بە هۆی بارودۆخی ئابووری و سەختیی بژێوی ژیان، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بە تایبەتی لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە ڕووی لە عێراق و کوردستان کرد، ئەو ڕەوشە کاریگەرییەکی نەرێنی کردە سەر خەڵک. بەشێکی زۆری خەڵکی کورد ڕوویان لە هەندەران کرد و تاراوگەنیشن بوون. بە شێک لەوانەی کە وڵاتی خۆیان بە جێ هێشت و لە تاراوگە جێنیشن بوون، بریتی بوون لە چینی هونەرمەندان، ژمارەی ئەو هونەرمەندانەیش، کەم نەبوو.
دیارە ئەو ڕەوەندە هونەرمەندانەی هەندەران، بووە تابووتێکی پڕ لە غەریبی، ئەوان تەنیا لە پێکهاتەی گۆرانیبێژان نەبوون، بەڵکوو چەندین هونەرمەندی موزیکساز، و شانۆکاران و دەرهێنەر و بگرە نووسەر و ڕوناکبیریشی لە خۆ گرت. ئەوەی، مەبەستمە و دەمەوێ لەم نووسینەدا ئاماژەی بۆ بکەم، پرسیارێکە و دەمەوێ ئاڕاستەی لایەنی پێوەندیدار، یان حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بکەم، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بیرێک لەوە بکرێتەوە بانگهێشتی ئەو هونەرمەندانە بکرێنەوە بۆ کوردستان ؟
چیتر لەو دووروڵاتییە ژیان نەگوزەرێنن و ئەو دوورییە نەبێتە مایەی چەندین خەم و کێشە بۆ ئەوان، ئەمە سەرەڕای چەندین ئاریشە لەبەردەم پرۆژە هونەرییەکانیان. وابزانم هێنانەوەی ئەو پۆلە هونەرمەندە بۆ کوردستان، دەبێتە مایەی قازانج بۆ زۆر بوار، لەوانە:
یەکەم: ئەو هونەرکارانەی تاراوگە، هەریەکەیان ئەزموونێکی باشیان وەگرتووە و لە بوارەکانیاندا پڕزانیاری بوون و دەتوانن ببنە هەوێنی کاری زۆر باش، بۆ نموونە تا دوێنێ هونەرمەندانی ئێرە باسی ئەوەیان دەکرد ستۆدیۆیەکی باشی دەنگمان نییە بۆ ئەوەی کاری تۆمارکردنی دەنگی گۆرانییەکانمان ئەنجام بدات، ئەوەتا هونەرمەندێکی دەستڕەنگینی وەک (بژار دیلان) هاتووەتەوە کوردستان و شانبەشانی ئەو ستۆدیۆیانەی کە لە هەولێر هەن وەک (میلۆدی و سۆلۆ) چەند ستۆدیۆیەکی دیکەش لە شاری سلێمانی و دهۆک. توانیویانە هونەرمەندانی تاراوگەیش سوودمەند بکەن، ئەویش لە ڕێگەی ئەو هەموو کارە جوانەیە کە بۆ هونەرمەندانی گۆرانیبێژ ئەنجامی دەدەن.
دووەم: ئەو هونەرمەندە موزیکژەنانەی کە لە هەندەرانن، دەتوانن ببنە هەوێنی چەندین کاری جوان، وەک هەر یەک لە هونەرمەندان (دڵشاد مستەفا، فارووق باپیر، گۆران کامیل و دیدەن قادر توانا) و چەندانی دیکەیش، ئەوان دەتوانن ببنە هاوکاری ئەو پۆلە هونەرمەندە موزیکژەنە پەنجەزێڕینانەی کە لەکوردستانن و پێم وایە بوونی ئەو هونەرمەندانە و چەندانی دیکەی وەک ئەو هونەرمەندانەیش، وا دەکات چیتر هونەرمەندانی گۆرانیبێژی ئێرە، بۆ کاری ئامادەکاریی موزیکی گۆرانییەکانیان، بارگەیان بۆ تورکیا و میسر و وڵاتانی دەوروبەر نەپێچنەوە.
سێیەم: زۆر لەو هونەرمەندانە دەتوانن ببنە مایەی بەخشینی چەندین زانیاریی پێویست، ئەویش لە بوارەکانی موزیک، ستۆدیۆ و تەنانەت لە ڕووی کاری کلیپسازی و کاری مێدیایی سوودیان لێ ببینن، وەک (هەردی عومەر دلاوەر رەسوڵ حەریری) جێ پەنجیان هەبووە لە ئامادەکاری چەندیین پرۆگرامی هونەریی کلیپ کردنی گۆرانی هونەرمەندانی هونەرمەندان. هەروەها هونەرمەندێکی وەک (خالید ڕەشید) کە زیاتر لە (25) ساڵە ئەزموونی لە بواری موزیکی جیهانی هەیە پێم وایە تائێستا درکمان بەوە نەکردووە هونەرمەندێکی ئاوا شارەزا کە بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵی وڵاتاندا کردووە ، بۆیە ئەگەر کۆلێژی هونەرە جوانەکان و پەیمانگای هونەرە جوانەکان وەک من (خالید ڕەشید)ـی هونەرمەند بناسن، بە هەر شێوە و نرخێک بێت، بە دوایدا دەچن و دەیهێننەوە بۆ کوردستان بۆ ئەوەی وانەی موزیک بە شێوازێکی زانستی بە نەوە و قوتابیانی ئێستای پەیمانگا و کۆلێژ بڵێتەوە.
چوارەم : لە نێو ئەو پۆلە هونەرمەندەدا جگە لە گۆرانیبێژ، کەسانێکی شارەزاو هونەرڤان لە بواری شانۆ و درامادا توانیویانە ئەزموونێکی زۆر جوان کۆ بکەنەوە لە بوارەکەی خۆیاندا و دەتوانن لە ئەزموونی ئەوانیش سوودێکی گەورە دەست بخەن، نموونەیشمان هونەرمەند (سەعدوون یوونس)ـە، کە لە بواری دەرهێنانی درامیدا، بیرۆکەی زۆر جوانی هەیە.
پێنجەم: هێنانەوەی ئەو هونەرمەندانە. دەکرێ سوودێکی زۆریان لە بواری کاری مێدیادا لێ وەر بگرن، بە تایبەتی کاری tv و هەڵسوڕاندنی ئەو کارانە لە لایەن ئەوانەوە، کە دەبینین حاڵی تەلەڤزیۆنەکانمان بەرەو چ ئاقارێک ڕۆییشتووە و ڕۆژ بە ڕۆژ tv لە دایک دەبێت، بەڵام هەمووی یەک جۆر و یەک شێوازی کار پێڕەو دەکەن، هەر لە بەرنامەی منداڵانەوە بگرە تا دەگاتە هەواڵخوێندنەوە و پرۆگرامی هونەری و وەرزشی و ….هتد.
بۆیە من بە دڵنیایەوە دەیڵێم، ئەزموونی زۆرێک لەو هونەرمەندانە دەکرێ بۆ زۆر بوار سوودیان لێ وەر بگیرێت، چونکە شەوق و زەوقی هونەرمەند زۆر بوار لەخۆی دەگرێت و دەتوانن جێپەنجەیان لە زۆر بواردا دیار و کاریگەر بێت.
لە دوماهیدا دەڵێم، با چیتر ئێمە جەستەی ئەو هونەرمەندانەمان بە لاشەیەکی سارد و سڕەوە نەیەتەوە بەر دەستمان، هەروەک لە چەند ساڵی ڕابردوودا بینیمان چەند هونەرمەند بە نامورادی جەستەی پڕ لە غوربەتیان هاتەوە بۆ کوردستان، نموونەیشمان (مەرزییە فەریقی، سەمیرە عەبدۆک، ئەردەلان بەکر) و چەندانی دیکەیش.
بەهیوام حکوومەتی هەرێم چۆن لە هەموو بوارەکاندا پلانی زۆر جوانی جیددی بۆ بوارەکانی ژیانی تاکی کورد داڕشتووە، ئاوهایش و بە هەمان ڕێچکە کار بۆ هێنانەوەی ئەو پۆلە هونەرمەندەی کە خاوەنی جەماوەر و گوێگرێکی یەکجار زۆرن بکات، کە پێم وایە کەسێک نییە لەم وڵاتە حەز بە دەنگی هەریەک لە هونەرمەندانی بەئەزموون و توانازۆری وەک (عەدنان کەریم، بەهجەت یەحیا، نەریمان بابان، زیاد ئەسعەد، کەمال محەممەد) نەکات و ئارەزوو نەکات لە نێو ئامێزی خاکی خۆیان بیان بینن و ناوە ناوەیش بەکار و بەرهەمە جوانەکانیان و سازدانی کۆنسێرتیان، شاد نەبن.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا