“پێش- مەرگ”ە:
لە مێژەوە وا ڕاهێنراوین کە پێشمەرگە قارەمانترین خەڵکێن، گیانفیدا و ڕۆح لەسەر دەست، چاونەترس و بەجەرگ، هەڵمەتبەر و پارێزەری خاکی کوردستان و خۆبەخش و خۆنەویست.
کاتێک داعش دزەئەکا و ئەگاتە ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگە و چەندین کوڕی گەنج و نەدار و گیرفان بەتاڵی کورد شەهید ئەکەن لەبەرامبەرا بەپرسان وەک پیشەی هەمیشەییان بۆ خۆدزینەوە و سود وەرگرتن لەو ڕەوشە نەخوازراوەی کە هەیە هۆکاری شەهید بوونی پێشەمەرگە ئەبەستنەوە بە نەبوونی دووربینی شەوان و چەکی پێشکەوتوو…. هتد کە لەڕاستییا ئەمانە لایەنی کەمی ڕاستییەکانن.
هۆکاری ڕاستەقینەی شەهید بوونی پێشمەرگە بەدەستی داعش بەپلەی یەک باوەڕنەبوون و ڕژد بوونە بە کارەکەیان، بەواتای ئەوەی پێشمەرگایەتی لە گینافیداییەوە گۆڕاوە بۆ هەلی کار واتە هەلی کار بەرامبەر ژیان.
ئەوەی ئێستا پێی ئەوترێ پێشمەرگە لەڕاستیا کۆمەڵێ گەنج و پیاوی گەلەکەمانن کە وەک فەرمانبەرێکی حکومەت لەبەر نەبوونی هەلی کار و گیرفان بەتاڵی لەپێناو بەدەستهێنانی مووچەیەکی مانگانەیا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی و بژێوی ژیان بەناچاری ئەبن بەچەکدار، بەلام چەکداری دوو حیزب نەک دەوڵەت.
ئاخر پێشمەرگەی ساڵانی پێش ڕاپەڕین نە دووربینی شەوانی هەبوو، نە درع و گولەنەبڕ، نە هەمەر، نە درۆن، کەچی بە سێ پێشمەرگە لیوایەکی ڕژێمیان شپرزە ئەکرد، تەنها هۆکاریش باوڕن بوون و ڕژد بوون بوو بەوەی کە ئەیکەن و لەپێناویا تێئەکۆشن.
بەڵام پێشمەرگەی ئێستا تەنها بیری لای ئەوەیە بیگەیەنێتە سەری مانگ تا مووچەکەی وەرگرێ و لە بۆڵەی کرێی خاوەن ماڵ ڕزگاری بێت و بتوانی لایەنی کەمی پێداویستی بۆ خێزانەکەی دابین بکات.
ئەمە کەمکردنەوە نیە لەو ڕۆڵە گرنگ و یەکلاکەرەوەیەی پێشمەرگە ئەیگێڕێ، بەڵکو ڕاستییەکە ئەگەر تاڵیشبێ هەر ئەبێ بە شیرینی قووتبدرێ تا بگاتە چارەسەر.
هیچ جیاوازییەک لە ئازایەتی و نەبەردی پێشمەرگەی کۆن و نوێیا نیە بەڵکو ئەوەی هەیە جیاوزییە لەو بیرەباوەڕی پێشمەرگەی کۆن و نوێیا.
لەکۆنا پێشمەرگە بۆ ڕزگارکردنی خاک تێئەکۆشا تا بتوانێ پشووی تیاوەرگرێ، خاک ڕزگاربوو بەڵام ژیانی پێشمەرگە نەک هەر وەک خۆی مایەوە بەڵکو بەشێکیان ناچاربوون خاک جێبهێڵن.
لە کۆنا پێشمەرگە بۆ ئازادی ڕادەربڕین ئەجەنگا، کوردستان ئازادکرا کەچی زمانی هەر کەسێک بڕا کە دژی دەسەڵاتدار و دزە سیاسیەکان شتێکی ووت، بەتۆپزی پێشمەرگەش بێدەنگکرا.
لە کۆنا پێشمەرگە بۆ سەربەستی و خۆسەری بەڕێوەبردن گیانی خۆی فیدائەکرد، خۆسەری بەڕێوەبردن بەدەستهێنرا، کەچی سەربەستی زەوترکرا، پێشمەرگە بەکۆیلەی حیزبکرا.
کەواتە ئەوە پارتی و یەکێتین ئەیکەن تەنها بەکوشتدانی گەنج و جوانی وڵاتە، چونکە ئەگەر لە سی ساڵی حکومەتداریانا بیانتوانیایە هەلی کار دروست بکەن، ئەوان گەنجەکان ناچار نەئەبوون ببن بەچەکداری جووت حیزب لەژێر ناوی پێشمەرگەیا، بەڵکو ئەگەر خەڵکی گیرفانی پڕبووایە ئەوا فەرمانبەر، دەستگێڕ ،کرێکا، جوتیار….هتد هەر کەسەو کاری خۆی لەبواری پسپۆڕی خۆیا ئەکرد، گەلی کوردیش گەلێکی قارەمانە ئەوکات خەڵکی لە هەموو تەمەنێکا گیانیفیدای خاک ئەبوون و وەک پێشمەرگەی سەردەمی پێش ڕاپەڕین بەژمارەیەکی کەم سنورەکانیان ئەپاراست.
پێشمەرگە لەبەرچی خۆی بەکوشتبات و چۆن گیانفیدابێ کاتێک ئەبینێ دەسەڵاتداران بوون بە فیرعەون و مناڵەکانیشیان بوون بە سەرۆکی پێشوەخت و شاهانە ژیان بەڕێئەکەن، پێشمەرگە لەباشترین کاتەکانیا تەنها مووچەکەی وەرەگرێ بەرامبەر ژیان بەخشین بەڵام بەپرسەکان لەژێر سایەی گیانفیدای ئەوانا بوون بە ملیاردێر و بازرگانی چەک، دەرمان، نەوت، هێلکە، دووگ، جگەرە…..هتد
خەڵکێکی زۆر بەناچاری بوون بە پێشمەرگە کە ڕقیان لەشەڕو تفەنگو گولە ئەبێتەوە، ئەگەر حکومەتێکی کارزان هەبێ و هەلی کار بڕەخسێنێ، ئەوکاتە هەر کەسەو ئەوە ئەکا کە دڵخوازی خۆیەتی و چەندین گەنج و بەتەمەنیش وەکو جاران ئەبنەوە پێشمەرگەی وڵاتپارێژ نەک بەکرێگیراو کۆیلەی حیزب.
حوکمداری:
بەرپرسەکان ئەڵێن دیموکراسی دیسپلینی خۆی هەیە بەرەڵایی نیە، بەڵام ڕستەکە تەواوناکەن و ناڵێم ئاخر حوکمڕانیش دیسلپینی خۆی هەیە لەبەڕێوەبردن و دابینکردنی ئازادی، هەر کاتێ ئەو دیسپلینە لای حکومەت و دەسەڵاتدارەوە جێبەجێ نەکرا ئەوا ڕاستەوخۆ دیسپلینی دیموکراسی تێکئەچێ و خەڵکی بەناچاری و بەشیوازی جۆراوجۆر ئەگەڕێن بەدوای ئازادی و مافی دەربڕینا.
حوکمداری تاوان بەخشینەوە نیە و بەسیخوڕ کردنی ڕەخنەگران و چالاکوانان نیە، هەروەکچۆن هەڵبەستن و لەکەیارکردنی ئەخلاقی خەڵکانێک نیە کە تەنها پرسیار بکەن و بڵێن (من این لک هذا)؟
حوکمداری دروستکردنی هێزی چەکداری بێشومارنیە لەژێ ناوی جیاوازا، دابەشکردنی مووچەش نیە، هەروەکچۆن داگیرکردن و دروستکردنی چەندین باڵەخانەش نیە، پێشوازی کردن و خوانیش نیە.
حوکمدار نابێ ببێ بە موزەخەو پەمپی نەوت، تەنها کاری ڕاکێشانی سامانی ژێرزەوی بێت، دزی کردنیش نیە لە نەوەکانی داهاتوو بۆ پڕکردنی گیرفانی خێڵ و بنەماڵە و خێزان و تاکە کەس و مناڵی مناڵەکانیان.
حوکمداری دابینکردنی خزمەتگوازی، هەلی کار، خوێندن و بیمەی کۆمەڵایەتیە. دروستکردنی موئەسەسات و ژێرخانی ئابوری و پرۆژەی ستراتیژی و پاراستنی ژینگە و سامانی ژێر زەوی وڵاتە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
کاتێک حکومەتێک تەنها کارەکەی ئەوەبێ کە وەک قاسەیەک پارەی تێبچێ و دابەشی بکاتەوە، دروستکردنی ژێرخان و پرۆژەی هەر شارێک لەسەر بودجەی ناوخۆی خۆیبێت، ئەوا ئەو حکومەتە خودی خۆی بێکارە و ئەبێ بەدوای هەلی کارا بگەڕێت بۆ خودی خۆی یان خۆی ناونوسبکات لە فەرمانگەی دەستبەتاڵ و بێکاران.
سامانی وەستا بەکر ١٥-١٢-٢٠٢١ سوید ستۆکهۆڵم