ڕێنمایه‌کانی/ عه‌بدوڵا تۆفیق/ڕاهێنه‌ری ده‌روونی- سوید… مێژوو بۆمانی ده‌گێڕیته‌وه که 334 ساڵ پێش مه‌سیح، ئه‌لێکسانده‌ری گه‌وره خۆی و سه‌ربازه‌کانی ڕیزیان به‌ستبوو به‌ره‌و شاری (گۆردیۆن) که تورکیای ئێستا ده‌کات. له‌گه‌ڵ چونه‌ناوه‌وه‌ی ئه‌لێکسانده‌ردا بۆ گۆردیۆن هه‌واڵ و باسی تێمپلی زێویس و گالیسکه‌یه‌کی پیرۆز ده‌بیسترێ که هی (کوندمیداس)ه. ئه‌م هه‌واڵه‌ش حه‌ز و ئاره‌زوویه‌ك له دڵی ئه‌لێکسانده‌ردا دروست ده‌کات بۆ ئه‌و گالیسکه‌یه.هه‌واڵه‌که ده‌ڵێت که ئه‌و گالیسکه‌یه به شێوه‌یه‌کی زۆر تایبه‌ت گرێدراوه و که‌س بۆی ناکرێته‌وه.
شتێك به گوێی ئه‌لێکسانده‌ردا ده‌درێت وه‌ك چرکه‌یه‌ك که هه‌مو موی له‌شی به‌رزده‌کاته‌وه. پێیده‌ڵێن هه‌واڵ هه‌یه که هه‌رکه‌سێك ئه‌و گرێیه بکاته‌وه و ئه‌و گالیسکه‌یه ڕزگاربکات سه‌رکردایه‌تی سوپای ئاسیای ده‌درێتێ. کاتێك که ئه‌لێکسانده‌ری گه‌وره ده‌چێته ناو تیمپلی زیویسهوه، له گالیسکه‌که ورد ده‌بێته‌وه و ده‌چێته پێشهوهوهو که‌مێك ده‌وه‌ستێت و بیرده‌کاته‌وه. پاشان ده‌ست ده‌داته شمشێره درێژ‌و تیژه‌که‌ی، به‌رزی ده‌کاته‌وه‌و به‌توندی له گرێکه ده‌دات و ده‌یبڕێت. به‌م شێوه‌یه گالیسکه‌که ڕزگارده‌کات. چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌یه به شمشێره تیژه‌که‌ی ئه‌لێکسانده‌ری گه‌وره ده‌بێت نمونه‌یه‌کی باش بێت بۆ ئێمه، که بزانین هه‌ندێ جار کێشه‌کان پێویستیان به بڕیاری به‌هێزتر هه‌یه له‌وه‌ی که ئێمه له‌سه‌ری ڕاهاتوین. هه‌ندێ بڕیار هه‌یه که له‌وانه‌یه نه‌مانه‌وێت یان هه‌ر نه‌وێرین بیریشی لێبکه‌ینه‌وه به‌ڵام پێویستبێت.
ئایا تۆ کێشه‌یه‌کت هه‌یه که بۆت مه‌حاڵبێت، کێشه‌یه‌ك که هه‌روه‌ك خۆی مابێته‌وه ئه‌گه‌ر چی هه‌وڵی زۆریشت دابێت بۆ چاره‌سه‌ری. له‌وانه‌یه شمشێره‌که‌ی ئه‌لێکسانده‌ر ته‌نها ڕێگایه‌ك بێت. که تۆ شتێکی باش و بوێرانه بکه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگارت ببێ و ژیانێکی نوێ پاش ئه‌و بڕیاره‌ت ببینی. له‌وانه‌یه گۆڕینی ژیانت بێ، گۆڕینی کاره‌که‌ت بێ، وازهێنان له کارێك یان په‌یوه‌ندیه‌ك بێت که ناتبات به‌ره‌و هیچ ئاراسته‌یه‌کی باش و هه‌ر سه‌رئێشه‌ی بهدواوهبیت.
ئه‌وه‌ی ماوه بیڵێم: بوێربه له بڕیاردانداو شێوازێکی نوێ تاقی بکه‌ره‌وه. تۆ ئه‌هێنیت که باشتر بژیت!
سه‌رکه‌وتوبن………..