگێڕی ئاوێتە کردبوو. ئەو رۆژانەی ئەژدیھای نسکۆ ھەڕەشەی ھەڵلووشینی خەون و ھیواو ئاواتەکانی لێدەکردین،
ئەو رۆژانەی تەمتومانی نامۆیی لە ناو ماڵی خۆماندا ئەشکی تەنایی و بێکەسی پێدەڕشتین، ئا لەو دەمانەدا بە دەنگی پڕ لە سۆزی بە رقی پیرۆز موژدەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ و ھەستانەوەو نەتوانەوەی خەباتی چەندین ساڵەی گەلەکەمانی بە گوێی دوژمناندا دەچریکاند. ئا لەو رۆژانەدا لەناو وەرزی خەزان و لێو بەباری ماتەپۆشی نیشتیمان، کە ھەڵۆ سوورەکانی شارو شاخی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان ترسی چنگ خوێناوییەکانی زیندانە تاریک و نوتەکەکانی رژێمی بەعسی لەناوچوو دەشکاند و لە ئاست کێوی ورەو باوەڕی پیرۆزو ورەی پۆڵایندا جەلادەکان شەرمەزار دەبوون، ئەو ساتانە تۆی ھونەرمەند پێشمەرگە بێ پەروا سروودی نەبەزین و خۆڕاگریی بۆ پێشمەرگە ئەفسانەییەکانی ناو زیندانەکان و ژووری سێدارەی دەچڕی. بەڵێ ئەو کاتانە کە عەشق لە گشت گۆشەو پەنایەکی ئەم نیشتمانەدا یاساغ بوو، تۆی ھونەرمەند بە عەشق سروودی ئازادیت بۆ خەون و ئاواتەکانمان دەچڕی، رۆژانێک کە کوچەو کۆڵانەکانی شار رەنگی مەرگی گرتبوو، رموزنەکان دوای ھەنگاوەکانمان دەکەوتن، تاوەکو خەون بە ئازادییەوە نەبینین، بەڵام ئەو رۆژانە تێپەڕین و ئەوەی مایەوە تەنھا عەشق بۆ نیشتیمان و ئازادیی گەرووی پڕ لە نەمریی تۆ بوو. هیوا دارین له خوای گه وره به به هه شتی گه وره ی شادبکه
کەریم سمکۆ