م. عه‌ونی خۆشناو
کوردستان به قۆناغێکی هه‌ستیار و دژوار تێپه‌ڕده‌بێت، ئه‌م قۆناغه به‌ره‌و قۆناغی گوزه‌ری بونیادنانی ئه‌زموونی دیموکراسی هه‌نگاو ده‌نێت، له ماوه‌ی ڕابردوودا هیچ نه‌ته‌وه‌و نیشتمانێک به ئه‌ندازه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد،
دووچاری کاره‌سات نه‌هاتووه، به‌ڵام دوای هه‌ڵکردنی ڕه‌شه‌بای ڕووخاندنی پایه‌کانی دیکتاتۆریه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، بۆ یه‌که‌مین جاره وێڕای نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانی و کاوڵکاری و ڕه‌شه‌کوژی و ئاواره‌یی، ئه‌و هه‌ژانه هاوئاهه‌نگه له‌گه‌ل ستراتیژی رزگاری نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراسی کورد، بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و باره ناهه‌مواره‌ی به‌سه‌ر براکانمان له ڕۆژئاوای کوردستان هاتووه، پێویستی به هاوکاری و کۆمه‌ککردنی به‌رده‌وام هه‌یه، چونکه ئاواره‌یی قه‌یرانێکی گه‌وره‌و ئازارێکی به سوێ و دژواره بۆ گه‌لێکی سته‌مدیده‌ی وه‌ک کورد، هه‌رچه‌نده ئاواره‌یی بۆته پێکهاته‌ی ژیان و گوزه‌رانمان، بۆیه ئێمه زیاتر له گه‌لانی جیهان هه‌ست به‌و ژانه دژواره ده‌که‌ین،چونکه به‌شی زۆری ژیانمان ناخۆشی و چه‌رمه‌سه‌ری و نه‌هامه‌تی و ئاواره‌یی بووه .. له‌و سۆنگه‌یه‌وه وه‌ک هاونیشتمانیه‌ک و هه‌ست و سۆزێکی کوردانه خواست و پێداویستی و داواکاریه‌کانیان جێبه‌جێ بکه‌ین، ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و مرۆڤدۆستی و ئایین و باوه‌ڕداری خۆمان بخه‌ینه‌گه‌ڕ، ده‌ستی کۆمه‌ک و هاوکاری بۆ ئه‌و هاونیشتمانه خانهخۆیانه درێژ بکه‌ین، له پێناوی دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆیان، تاکو به هه‌وڵ و کۆششی هه‌موو لایه‌کمان قه‌یڕانه‌کان بکه‌ینه سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاره‌کی کورستان، ئه‌و براو میوانه زێده ئازیزانه به سه‌ربه‌رزی و شکۆمه‌ندی بگه‌ڕێنه‌وه سه‌رماڵ و حاڵ و ژیان و گوزه‌رانی خۆیان ..
ئایین قورخکراوه بۆ پیاوانی ئایینی، پیاوانی ئاینیش قورخیانکردووه بۆ خۆیان، ده‌یانه‌وێت به‌و فۆرمه‌ی که له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندایه به‌کاری بهێنن، نه‌وه‌ک له به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤایه‌تی، ڕیگا به هیچ که‌سێک نه‌دراوه شرۆڤه‌کاری ئایین بکات، یاخود دیوه جوانه‌که‌ی ئایین له خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی به‌کاربهێنن، هه‌رچه‌نده ئایین کایه یه‌کی گرنگ و موڵکی هه‌موو مرۆڤایه‌تییه، خوای دڵۆڤان سه‌یرو ته‌ماشای دیکۆڕ و شیوه‌و ماڵ و سامان ناکات، به‌ڵکو ته‌ماشای دڵ و ده‌روون و کرده‌وه‌کان ده‌کات، من له ڕوانگه‌ی تێڕوانین و تێگه‌یشتنی خۆم ڕاڤه‌ی ئایین ده‌که‌م، هه‌ر باوه‌ڕێک له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا له کاتێکی دیاریکراودا سه‌ریهه‌ڵدابێت، ئه‌وه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواستێکی دیارکراو بووه‌و ئه‌رکێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌عریفی پێ سپێردراوه، هه‌ر بۆیه له خزمه‌ت و پێشکه‌وتنی مرۆڤایه‌تی بووه، چونکه سروشتی مرۆڤ وایه لایه‌نێكێ ڕوحی هه‌یه، ئه‌و مرۆڤانه‌ی ئه‌و لایه‌نه ڕوحیه‌یان به‌رجه‌سته‌و زیندووه، بۆ ئاسووده‌یی ناخیان خاوه‌نی هه‌ست و نه‌ست و ویژدانن .. کۆمه‌ڵی کورده‌واری مۆرکێکی ئاینی وه‌رگرتووه، ئایین به شێوه‌یه‌کی تۆکمه ڕه‌گی له ناخی کۆمه‌ڵگای کوردی داکوتاوه، که وه‌ک هێزێکی باڵا ده‌ست به‌سه‌ر ژیانی سیاسی و ئابووریدا زاڵبووه، سه‌رجه‌م ئایین و باوه‌ڕه‌کان هه‌وڵ و کۆششیان له پێناوی په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردن و خۆشگوزه‌رانی مرۆڤایه‌تی و دادگه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی بووه. له ڕه‌هه‌ندی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی کورد کۆمه‌ڵگایه‌کی موسلمانین، ئه‌رکمانه له ڕوانگه‌ی پرنسیپی ئیسلامی هاوکاری و پشتیوانی برا کورده‌کانی ڕۆژئاوای کوردستان بکه‌ین له ڕووی بژێوی ژیان و گوزه‌رانی ڕۆژانه‌یاندا، بۆیه به پێویستی ده‌زانم پێشنیاز بۆ خوشک و برا موسلمانه کورده‌کان بکه‌م، ئه‌وانه‌ی به‌نیازن ئه‌م ساڵ سه‌ردانی ماڵی خواوه‌ند بکه‌ن، فه‌ریزه‌ی حه‌ج که یه‌کێکه له بنه‌ما و پایه‌کانی ئیسلام به‌جێبگه‌یێنن، ئه‌وه پاره‌ی تێچووی ئه‌و سه‌ردانه پیرۆزه بۆ کوردانی ڕۆژئاوا ته‌رخان بکه‌ن و ئه‌رک و فه‌رمانه‌کان له ماڵی خۆیان له کوردستان جێبه‌جێ بکه‌ن و له جیاتی به‌رد بارانکردنی شه‌یتان، شه‌یتانانی به‌ره‌ی نوسره و دوژمنانی کورد و کوردستان به‌رد باران بکه‌ن، به‌و هه‌ڵوسته جوامێرانه‌ش په‌یامیک ده‌ده‌نه جیهانی ئیسلامی، که چیتر به ناوی پێرۆزی ئیسلام، کورد کۆمه‌لکوژ نه‌که‌ن!! چونکه که‌سانی بڕوادار وه‌ک به‌هارێکی هه‌میشه سه‌وز وان، بارانی ڕه‌حمه‌تیان له‌هه‌ر شوێنێک ببارێت سوودبه‌خش ده‌بێت، بۆیه پێویسته خوشک و برا موسلمان و بڕوادار و ئیمانداره‌کانی کورد، هه‌میشه که‌سێکی سوودبه‌خش و بارانی میهره‌بانی و برایه‌تی و ته‌بایی و پێکه‌وه ژیان به‌سه‌ر کورد‌و کوردستان ببارێنن، تاکو کوردستان به‌ره‌و که‌ناری ئارامی و ئۆقره‌ی به‌رن و بیکه‌نه سه‌کۆیه‌کی ئازاد بۆ ته‌واوی مرۆڤایه‌تی ..
م. عه‌ونی خۆشناو
هۆڵه‌ندا / لاهای