كارۆخ مەلائەسعەد: (هایدە سیروان) كە ئامادەكاری و پەیامنێریی بۆ چەند بەرنامەیەكی هونەری كردووە، لە كەناڵی (كەی ئێن ئێن) ئاماژە دەدات، ئەگەر بۆی بڕەخسێت دەیەوێت ببێت بە گۆرانیبێژ. هایدە دەڵێت: ئەگەر ژیانی هاوبەشی پێك هێنا، چاوی لە زێڕ و خانو و ئۆتۆمۆبێل نییە.
(هایدە سیروان) خەڵكی شاری سلێمانییە و لەدایكبووی ئەو شارەیشە. سەرەتا لە بارەی دەستبەكاربوون و بوون بە كارمەند لە كەناڵی (كەی ئێن ئێن)ـەوە گوتی: “چوونم بۆ ئەو كەناڵە خواستی خۆم بووە و حەزم لە كاری راگەیاندن بوو.
پاشان لە ڕێی چەند كەسێكی بەڕێزەوە دەستبەكاربووم. سەرتایش وەكو پەیامنێری هونەری كارم كرد. پاشان ئەمادەكاریم بۆ چەند بەرنامەیەكی هونەری دەكرد.”
گوتیشی: “ئێستا خەریكی دروستكردنی بیرۆكەی بەرنامەیەكم، كە تا ئێستا لە هیچ شاشەیەكی كوردی هاوشێوەی ئەو بەرنامەیە نەبووە، بۆیە هیوام وایە تێیدا سەركەوتوو بم، بەڵام دڵنیایش نیم ئەو بارنامەیە لە كام كەناڵەوە پێشكەش دەكەم.”
ئەو پێی وایە خوێندن و بڕوانامەی بواری راگەیاندن مەرجی سەركەوتن نییە بۆ ئەوانەی كاری راگەیاندن دەكەن، بەڵكو عەشق و حەز لە لایەك و لە لایەكیشەوە خۆپێگەیاندن و رۆشنبیریی كەسەكە دەوری سەرەكیی هەیە.
دەڵێت: “جوانیی بۆ ئافرەتانی ڕاگەیاندنكار نابێتە خاڵێكی گرنگ، چونكە جوانی لە حاڵەتی ئیشكردندا ناتوانێت سەرت بخات، بەڵكو بوێری و شەخسیەت و لێهاتوویی و تواناكانت سەركەتووت دەكات.”
ئەو خانمە تاكو ئێستا زەماوەندی نەكردووە، بۆیە لێمان پرسی، مەرجت چییە بۆ ئەو كەسەی دێتە داوات؟ گوتی: “بەر لە هەموو شتێك وەك هەندێك لە كچەكان بیر لە خانوو و سەیارە و زێڕ ناكەمەوە و ماڵی دنیا بە لامەوە گرنگ نییە، چونكە پێویستیم بە ژیانێكی سادە و پڕ خۆشەویستییە نەوەكو سامان.
هاوكات حەزیشم لە زەماوەند (ژیانی هاوبەشی) ئەو سەردەمە نییە، بەڵكو ئاشقی شێوازەی ژیانی تەمەنێك پێش خۆمم.”
خۆی پێ خانمێكی دەست ڕەنگینە و شارەزاییشی لە سەرجەم خواردنەكاندا هەیە، تەنیا نازانێت سەر و پێ دروست بكات.