مه‌نسوور جیهانی ـ هه‌ڵبژێردراوانی بەشە جیاوازەکانی رکابه‌ری “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی” نۆهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” ناسێندران.
رێوڕه‌سمی کۆتایی نۆهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” بە یادی “یۆڵماز گۆنای” دەرهێنەری بەناوبانگی براوه‌ی خەڵاتی چڵه خورمای زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە فەرەنسا (١٩٨٢) و بە ئامادەبوونی دکتۆر “عەلی تەتەر” پارێزگاری دهۆک، دکتۆر “سالار عوسمان” بریکاری وەزیری ڕۆشنبیری (فەرهەنگ و هونەر)ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، “ئەمیرعەلی محەمەد تاهیر” سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک”، ” شەوکەت ئەمین کۆرکی” بەڕێوەبەری هونەریی ئەم فێستیڤاڵە، ئەندامانی دەستەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” و به‌شی رکابه‌ری “سینەمای کوردی” و هه‌روه‌ها سینەماکارانی ئامادەبووی ئەم بۆنە رووداوه سینه‌ماییه و هۆگران و ئارەزوومهندانی هونەری سینەما، لە رۆژی ١٧ی مانگی سه‌رماوه‌ز رێکه‌وتی (٨ی دێسامبه‌ر/ کانوونی یه‌کەمی ٢٠٢٢) لە هۆڵی “کۆنگرە”ی زانکۆی دھۆک لە شاری دھۆک لە هه‌رێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەچوو، که براوەکانی بەشە جیاوازەکان ڕاگەیەندرا و ته‌ندیسی زێڕینی “گەڵای مێو” و ته‌ندیسی زیویی “گەڵا مێو”ی فێستیڤاڵەکە، بڕوانامەی ڕێزلێنان و خەڵاتی نەغدینه به‌وان بەخشرا.
لە لایه‌ن ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانانی بەشی رکابه‌ری “سینەمای جیهان”ی ئەم فێستیڤاڵە، ته‌ندیس، له‌وحه‌ی رێزلێنان و خەڵاتی ١٠ هەزار دۆلاریی “یۆڵماز گۆنه‌ی” به باشترین فیلمی درێژی سینه‌مایی، خەڵاتی 5 هەزار دۆلاری بۆ باشترین دەرهێنانی فیلمی درێژی سینه‌مایی، خەڵاتی 5 هەزار دۆلاری بۆ باشترین کورتە فیلمی نێوده‌وڵه‌تی، خەڵاتی 5 هەزار دۆلاری بۆ به‌هره‌ی نوێ، خەڵاتی 1500 دۆلاریی تایبه‌تی ئەندامانی دەستەی دادوەران بۆ باشترین کورته فیلم و خەڵاتی 5 هەزار دۆلاریی ئه‌نیستیتۆی “گۆته”ی ئه‌ڵمانی بۆ باشترین به‌ڵگه‌فیلمی نێوده‌وڵه‌تی پێشکه‌ش کرا.
بەشی کێبڕکێی “سینەمای جیهان”:
ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانانی بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان”ی نۆهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” که بریتی بوون لە؛ “سۆلین یووسف” Soleen Yusef دەرهێنەری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا ـ سه‌رۆکی دەستەی دادوەران، “شەهرام عەلیدی” بەرهەمهێنەر، سیناریۆنووس و دەرهێنەری کوردی ئێرانی دانیشتووی وڵاتی فەرەنسا، پرۆفیسۆر “ماگنوس بارتاس” Magnus Bärtås توێژەر و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی سوید، “ئیلاهه نه‌وبەخت”، بەرهەمهێنەر و بڵاوکه‌ره‌وه‌ی فیلمی سینه‌مایی لە وڵاتی ئێران و دکتۆر “مەهدی ئومێد” Mahdi Omed سیناریۆنووس و دەرهێنەری کوردی دانیشتووی وڵاتی سوید، ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه راگه‌یاند:
ـ خەڵاتی “یۆڵماز گونەی” Yılmaz Güney به فیلمی سینه‌مایی “کلۆندیکه” KLONDIKE لە دەرهێنانی “مارینا ئەر گۆرباخ” Maryna Er Gorbach بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئۆکراین و تورکیا بەخشرا.
ـ خەڵاتی تایبەتی دەستەی ناوبژیوانانی به فیلمی سینه‌مایی “تا سبەی” UNTIL TOMORROW لە دەرهێنانی “عەلی عەسگەری” بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئێران و فەرەنسا پێشکه‌ش کرا.
ـ “عەدنان باراکە” Adnane Baraka بۆ ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی “چه‌ند پارچەیه‌ک له به‌هه‌شته‌وه” FRAGMENTS FROM HEAVEN به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی فەرەنسا و مەغریب، خەڵاتی باشترین بەهرەمەندی فێستیڤاڵەکەی وەرگرت.
بەشی کێبڕکێی “سینەمای کوردی”:
“ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانانی بەشی کێبڕکێی “سینەمای کوردی” ئەم خوله‌ی فێستیڤاڵ، که بریتی بوون لە؛ “مارکۆس تێلێچیا” Marcos Tellechea بەرهەمهێنەر لە وڵاتی بەڕازیل ـ سه‌رۆکی لیژنه‌ی دادوەران، “بورهان ئۆزکان” Burhan Özkan بەرهەمهێنەر لە وڵاتی تورکیا، “موریێل ئەبولرووسیس” Muriel Aboulroussis به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتنی فیلم لە وڵاتی لوبنان، “هوشیار زیرۆ نێروه‌یی” Hishyar Zero Ahmad ئەکتەر و دەرهێنەر لە هەرێمی کوردستان و دکتۆر “که‌وسەر عەلی جەباره” Kawthar M. Ali Jabara مامۆستای زانستگا و ڕەخنەگر لە وڵاتی عێراق، ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه راگه‌یاند:
ـ “حوسێن حەسەن” بۆ دەرهێنانی فیلمی سینه‌مایی “بووکی باران” The Rain Bride بەرهەمی هاوبەشی ئەڵمانیا و هه‌رێمی کوردستان، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری فێستیڤاڵەکەی وەرگرت.
ـ خەڵاتی باشترین سیناریۆی فیلمی ئەم بەشە به “مانۆ خەلیل” Mano Khalil بۆ نووسینی ده‌قی سیناریۆی فیلمی سینه‌مایی “دراوسێکان” NEIGHBOURS لە وڵاتی سویسڕا پێشکه‌ش کرا.
ـ “به‌نگین عەلی” و “حوسێن حەسەن” بۆ ده‌ورگێڕان لە فیلمی سینه‌مایی “بووکی باران” The Rain Bride له هه‌رێمی کوردستان، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی ئەم فێستیڤاڵەیان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر کرد.
ـ “شیلان دوزدبان” Şilan Düzdaban بۆ ده‌ورگێڕان لە فیلمی سینه‌مایی “بووکی باران” The Rain Bride له تورکیا، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی ئەم فێستیڤاڵەی بەدەستهێنا.
ـ خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەران به “سێمین یەڵدز” Semin Yildiz بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینه‌مایی “بووکی باران” لە تورکیا پێشکه‌ش کرا.
ـ خەڵاتی پارێگاریی دهۆک به فیلمی سینه‌مایی “بووکی باران” The Rain Bride لە دەرهێنانی “حوسێن حەسەن” له هه‌رێمی کوردستان، پێشکه‌ش کرا.
ـ خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەران به ئەکتەری مێرمنداڵ “سەرحەد خەلیل” بۆ ده‌ورگێڕان لە فیلمی سینه‌مایی “دراوسێکان” NEIGHBOURS لە هه‌رێمی کوردستان، پێشکه‌ش کرا.
بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلم”:
ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانانی بەشی رکابه‌ریی “کورتە فیلم”ـه‌کانی نۆهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” که بریتی بوون لە؛ “جێنیفەر مالمکوئیست” Jennifer Malmquist سیناریۆنووس و دەرهێنەر لە وڵاتی سوید ـ سەرۆکی دەستەی دادوەران، “ئەبووزهر ئەمینی” Aboozar Amini دەرهێنەری ئەفغانستانی نیشتەجێی وڵاتی هۆڵەندا و “محەمەد شێخۆ” Mohammad Shaikhow له هەرێمی کوردستان، ده‌نگه‌کانی خۆیان بۆ براوه‌کان به‌م شێوه‌یه پێشکه‌ش کرد:
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی نێودەوڵەتی به کورتە فیلمی “دابڕان کۆتایی دێت” SPLIT
ENDS لە دەرهێنانی “عەلیڕەزا کازمیپوور” بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئێران و کەنەدا به‌خشرا.
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی کوردی به کورتە فیلمی “دوورخستنه‌وه” THE BANISHMENT لە دەرهێنانی “یڵماز ئۆزدیل” Yılmaz Özdil لە تورکیا پێشکه‌ش کرا.
ـ خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەران به کورتە فیلمی “پێشەکی لاشەیەک” PRELUDE OF A CORPSE لە دەرهێنانی “ئارین ئانان ئەرسلان” Arin Inan Arslan لە تورکیا بەخشرا.
ـ خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەران به “سارینا تەرهقی” لە ئێران، بۆ ده‌ورگێڕان لە کورته فیلمی “زکماک” CONGENITAL لە دەرهێنانی “سامان حوسێن‌پوور” و “ئاکۆ زەندکریمی” پێشکه‌ش کرا.
بەشی کێبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمی دۆکیۆمێنتاری”:
ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانانی بەشی رکابه‌ری “به‌ڵگه‌فیلم”ی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” که بریتی بوون لە: “پاکستۆن وینتەرز” Paxton Winters دەرهێنەر لە وڵاتی ئەمریکا ـ سەرۆکی لیژنەی دادوەران، “ئانائیس بۆیلیکه” Anaïs Boelicke دەرهێنەری فیلم و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نیستیتۆی “گۆته” لە وڵاتی عێراق که خەڵکی وڵاتی ئەڵمانیایە و “ڕێبەر دۆسکی” Reber Dosky دەرهێنەری کوردی دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندا، ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه راگه‌یاند:
ـ به‌ڵگه‌فیلمی درێژی “زمانی دایکی” MOTHER TONGUE لە دەرهێنانی “سهرکیۆ مسگه‌ری” لە ئێران خەڵاتی باشترین فیلمی به‌ڵگه‌یی دیکۆمێنتاریی کوردی بەدەستهێنا.
ـ به‌ڵگه‌فیلمی دیکۆمێنتاریی “گەشتێکی پێداچوونه‌وه” A MARBLE TRAVELOGUE لە دەرهێنانی “شۆن وانگ” Sean Wang به‌رهه‌می هاوبەشی وڵاتانی هۆڵەندا، هۆنگ کۆنگ، فەرەنسا و یۆنان خەڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلمی دیکۆمێنتاریی نێودەوڵەتی وەرگرت.
ـ خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەران بۆ باشترین به‌ڵگه‌فیلمی دیکۆمێنتاریی کوردی به فیلمی به‌ڵگه‌یی “بۆ دادپه‌روه‌ری” (حه‌سکیف) FOR JUSTICE لە دەرهێنانی “ئەلیف یه‌گیت” Elif Yiğit لە تورکیا پێشکه‌ش کرا.
خەڵاتی فیپرێشی:
ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕەخنەگرانی فیلمی “فیپرێشی” FIPRESCI که بریتی بوون لە؛ دکتۆر “سێباستیان سێن” Sebahettin Sen توێژەر و مامۆستای زانکۆ ـ سەرۆکی دەستەی دادوەران لە تورکیا، “جولیا دۆبرێ” Guilia Dobre مرۆڤناسی وێنه‌یی بینراو و ڕەخنەگر له وڵاتی ڕۆمانیا و “ڤاسیلیس کێچاگیاس” Vassilis Kechagias ڕەخنەگر لە وڵاتی یۆنان، ئەم خەڵاتەیان به فیلمی سینه‌مایی “پیره‌بووک” PIREBOK لە دەرهێنانی “لوتف‌و ئیرده‌م” Lütfü Irdem لە تورکیا پێشکه‌ش کرد.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” بە سەرۆکایەتی “ئەمیرعەلی محەمەدتاهیر” و به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونەریی “شەوکەت ئەمین کۆرکی” به یادی “یۆڵماز گۆنای” Yılmaz Güney سینه‌ماکاری کورد و دەرهێنەری براوه‌ی چڵه خورمای زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فه‌ره‌نسا (1982) و بە ئامانجی دروستکردنی پردی په‌یوه‌ندی لە نێوان دەرهێنەرانی کورد و ده‌رهێنه‌رانی سه‌رتاسه‌ری جیهان و دروستکردنی ئاڵوگۆڕی کولتووری لە نێوان گەلان و میله‌ته‌کانی جیهاندا دامەزراوە.
نۆهه‌مین خولی ئەم رووداوه سینه‌ماییه به بابه‌ت و تەوەری “کۆچ کردن” و به نمایش کردنی ٩٧ بەرهەم، لە ده‌رهێنه‌رانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان؛ له چوارچێوه و شێوەکانی فیلمی درێژی سینه‌مایی، کورتە فیلم و به‌ڵگه‌فیلم لە بەشەکانی رکابه‌ری و ده‌ره‌وه‌ی رکابه‌ری لەوانە؛ بەشی کێبڕکێی “سینەمای جیهان” پێکهاتوو لە؛ 9 فیلمی درێژی سینه‌مایی، 8 فیلمی به‌ڵگه‌یی دیکۆمێنتاری و 11 کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی” پێکهاتوو لە؛ 5 فیلمی درێژی سینه‌مایی، 6 به‌ڵگه‌فیلمی دیکۆمێنتاری و 15 کورتە فیلم، بەشی “ڕوانگەی سینەمای جیهان” پێکهاتوو لە؛ 6 فیلمی درێژی سینه‌مایی، 4 به‌ڵگه‌فیلم و 3 کورتە فیلم، بەشی “پانۆڕامای سینەمای کوردستان” بریتی له 19 کورتە فیلم، بەشی “نمایش‌کردنی تایبەتی سینەمای سوید” بریتی له 9 فیلمی درێژ و هه‌روه‌ها له به‌شی “نمایش کردنی تایبەتی سینەما” 1 فیلمی درێژ و 1 به‌ڵگه‌فیلمی دۆکیۆمێنتاری لە رۆژانی 10 تا 17ی مانگی سه‌رماوه‌ز رێکه‌وتی ١ تا ٨ی دێسامبه‌ر/ کانوونی یه‌که‌می ٢٠٢٢ لە شاری دهۆک لە هه‌رێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی زیاتر:
https://www.facebook.com/duhokiff/
Discussion about this post